سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاند، تەوەرێکی کۆبوونەوەکانی لووتکەی یەکێتی ئەوروپا قسەکردن دەبێت دەربارەی رەوشی سووریا، لەوانەش بارودۆخی هەرێمی عەفرین.
ئیمانوێل ماکرۆن لە برۆکسل و لە وەڵامی پرسیارێكى كهنالى رووداودا رایگەیاند، پێش ئەم لووتکەیەش لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا قسەی کردووە و هەڵوێستی خۆی بەروونی دەربارەی عەفرین پێڕاگەیاندووە.
سەرۆک کۆماری فەرەنسا گوتی، دەبێت بابەتی ئارامی و ئاسایشی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام پاریس بەهیچ شێوەیەک پاڵپشتی لەوە ناکات ئەو وڵاتە بچێتە ناو سنووری وڵاتێکی دیکەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا راشیگەیاند" ئەم ئێوارەیە دەربارەی تورکیا و عەفرین قسە دەکەین. من زۆر روون بووم. پێش ئەم لووتکەی ئەوروپایە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان لە رێگای تەلەفۆنەوە قسەم کرد و دەربارەی پرسی عەفرینیش روون بووم. باوەڕم وایە دەبێت ئاسایشی تورکیا لەبەرچاوبگرین، ئەمە روونە، بەڵام ئێمە پاڵپشتی لە بەزاندنی سنوور بۆ ناو وڵاتێکی خاوەن سەروەری ناکەین، کە سووریایە، تەنانەت ئەگەر ئەم وڵاتەش لە شەڕدا بێت".
سەرۆککۆماری فەرەنسا باسی پیشێلکردنی بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی کرد و گوتی" ناتوانین گومان لە پێشێلکاری بڕیارێکی نەتەوەیەکگرتووەکانیش بکەین، کە ئێمە تێیدا بەشداربووین و رووسییەکانیش قبوڵیان کردووە. هەربۆیە گرنگە گەڕانەوەیەک بۆ ئاساییبوونەوە لە رێگای دیالۆگەوە دروست بکەین و فەرەنساش هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بە ئاراستەی گەیشتن بەو ئامانجە".
لووتکەی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بەشداریی سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوە ئەوروپیەکە لە شاری برۆکسل دەستیپێکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.