Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:28

له‌ دانیمارک سارا عومه‌ر خه‌ڵاتی "بوێرترین نووسه‌ری ساڵی 2018" وه‌رگرت

لەڕێگای ڕۆمانی مردوشۆریشەوە ئەو بوێرییەی نیشانداوە
xalatkrdne siri
کوردستان TV
100%

لە وڵاتی دانیمارک لەژێر ناونیشانی "بوێرترین ئافره‌تی نووسەری ساڵی ٢٠١٨"دا خەڵاتی "ڤیکتۆر پرایزی ٢٠١٨"  2018 Victor Prize  بە خاتوون سارا عومەر بەخشرا .
رۆژ نامه‌ نووس پاوڵ مادسن، Poul Madsen،کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی "ئێکسترا بلادت" Ekstra Bladet ی دانیمارکییە، ده‌ڵێت: لە ئەمڕۆی دانیمارکدا بوێریەکی زۆری دەوێت مرۆڤ بتوانێت ئازادانە ڕاکانی دەرببڕێت، سارا عومەر خاوەنی ئەو بوێرییە و لەڕێگای ڕۆمانی مردوشۆریشەوە ئەو بوێرییەی نیشانداوە.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئەمڕۆ سارا عومەر بووە بە دەنگی کچ و ژنە بێدەنگكراوه‌كان، بووە بە پێشڕەوی یاخیبوون دژ بە  کەلتورێکی کۆنەپارێز و پیاوسالار، کە تیایدا پیاوان بە بوونەوەرێکی باشتر و بەرزتر دادەنرێن لە ئافره‌تان و – ئافره‌تان خۆشیان وەک شتێکی  بێنرخ دەبینرێن و مامەڵەدەکرێن، سارا عومەر پێداگری کردوە لەسەر باسکردنی ئەو بەدکاریی و دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر ئافره‌تان به‌ گشتی و ئافره‌تی کۆچبەران به‌ تایبه‌تی و پەردەیان لەسەر ھەڵدەماڵێت، لەم پێناوەشدا سارا عومەر ئامادەیە ژیانی خۆی  ببەخشێت. ئەم کارەی سارا عومەر شایستەی بینین و دانپیانانە. ھەر ئەمەش ھۆکاری ئەوەیە، کە خەڵاتی ڤیکتۆر پرایزی ساڵی ٢٠١٨ بە سارا عومەر ببەخشرێت.

شایانی باسه‌ ئەم خەڵاتە لە لایەن ڕۆژنامەی ”ئێکسترا بلادت“ی دانیمارکییەوە دەبەخشرێت بەو کەسانەی کە ناترسن و بوێرانە بەرگری لە مەسەلەیه‌کی ڕەوا دەکەن، بەتایبەتی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ. ڕۆژنامەی ئێکسترا بلادت لە ساڵی ١٩٧٩وە دامەزراوە و گرنگییەکی گەورە ئەدات بە مەسەلەی ئازادییەکانی مرۆڤ بە گشتی و ئازادی ڕادەربڕین بەتایبەتی. ئەوانەی ئەم خەڵاتەیان پێدەبەخشرێت پێویستە ڕۆژنامەنووس، یان نووسەر، فۆتۆگرافەر یان دیزاینەر بێت، کارەکانیشیان بچێتە بواری نووسینی ڕەخنەییەوە.

خەڵاتەکە بە ناوی سەرنووسەری کۆچکرد و بەناوبانگی وڵاتی دانیمارک ڤیکتۆر ئەندریاسنە Victor Andreasen. ئەم پیاوە سەرنووسەری ڕۆژنامەی  ”ئێکسترا بلادت“ بووە.  لەناو ئەوانەدا، کە پێشتر ئەم خەڵاتەیان وەرگرتوە ڕۆژنامەی چارلس ئەبدۆی فەرەنسییە، Charlie Hebdo. 
ئەم ڕۆژنامەیە بەشێوەیەکی ڕەخنەیی و ئازایانە لە سەر ئاینەکانی دەنووسی، لەناویشیاندا ئیسلام، چەند ساڵێیش لەمەوبەر کەوتە بەر ھێرشی تێرۆریستە ئیسلامیەکانەوە. ھەروەھا ئەم خەڵاتە ساڵی ڕابردوو بەخشرا بە سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی نەرویجی کە دژ بە فەیسبوک یاخیبوو، کاتێک فەیسبوک بڕیاریدا سانسۆر بخاتە سەر ھەموو وێنەیەکی ڕووت، لەناویشیاندا وێنەی کچە منداڵێكی ڤێتنامی بوو، کە بەڕووتی و لە ترسی بۆمبارانکردنی سوپای ئەمرکیی لە ڤێتنام له‌ بۆمبێكی ناپاڵم ڕادەکات. ئەم وێنەیە یەکێکە لە وێنە ھەرە گرنگەکانی سەدەی بیستەم و بەشێکە لە کردەی دژەجەنگ و نیشاندانی ناشیرینیەکانی جەنگ.

سەرنووسەری ئێستای ڕۆژنامەی "ئێکسترا بلادت"  له‌ باره‌ی سارا دەنووسێت: سارا عومەر لەڕێگای ڕۆمانی ”مردوشۆ“رەوە وەک ڕووناكییه‌كی دره‌وشاوه‌ له‌ناو تاریكییه‌كی چه‌وسێنه‌ره‌وه‌‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌. زۆرکەس ئەم ڕۆمانەیان وەک گرنگترین کتێبی ساڵی ٢٠١٧ ناوبردوە و ڕۆشنبیران و ئه‌ده‌بدۆستان و ئه‌ده‌بناسانیش ده‌ڵێن ئه‌م ڕۆمانه‌ شاكاره‌. به‌ده‌ر له‌مه‌ش سارا عومه‌ر جۆرێكه‌ له‌ ماندێلا و غاندی و مه‌لاله‌. وه‌ك په‌یامنێرێكی خوداوه‌ندنی نێردراوه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ هۆشمان بێته‌وه‌ به‌ر خۆمان.

 سارا عومەر دڵ خۆشی دەربارەی خه‌ڵاته‌كه‌ی نیشاندا گووتی: ئەمە شەرەفێکی گەورەیە کە ئەم خەڵاتە بە من دەبەخشرێت، "ڕێزگرتن و خەڵاتکردنی بوێریم" شتێکە من بە درێژایی ژیانم لەبیری ناکەم. ئەم خەڵاتە تەنھا بۆ من نییە، بەڵکو بۆ ھەموو ئەو خوشک و دایکە بێدەنگکراو و چەوسێنراو و ئازایانەیە، کە بواریان نەبوو بێنەدەنگ و بەرگریی لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن. من گومانم لەوە نییە، کە ئەوان ڕۆژێک لە ڕۆژان بێدەنگیی دەشکێنن و داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. ھەروەھا باوەڕم بە تواناکانی ئەوانیش ھەیە، باوەڕم بە ھێزە ناوەکییەکانیان ھەیە، چونکە ئەزانم ئەوان پاڵەوانە ڕاستەقینەکانن.
سه‌رچاوه‌/ ئاوێنه‌
كوردستان نیڤی/كامران حاجی
 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.