بەرپرسی كۆمەڵەی ئێزدییان لە عەفرین رایگەیاند، ئێزدییەكان لە عەفرین ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوەو سوپای سووریای ئازادیش گۆڕینی ئایینی بەسەریاندا سەپاندووە.
سوعاد حەسۆ بەرپرسی كۆمەڵەی ئێزدییان لە عەفرین، رایگەیاند، دوای هاتنی سوپای سووریای ئازاد بۆ ناوچە ئێزدینشینەكان لە عەفرین، ئایینی ئیسلامیان بەسەر ئێزدیاندا سەپاندووە و هەموو جۆرە پێشلكارییەكیش بەرانبەر ئێزدییان دەكەن.
حەسۆ ئاماژەیشی دا، ئەم هێزە چەكدارانەی كە سەر بە سوپای توركیان، هەموو مەزارگە ئایینییەكانی ئێزدییانیان لەناو بردوون و سوكایەتیی بە هەموو پێكهاتەكان دەكەن.
ناوەندی مێدیایی عەفرینیش، لەسەر ئەم پرسە بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە كە ئێزدییەكان لە عەفرین، ئایینی ئیسلامیان بەسەردا سەپێندراوە.
پێشتریش حازم تەحسین بەگ، نوێنەری میری ئێزدییان داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردبوو ئێزدییانی عەفرین بپارێزن، چونكە برینیان قووڵە و بەرگەی هیچ ناخۆشییەكی دیكە ناگرن.
ئێزدییەكان لە سووریا، كە لە جەزیرەی فورات و چیای حەلەب و عەفرین نیشتەجێن، ژمارەیان بە ڕوونی دیار نییە، چونكە لە دوای شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011ـدا، زۆربەیان ئاوارە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.