Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 16:18

داعش له‌ ده‌وروبه‌ری که‌رکووک چالاکییه‌کانی زیاد کردووه‌

مه‌ترسیی هه‌یه‌ دەست بەسەر هه‌ندێ ناوچەدا بگرن
کوردستان TV
100%

گرووپی تیرۆریستی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك چالاكییه‌كانی زیاد كردووه‌ و مه‌ترسیی زۆر هه‌یه‌ دەست بەسەر هه‌ندێ ناوچەدا بگرێت. ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیشه‌ داعش گرووپی چەکداری ڕەوانەی ڕێگا سەرەکییەکانی سنووری ئەو پارێزگایە دەکات و خەڵک دەڕفێنن و دەکوژن، هەروەها گورزی كوشنده‌ له‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌وه‌شێنێت و وەک فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، جێگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ بۆچی هێزه‌ عێراقییه‌كان ناتوانن ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و به‌ره‌نگاری ئه‌و چه‌كدارانه‌ی پاشماوه‌ی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك ببنه‌وه.

شه‌وی رابردووش، له‌سه‌ر رێگه‌ی  قه‌زای حه‌ویجه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری توركمان كه ‌سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبین، كه‌وتوونه‌ته‌ نێو بۆسه‌ی چه‌كدارانی داعش و سەرچاوەکانیش دەڵێن، له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك داعش چالاكییەکانی چڕ كردووەته‌وه‌ و مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر كه‌ركووك.

له‌م باره‌وه‌ عه‌قید هێمن ساڵح، فه‌رمانده‌ی لیوای 1ی پیاده‌ی پێشمه‌رگه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند " شه‌وی رابردوو له‌ نزیك قه‌زای حه‌ویجه‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كه‌ توركمانن كه‌وتوونه‌ته‌ نێو بۆسه‌یه‌كی داعش و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك حه‌شدی توركمان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژراون، هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی نێوان داقووق بۆ حه‌ویجه‌ ژماره‌یه‌ك پۆلیسی ئیتیحادی له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پشوو، كه‌وتنه‌ به‌رده‌ستی چه‌كدارانی داعش و له ‌رێگه‌ی دانانی خاڵی پشكنین ئه‌و پۆلیسانه‌ ده‌ستگیر کراون و دواتر له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كوژراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو فەرماندەیە، به‌ درێژاییی ده‌شتاییه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری كه‌ركووك، چه‌كداری داعش بوونیان هه‌یه‌، هەڵبەت زیاتر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییان كردووەته‌ ئامانجی هێرشه‌كانیان و له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له ‌دژی حه‌شد چالاكییان هه‌یه‌.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.