بە گوێرەی خشتەیەكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بەم شێوەیە ژمارەی كورسییەكانی پارێزگاكانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە، كە بریتین لە: هەولێر 16 كورسی، ئەنبار 15، بەسرە 25، سلێمانی 18، قادسییە 11، موسەنا 7، نەجەف 12، بابل 17، بەغداد 71، دهۆك 12، دیالە 14، زیقار 19، سەڵاحەدین 12، كەربەلا 11، كەركووك 13، میسان 10، نەینەوا 34، واست 11 كورسی و كەمینەكانیش 8 كورسی پەرلەمانیان بەر دەكەوێت.
ئەوەش زانراوە كە ڕێژەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، بە گوێرەی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایانە دابەش دەكرێت.
بەپێی ئەو خشتەیە بێت گۆڕانكاری لە ژمارەی كورسییەكانی چەند پارێزگایەك كراوە.
پێشتر، ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕاگەیاندبوو، 88 قەوارە و هاوپەیمانیی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تۆمار کردووە. هەروەها، 6904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کاندید کردووە، لە کاتێکدا پەرلەمان 328 کورسیی هەیە و تەنیا 328 کەسیش لەو کاندیدانە، مافی چوونە پەرلەمانیان هەیە.
بڕیارە رۆژی 12ی ئایاری 2018، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.