Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 01:52

ئه‌مریکا هۆشدارى دایه‌ عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ نیازن سیستمى به‌رگرى رووسیا بکڕن

ئه‌مریكا: عێراق ئێس 400 بكڕێت رووبه‌ڕووى سزا ده‌بێته‌وه‌
کوردستان TV
100%


ئه‌مریكا هۆشدارى دایه‌ عێراق و ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ نیازن، سیستمى به‌رگرى رووسیای ناسراو به‌ ئێس 400 بكڕن. هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شى كرد، به‌ یاساى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌یارانى ئه‌مریكا"(CAATSA) رووبه‌ڕووى سزایان ده‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی رووسیا توده‌ی، له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكدا له‌ باره‌ى ئه‌گه‌رى كڕینى سیستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400ى رووسى له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌، هێزه‌ر نوێرت، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، گوتى: "ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ زۆر له‌ وڵاتان قسه‌ى كردووه‌. له‌وانه‌ش عێراق. ناوه‌ڕۆكى ئه‌و یاسایه‌ى ئه‌مریكاى بۆ روونكردوونه‌ته‌وه‌. كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه‌ بكڕن ئه‌مریكا چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و چ لێكه‌وته‌یه‌كى ده‌بێت".

نوێرت گوتیشى: "زانیاریم له‌به‌ر ده‌ست نییه‌، ئایا عێراق و رووسیا له‌ باره‌ى ئه‌و سیستمه‌ مووشه‌كییه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، یان نا".

پێشتر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌رگرى و ئاسایش له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئیتحادى په‌رله‌مانى رووسیا، ڤیكتۆر بۆنداریڤ، رایگه‌یاندبوو، هه‌ریه‌ك له‌ سووریا، عێراق، سودان و میسر، پاڵێوراون بۆ پێدانى سیستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400".

باڵیۆزى رووسیاش له‌ به‌غدا، ماكسیم ماكسیمۆڤ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، لایه‌نى عێراقى له‌ سه‌روبه‌ندى داواكردنى بۆندى كڕینى چه‌كى رووسین، كه‌ سیستمى به‌رگرى مووشه‌كى ئێس 400یش ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌رۆكى ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ 2ى ئاب/ ئۆگستى رابردوودا، یاساى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌یارانى ئه‌مریكا له‌ رێى سزاكانه‌وه‌"ى په‌سند كرد، بۆ دژایه‌تیكردنى رووسیا، ئێران و كۆریاى باكوور.

له‌ پایزى 2017دا، ئیداره‌ى ئه‌مریكا لیستێك ناوى ئه‌و كه‌س و كۆمپانیایانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ كه‌رتى به‌رگرى و هه‌واڵگرى رووسیدا كارده‌كه‌ن و رایگه‌یاند، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، رووبه‌ڕووى سزاكانى ئه‌مریكا ده‌بێته‌وه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، رۆژى 29ى كانوونى دووه‌م/ یه‌نایه‌رى رابردوو، بڵاویكرده‌وه‌، به‌ هۆى ئه‌و یاسایه‌ى ئه‌مریكاوه‌، پیشه‌سازى سه‌ربازى رووسیا به‌ به‌هاى سێ ملیار دۆلار زیانى به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام ڤیكتۆر بۆنداریڤ، ئه‌و ژماره‌یه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ و گوتى: "ئه‌وه‌ له‌ هیچه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، سێرگى لاڤرۆڤ، له‌ باره‌ى ئه‌و یاسایه‌وه‌ رایگه‌یاند، ئه‌و یاسایه‌ى ئه‌مریكا "كێبڕكێیه‌كى پاك نییه‌". ئامانجى دوورخستنه‌وه‌ى چه‌كى رووسیا له‌ بازاره‌كان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.