Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 13:52

کۆریای باکوور تاقیکردنه‌وه‌ مووشه‌کی و ئه‌تۆمییه‌کانى راگرات

بڕیاره‌كه‌ دۆناڵد تره‌مپی خۆشحاڵ كرد
کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21/4/2018 كۆریای باكوور رایگه‌یاند: "تاقیكردنه‌وه‌ مووشه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كانمان هه‌ڵپه‌ساردووه‌و شوێنی تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانمان خاپوور كردووه‌و ئیتر پێویستمان پێی نییه‌".

میدیای فه‌رمی كۆریای باكوور بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پیۆنگ یانگ تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌تۆمی و مووشه‌كییه‌كانی راگرتووه‌و  ده‌ستبه‌جێ پێگه‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌تۆمییه‌كان له‌ باكووری وڵات رووخێنراوه‌. ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ گه‌شه‌ی ئابووری و ده‌سته‌به‌ربوونی ئاشتی له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریادا.

ئاژانسی ناوه‌ندی فه‌رمی كۆریای باكوور ده‌ڵێت "كیم جۆنگ ئون، سه‌رۆكی كۆریای باكوور، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ چیدیكه‌ پیۆنگ یانگ پێویستی به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی و هه‌ڵدانی مووشه‌كی بالیسیتی كیشوه‌ربڕ نییه‌ و له‌ رووی ئه‌تۆمییه‌وه‌ كۆریا گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغی پڕچه‌كبوون".

ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆریای باكوور له‌ رۆژی 21/4/2018ـه‌وه‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی راده‌گرێت.

بڕیاره‌كه‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای خۆشحاڵ كرد و له‌ تویته‌ره‌وه‌ پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ كرد و نووسی "سه‌رۆكی كۆریای باكوور تاقیكردنه‌وه‌ مووشه‌كی و ئه‌تۆمییه‌كانی راگرتووه‌و شوێنی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی داخستووه‌. ئه‌وه‌ش هه‌واڵێكی زۆر باشه‌ له‌ كۆریای باكووره‌وه‌ بۆ جیهان و پێشكه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ و به‌ره‌و لوتكه‌كه‌ ده‌ڕۆین. وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ دیداری نێوان خۆی و كیم جۆنگ ئون.

جگه‌ له‌وه‌یش، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ ژاپۆن و كۆریای باشوور، به‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی كۆریای باكوور خۆشحاڵ بوون و پێشوازییان له‌و هه‌نگاوه‌ كردووه‌.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.