یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) گیان لەدەستدانی سێ شەڕڤانی خۆی لە شەڕەکانی دژی سوپای تورکیا و رێکخراوی تیرۆریستی داعش، راگەیاند.
یەپەگە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوەو تێیدا رایگهیاندووە، کە هێرشێکیان کردووەتە بۆ سەر بنکەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون لە ناوچەی قەرەخان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و رۆژئاوای کوردستان لەسەر خاکی تورکیا.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، هەروەک یەپەگە رایگەیاندووە، حەوت سەربازی تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
یەپەگە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش لکردووە، کە ئەو هێرشە لە تۆڵەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوییە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە گوندی ئەرنەدا لە گوندەوارەکانی عەفرین، کە بەهۆیەوە شەش هاووڵاتی بە چەکی کیمیاوی شەهیدبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا، یەپەگە داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل لە تورکیا کردووە، خۆیان لە بارەگاکانی سوپای تورکیا بپارێزن و نزیکیان نەکەونەوە.
هەروەها یەپەگە لە راگەیەندراوێکی دیکەدا، کە رۆژی یەکشەممە 18/2/2018، بڵاوی کردووەتەوە، گیان لەدەست دانی سێ شەڕڤانی ئەورووپی لە شەڕی دژی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سووریا، راگەیاندووە.
ناوی شەڕڤانەکان، ناوی وڵاتەکانیان و شوێنی گیان لەدەستدانیان:
- باران گالیسیا (ساموێل پرادا لیۆن).
خەڵکی فەرەنسایە، لە رۆژی 10/2/2018 لە گوندی جوندرێس لە گوندەوارەکانی عەفرین لە شەڕی دژی سوپای تورکیا، گیانی لەدەست داوە.
- کەنداڵ بریز (ئۆلیڤەر فرانچیز ژیان لۆ کلینچە).
خەڵکی ئیسپانیایە، لە رۆژی 10/2/2018 لە گوندی جوندرێس لە گوندەوارەکانی عەفرین لە شەڕی دژی سوپای تورکیا، گیانی لەدەست داوە.
- باران ساسۆن (شیۆرد هییگەر).
خەڵکی هۆڵەندایە، لە رۆژی 12/2/2018 لە پارێزگای دێرەزوور لە شەڕی دژی میلیشیاکانی سەر بە رژێمی ئێران، گیانی لەدەست داوە.
دوای هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەیان گەنجی ئەورووپی و ئەمریکی خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و لە دژی تیرۆریستانی داعش، بوونە شەڕڤانی یەپەگەی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.