رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا کە دوێنێ یهكشهممه 8/4/2018 بڵاوى کردوتەوە، دەڵێت" هێزەکانی رژێمی سووریا رێگە نادەن ئەو خەڵکەی لە عەفرینەوە لە دەست سوپای تورکیا و هێزە لایەنگرەکانی هەڵدێن، بێنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان، ئاوارەکانی شارەکە بە خۆراکێکی کەم، بەبێ ئاوی خواردنەوە و پێداویستیی دەرمان لە هەندێک ناوچەدا گیریان خواردووە.
هیومان رایتس وۆچ هۆشداری دەدات کە هێزەکانی سەربە حکومەتی تورکیا لە شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری دەستیان بە تاڵانی و وێرانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵک کردووە.
لەما فەقیه، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی رێكخراوهكه، دەڵێت" لەکاتێکدا دۆخی مرۆیی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە شەڕی عەفرین رایانکردووە زۆر هەستیارە، بەڵام ئەوانەی رێگەیان پێنادرێ بچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت و ئەوانەی ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکرێت، بەشێوەیەکی تایبەتی لەبەردەم مەترسیدان".
فەقیه داواش دەکات "هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی دژی حکومەت (سوپای ئازاد) کۆتایی بە تاڵانی و وێرانکردنی ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی لە عەفرین بهێنن و سەربازانی سووریاش چیدی رێگە لە راکردنی خەڵکی مەدەنی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت نەگرن".
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ ئاشكراى دهكات، كه ئاوارەکان رێگەیان پێنادرێ روو لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی حکومەت بکەن کە هاوکاریی باشتری تێدا دەستکەوێت. سێ کەس کە قسەیان بۆ ئامادەکارانی راپۆرتەکە کردووە، دەڵێن سەرەتا هەزاران کەس لە ئاوارەکان هەوڵیان دابوو روو لە شاری حەلەب و هەردوو شارۆچکەی نوببول و زەهرا بکەن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدان، بەڵام ئەو هێزانەی لە خاڵەکانی پشکنینی حکومەت دانرابوون، داوای 500 هەزار لیرەى سوورییان لێکردبوون کە دەکاتە 1000 دۆلار.
هێرشی تورکیا و لایەنگرەکانی لە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستیپێکرد و دوای دوو مانگ توانییان دەست بەسەر عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەریدا بگرن. بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەڕی عەفرین 137 هەزار کەسی ئاوارە کردووە و لە نێوان 50 بۆ 70 هەزار کەس لە شارەکەدا ماون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.