Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 14:24

شه‌ش له‌ ترسناکترین سه‌رکرده‌کانی داعش له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانی عێراقدا ماون

ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق لیستێكی نوێی سه‌ركرده‌كانی داعشیان بڵاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

تا ئێستا شه‌ش له‌ ترسناكترین سه‌ركرده‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقدا خۆیان حه‌شارداوه‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراقیش به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێن.

به‌ پێی راپۆرتێكی پێگه‌ی ئه‌خبار ئه‌لئان، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق لیستێكی نوێی سه‌ركرده‌كانی داعشییان بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراقدا خۆیان حه‌شارداوه‌.

به‌پێی لیسته‌كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی داعش له‌پێشتر پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبارو موسڵ تاوانیان ئه‌نجام داوه‌.

ناوی داواكراوانی نێو لیسته‌كه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌..

یه‌كه‌م: سه‌دام حمود، ئه‌میری ویلایه‌تی باشووری موسڵ و شه‌رگات بووه‌و به‌رپرسیارییه‌تی دارایشی له‌ نێو ریزه‌كانی داعشدا هه‌بووه‌ و هاوكاربووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.

دووه‌م: مه‌حمود ئیبراهیم، به‌رپرس بووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی تیرۆركردنی ئه‌فسه‌رانی پۆلیس و سه‌ربازی، هاوكات پاڵپشتی كه‌تیبه‌كانی داعش كردووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان.

سێیه‌م: شامل عه‌تییه‌، به‌رپرس بووه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی سه‌ركرده‌كانی داعش له‌ پارێزگای ئه‌نبار، له‌ هه‌مانكاتیشدا سه‌ركردایه‌تی گرووپێكی كردووه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی رۆكێت و مادده‌ی ته‌قینه‌وه‌ بۆ پارێزگای ئه‌نبار.

چواره‌م: سه‌بری محه‌مه‌د، جێگری به‌رپرسی سه‌ربازی بووه‌ له‌ گوندی زاویه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گه‌یاره‌ له‌ باشووری موسڵ، هه‌روه‌ها جێگری به‌رپرسی نه‌وتی داعش بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

پێنجه‌م: فه‌واز موتڵه‌گ ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی داعش بووه‌ له‌ عێراق و ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی له‌ بواره‌ سه‌ربازییه‌كان راوێژی پێكردووه‌، به‌ر له‌وه‌ی بچێته‌ بواری سه‌ربازی، به‌رپرسی دارایی بووه‌ له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات له‌ رۆژئاوای عێراق.

شه‌شه‌م: عه‌بدوڵڵا موسا، والی داعش بووه‌ له‌ ناوچه‌كانی باكوورو پاشان به‌رپرسیارییه‌تی ئیداره‌دانی رۆژئاوای موسڵی پێ سپێردراوه‌.

ئاماده‌كردنی: رزگار

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.