Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:56

رۆماننووس (بووبێ ئه‌سه‌ر) ڕۆمانێک له‌باره‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌کان بڵاوکرده‌وه‌

له‌ سوید چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌
bobbe asar w roman
کوردستان TV
100%

 

بووبێ ئه‌سه‌ر رۆماننووسی كوردی باكووری كوردستان، ڕۆمانێكی به‌ناوی "بارزان ده‌گری" له‌باره‌ی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان نووسیوه‌ و له‌ سوید چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوته‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ كورده‌ ڕۆمانه‌كه‌ مێژووی پڕ له‌ كاره‌ساتی بارزانانییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ و نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ش له‌ سمینارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ڕۆمانه‌كه‌ی و هۆكاری نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌ی له‌ كتێبخانه‌ی كوردی شاریی ستۆكهۆڵمی سوید ڕۆمانه‌كه‌ی به‌ خوێنه‌ران ناساند.

بووبێ ئه‌سه‌ر، نووسه‌ری ڕۆمانی "بارزان ده‌گری" بۆ (كوردستان 24) ڕای گه‌یاند: "كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره‌ به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ و 182 هه‌زار مرۆڤی كورد له‌ باشووری كوردستان ئه‌نفال كراون و له‌ ناوچه‌ی (بارزان)یش كه‌ لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كوردایه‌تییه‌، توانیم له‌ نزیكه‌وه‌ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی بارزانی ببینم و رۆمانه‌كه‌م نووسی".

 ئه‌و ڕۆماننووسه‌ كورده‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌ك جینۆساید بناسێنین ده‌بێت كاری بۆ بكه‌ین.

ڕوونی كرده‌وه‌ ئامانجی منیش له‌ نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ له‌ زه‌ینی مرۆڤی كورد و له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ردا به‌ زیندوویی بهێڵینه‌وه‌.

شایانی باسه‌ بووبێ ئه‌‌سه‌ر، نووسه‌ری كوردی باكووری كوردستان ساڵی 1955 له‌ گوندی "خۆزبه‌ریا"ی سه‌ر به‌ دێرك له‌ پارێزگای ماردین له‌دایك بووه‌. قۆناغه‌كانی خوێندنی له‌ ماردین هه‌تا ساڵی 1973 خوێندووه‌ و له‌ ساڵی 1971ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ چالاكیی سیاسی و نووسین كردووه‌ و له‌ 1975 بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندنی ئه‌كادیمی له‌ بواری ئابووری و بازرگانی ڕووی كرده‌ ئه‌نقه‌ره‌.

ساڵی 1980 له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ له‌ دیاربه‌ركر ده‌ستگیر كراوه‌ و بۆ ماوه‌ی 72 رۆژ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووه‌ و پاشان بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ زیندانی كراوه‌.

له‌ ساڵی 1983یه‌وه‌ له‌ سوید ده‌ژی و هه‌تا ئێستا له‌باره‌ی پرسی كورد له‌ بواری ئه‌ده‌بیدا چه‌ند كتێبی نووسیوه‌ كه‌ بریتین له‌ "بووی به‌ پیاو، دیرۆكا ڕووڕه‌ش و گاردیه‌ن" كه‌ ڕۆمانی گاردیه‌ن یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كتێبه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌باره‌ی دۆخی گرتنگه‌ و زیندانه‌كانی توركیایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شه‌هاب خالیدی ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ گۆڕدراوه‌ بۆ سۆرانی.

سه‌رچاوه‌/ كوردستان 24

كوردستان تیڤی / كامه‌ران حاجی

 

 

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.