Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 12:44

عه‌بادى: هیچ کەسێک مافی نییە بودجەی گشتیی وڵات دوای پەسەندکردنی رابگرێت

عەبادی و چه‌ند په‌رله‌مانتارێك وەڵامى توندی فوئاد مەعسوم ده‌ده‌نه‌وه‌
کوردستان TV
100%

ئیبتیسام هیلالی، ژنە پەرلەمانتاری عێراق له‌سه‌ر لیستى ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا وه‌لامى سه‌رۆك كۆمار ده‌داته‌وه‌و لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەگەر فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجە رەت بکاتەوە یان واژۆی بکات، هیچ گرنگییەکی نییە، چونکە ”ئەو ناتوانێ یاسایەکی پەسەندکراو لە پەرلەمان رەت بکاتەوە“.

ئیبتیسام هیلالی هەروەها رایگەیاندووە، فوئاد مەعسوم دەتوانێت لە دادگای فیدڕالی تانە لە یاساکە بدات، ئەگەر پەسەندی بکات یان رەتی بکاتەوە، دوای 15 رۆژ لە پەسەندکردنی یاساکە، راستەوخۆ و بەشێوەیەکی خۆکار (ئۆتۆماتیکی) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناڕاستەوخۆ وەڵامێکی توندی فوئاد مەعسومی داوه‌ته‌وه‌و رایگەیاندووه‌، ”هیچ کەسێک مافی نییە بودجەی گشتیی وڵات دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، رابگرێت“.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، چاوەڕێ دەکەن وێنەیەکی واژۆکراوی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018 بنێردرێتە ئەنجومەنی وەزیران.

دوێنێ سێشەممە 13/3/2018، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کە فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2018 رەت کردووەتەوە و گەڕاندوویەتییەوە پەرلەمان.

هەر لە رۆژی سێشەممەدا، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، رەتکردنەوەی یاسای بودجە لەلایەن فوئاد مەعسومەوە بەھۆی رەتکردنەوەی یاساکەیە لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە.

شەوی شەممە 10/3/2018، فوئاد مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)دا رایگەیاند، تەنیا لێکۆڵینەوە لە کێشە تەکنیکییەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکات و کاری بەسەر کەمکردنەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستانەوە نییە.

رۆژی 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکھاتەی سوننەمەزھەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.