Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 07:18

ته‌رمى 24 شه‌هیدى عه‌فرین به‌ خاک سپێردران

رۆژ دواى رۆژ ره‌وشى مرۆیى عه‌فرین و ده‌وروبه‌رى خراپتر ده‌بێت
کوردستان TV
100%

به‌رپرسانى كانتۆنى عه‌فرین به‌ ئاماده‌بوونى سه‌دان هاووڵاتى شارى عه‌فرین له‌ مه‌راسیمێكدا ته‌رمى 24 شه‌هیدى شاره‌كه‌یان به‌ خاكسپارد، كه‌ به‌ هۆى بۆمبابارانه‌كانى سوپا و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیاوه‌ گیانیان له‌ده‌ستدابوو.

له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ نوێترین پێشهاتدا، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگه‌یاند، به‌ هۆى هێرشه‌كانى سوپاى توركیاوه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین سه‌دان هاووڵاتى مه‌ده‌نى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ئاژانسى هه‌واڵده‌رى ئینته‌رفاكسى رووسى له‌ زارى زاخارۆڤاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌، توركیا سه‌دان هاووڵاتى مه‌ده‌نى عه‌فرینى كردووه‌ته‌ قوربانى.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دوێنێ سه‌رۆكى رێكخراوى مانگى سوورى كوردى له‌ عه‌فرین،  نورى قه‌نبه‌ر رایگه‌یاند، رۆژ له‌ دواى رۆژ ره‌وشى مرۆیى شارى عه‌فرین و ده‌وروبه‌رى خراپتر ده‌بێت.

گوتیشى: "به‌ هۆى بۆمبابارانى فڕۆكه‌كانى توركیاوه‌ جوڵه‌ى نێوان ناوچه‌كانى جندرێس، راجۆ، بولبول و سه‌رجه‌م گونده‌ سنوورییه‌كان په‌كى كه‌وتووه‌".

سه‌رۆكى رێكخراوى مانگى سوورى كوردى له‌ لێدوانێكدا بۆ سكاى نیوزى عه‌ره‌بى گوتیشى: "هه‌زاران هاووڵاتى نیشته‌جێى عه‌فرین و ده‌وروبه‌رى ماوه‌ى 10 رۆژه‌ له‌ ژێر زه‌مین و ئه‌شكه‌وت و ناوچه‌ ناشیاوه‌كان بۆ نیشته‌جێبوون ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و له‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ژیان بێبه‌شن".

هه‌روه‌ها گوتى: "دابینكردنى خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ و له‌م رۆژانه‌ كارێكى زۆر مه‌ترسیدار و پڕ سه‌ركێشییه‌".

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ى 9 رۆژى هێرشى توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، 55 هاووڵاتى مه‌ده‌نى گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌و ژماره‌یه‌، 15یان منداڵ بوونه‌. هه‌روه‌ها 142 هاووڵاتى دیكه‌ كه‌ زۆربه‌یان منداڵ و ژن و هاووڵاتى به‌ساڵاچوو بریندار بوون، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ شه‌ڕ و كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه‌.
 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.