جۆن بۆڵتن، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و راوێژکاری داهاتووی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند ، ئەمریکا پێویستیی بە هێزی سەربازیی تۆکمە هەیە تا بتوانێت لە رێگەیەوە ئاشتیی بە دەستبێنێت.
جۆن بۆڵتن گوتی" شێوازی کاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بریتییە لە هەوڵدان بۆ ئاشتیی لە ریگەی هێزەوە. راوێژکاری داهاتووی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا گوتەیەکی رۆمانە کۆنەکان بە نموونە وەردەگرێت کە باس لەوە دەکات هێز و توانای سەربازی لە بەدەستهێنانی ئاشتیدا یارمەتیدەر دەبێت.
راوێژکاریی نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا وتیشى" ئێمە دەمانەوێت لە پێکدادانی زیاتر دوور بکەوینەوە و پێشموایە لەبەرئەمەیە کە سەرۆک ئەم رێگایەی هەڵبژاردووە، زۆر تەریبە لەگەڵ هێڵی رۆناڵد ریگان کە بریتییە لە ئاشتی لە رێگەی بەهێزییەوە، ئەمە گرنگە.
وتیشى" دڵنیاترین رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە پێکدادان بریتییە لە بوونی توانایەکی سەربازیی بەهێز. وەک رۆمانە کۆنەکان دەیانگوت: ئەگەر ئاشتیت دەوێ، خۆت بۆ شەڕ ئامادە بکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا، لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە کە جۆن بۆڵتن، یەکێک لە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانە، دەبێتە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکا.
جۆن بۆڵتەن پشتگیریی ریفراندۆمی کوردستانی کردوهو یاریدەری بیرۆکەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردیی بووهو به دۆستێكى نزیكى كورد دهناسرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگای توویتەرەوە بڵاویکردەوە، بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم کە لە رۆژی 9-4-2018ەوە جۆن بۆڵتن وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی نوێی ئەمریکا دەستبەکاردەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە توویتەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات، زۆر سوپاسی خزمەتی ژەنەڕاڵ ماکماستەر دەکەم کە کارێکی زۆر باشی کردووە و هەمیشەش وەک هاوڕێم دەمێنێتەوە.
دوورخستنەوەی ماکماستەر لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دوای ئەوە هات، چەند هەفتەیەک پێش ئێستا سەرۆکی ئەمریکا رێکس تیلەرسنی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لابرد.
جۆن بۆڵتن بەوە ناسراوە کە خاوەن تێڕوانینێکی تووندە بەرامبەر بە ئێران و کۆریای باکوور.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.