له سێ هێرشی یه‌ك له دوای یه‌ك كه له‌لایه‌ن كه‌سێكی ئیسلامیی توندڕه‌و له باشووری رۆژئاوای فه‌ڕه‌نسا ئه‌نجامدرا 19 كه‌س بوون به قوربانیی، به‌وته‌ی سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نساش باری ته‌ندرووستی دوو له قوربانییه‌كان ناله‌بار وه‌سفكراوه.
له‌م كرده‌وه تیرۆریستییه‌دا كه 3 كه‌س كوژران و 16 كه‌س بریندار بوون، هێرش كرایه سه‌ر سه‌رنشینانی ئۆتۆمبێلێك و ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له شاری كره‌كسۆن و هه‌روه‌ها چه‌ند كه‌سێكیش له فرۆشگایه‌كی نزیك هه‌مان شار به بارمته گیران. به وته‌ی وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسا هێرشبه‌ره‌كه پێشتر وه‌ك كه‌سێكی توندڕه‌و له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ناسراوه و چاودێریكراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵان به‌ناوی " رزوان قه‌دیم " و هه‌ڵگری دوو ره‌گه‌زنامه‌ی مه‌غریبی و فه‌ڕه‌نسی بووه.
رووداوه‌كه به‌وه ده‌ستی پێكردووه كه كاتژمێر 10ـی به‌یانی رۆژی هه‌ینی هێرشبه‌رێكی گه‌نج كه چه‌كی به‌ده‌سته‌و بووه هێرشی كردووه‌ته سه‌ر سه‌رنشینانی ئۆتۆمبێلێك له شاری كره‌كسۆن و بۆ رفاندنی ئۆتۆمبێله‌كه شوفێره‌كه‌ی بریندار كردووه و سه‌رنشینه‌كه‌ی دیكه‌ی كوشتووه، دواتریش ته‌قه‌ی له گروپێكی چوار كه‌سیی هێزه‌كانی ئاسایش كردووه و یه‌كێكیانی بریندار كردووه.
پاش هه‌موو ئه‌مانه هێرشبه‌ره‌كه رۆیشتووه‌ته شارۆچكه‌ی تێرب له نزیك شاری كره‌كسۆن و چه‌ند كه‌سێكی له فرۆشگایه‌ك به بارمته گرتووه، ئیتر دوای نزیكه‌ی 15 كاتژمێر، ئاسایش به ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێك هێرشبه‌ره‌كه‌یان كوشتووه و كۆتاییان به بارمته‌گیرییه‌كه هێناوه.
به‌وته‌ی شایه‌تحاڵان هێرشبه‌ره‌كه وێڕای وتنی دروشمی " الله اكبر " خۆی به ئه‌ندامی داعش ناساندووه.
سه‌رچاوه / رادیۆ فه‌ڕه‌نسا
مه‌سعود / كوردستان تیڤی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.