Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 00:40

هێرشی سەر عەفرین ژیانی خەڵکی سیڤیلی خستووەتە بەر مەترسی

ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
#12
100%


ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ دەڵێت هێرشی سەر عەفرین ژیانی خەڵکی سیڤیلی خستووەتە بەر مەترسیـیەوە، بۆیە داوا لە ئەمەریکا و ڕووسیا و وڵاتانی دیکە دەکات فشاربخەنە سەر لایەنەکانی ئەو شەڕ تاوەکو چیتر خەڵکی سیڤیل نەبنە قوربانی.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی هەریەک لە لەشکری تورکیا و هێزە کوردیـیەکان کوێرانە یەکێکیان تۆپـبارانی عەفرین دەکات و ئەوی دیکەیان تۆپـبارانی عزاز دەکات، بەڵام هێزە کوردیـیەکان بە ئەندازەیەکی کەمتر ئەو تۆپـبارانانە دەکەن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت چاوپـێکەوتنی لەگەڵ 15 کەس کردووە کە لە ناوچەکانی سەر بە عەفرین و عزاز دەژین. ئەمانە گوتویانە بۆردومانی کوێرانە کراون. پاشان بە ڕێگەی بینی ڤیدیۆ، ئیدیعای زۆربەیان ڕاست دەرچووە.

لین مەعلوف بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە گوتویەتی " شەڕی عەفرینی نێوان هێزەکانی تورکیا و هێزە کوردیـیەکانی ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات، ڕەنگە هەتا ئێستا بووبێتە هۆی گیان لەدەسـتدانی زۆرێک لە کەسانی سیڤیل، وە ژیانی سەدان کەسی دیکەی سیڤیل دەخاتە بەر مەترسیـیەوە."

پاشان ڕێکخراوەکە بەسەرهاتی چەند کەسێکی عەفرین و عزازی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە ژنێک بە ناوی زێنە کە دانیشتووی جەندێرسی عەفرینە. گوتویەتی " سەرەتا دڵمان خۆشبوو کاتێک بەیاننامەی حکومەتی تورکیامان لەسەر تەلەفیزیۆن گوێ لێبوو گوایە ناوچەکانی خەڵکی سیڤیل ناکەنە ئامانج، بەڵام دەرچوو ئەوە هەمووی درۆبوو، لە ژیانمدا بۆردومانی وەهام نەدیوە، بۆمبەکان وەکو باران دەبارین."

بەپـێی مانگی سووری کوردی لە عەفرین هێرشەکانی تورکیا هەتا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 93 کەسی سیڤیل و برینداربوونی 313 کەسی دیکە لە نێویاندا 51 منداڵ. بەڵام بەپـێی سەرچاوەکان لە ناوچەی عزازی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیا و ئۆپـۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنکەرە، لەوێ 4 کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 9 ساڵ بووە.

سه‌رچاوه‌: ده‌نگی ئه‌مریكا

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.