Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 19:24

سەرۆک بارزانی: پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن

سەرۆک بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی قوتابیان و لاوان كرد
کوردستان TV
#6
100%


سەرۆك بارزانی لە بروسکەیەکی پیرۆزباییدا بە بۆنەی یادی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی كوردستان رایگەیاند، پێویستە قوتابیان و لاوان لە جاران زیاتر شوێنكەوتووی بەها بەرزەكانی خەبات و كوردایەتی بن و لە هەڕەشە و تەحەدییاتەكان نائومێد نەبن. گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیكتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و هزری توندڕۆییشیان تێكشكاندووە. هەروەها بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان كردووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بە ئیرادەیەكی بەهێز و پۆڵایین بەردەوام بوونە.


دەقی بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی كوردستان:

بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بە بۆنەی یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی کوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و ھەموو قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان لە ھەموو قۆناغێکی خەباتی گەلەکەماندا ئەرک و جێدەستیان دیار بووە، شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و چاونەترسی بوونە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە، ئێستاش کە گەلەکەمان لە قۆناغی بەرخودان و چەسپاندنی مافەکان و تێپەڕاندنی کۆسپ و تەحەدیاتەکاندایە، ئەرکی قوتابی و لاوان لە ھەموو کاتێک ھەستیارتر و قورسترە.

پێویستە قوتابیان و لاوان، لە جاران زیاتر شوێنکەوتووی بەھا بەرزەکانی خەبات و کوردایەتی بن و لە ھەڕەشە و تەحەدییاتەکان نائومێد نەبن، گەلەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆڕاگرانە قوربانیان داوە، لەبەرانبەر دیکتاتۆریدا وەستاونەتەوە و تیرۆر و ھزری توندڕۆییشیان تێکشکاندووە، ھەروەھا بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە و لە ھەموو قۆناغەکاندا بە ئیرادەیەکی بەھێز و پۆڵایین بەردەوام بوونە.

ئەمە کارنامەی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی گەلی کوردستانە لە خەباتی ڕەوای خۆیدا کە پێویستە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست بە ئیرادەیەکی بەرز درێژەپێدەری بن و دەوڵەمەندی بکەن.

جارێکی تر پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەتان لێ دەکەم و ھیوای خۆشی و سەرفیرازیتان بۆ دەخوازم.

مەسعود بارزانی
17/2/2018

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.