گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، نابێ رێگە بەهیچ كەس و لایەنێك بدرێت ناونیشانی مەرجەعیەتی ئایینی یان هەر ناونیشانێكی دیكە كە پێگەی تایبەتی لەلایەن عێراقییەكانەوە هەبێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بقۆزێتەوە. هەروەها لایەنگریی لە لیست یان کاندیدێک رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، بەیەك ئاست لە سەرجەم بەربژێران و لیستەكانی هەڵبژاردن دوورەو پشتگیری هیچ كەس و لایەن و لیستێك ناكات.
لەماوەی رابردووە هەندێ لە لیستەکانی حەشدی شەعبی ناڕاستەوخۆ وایان دەردەخست کە پشتگیریی سیستانییان هەیە بۆ دەرچوون لەو هەڵبژاردنە و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق.
عهلى سیستانی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا داوا لە دەنگدەرەکان دەکات، ئاگاداربن لە رێڕەوی پڕۆسەی سیاسی بەربژێران و سەرۆك لیستەكان و مەکەونە داوی كەسانی شكستخواردوو و گەندەڵكاران ئەوانەی تاقیكراونەتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سیستانی:-
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو هاووڵاتیان پرسیار لە هەڵوێستی مەرجەعیەتی ئایینی دەكەن لەبارەی ئەو رووداوە سیاسییە گرنگە، لەمبارەوە پێویستە 3 خاڵی گرنگ رابگەیێندرێت:
1-مەرجەعییەتی ئایینی لە رۆژی رووخانی رژێمی سەركوتكەری پێشوو هەوڵیداوە رژێمێك شوێنی بگرێتەوە كە پشت بە فرەیی سیاسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات ببەستێت لە رێگە سندووقەكانی دەنگدان و لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد، پێشیوایە هیچ فاكتەرێك نییە جگە لەوە بۆ حوكمكردنی وڵات، ئایندەیەكمان دەوێ گەل بە ئازادی و بەڕێزەوە تیایدا بژی، پێشكەوتن و گەشەسەندن بەخۆیەوە ببینێ، پارێزگاری لە بەها رەسەنەكان و ئاشتەوایی باڵا بكات.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش مەرجەعیەتی ئایینی گوشاری خستە سەر دەسەڵاتی داگیركار و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پەلەبكەن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و فەراهەمكردنی هەل لەبەردەم عێراقییەكان بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لە رێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانیان كە بۆ نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی و دامەزراندنی ئەندامانی حكومەتی عێراقی سەرپشككراون.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕینی 15 ساڵ بەسەر ئەو مێژووە هێشتا مەرجەعییەتی ئایینی لەسەر رای خۆیەتی بەوەی ئاكاری ئەو رێڕەوە لەرووی پرەنسیپەوە بژاردەی دروست و گونجاوە بۆ ئێستا و ئاییندەی وڵات، بۆیە دەبێ پرسی تێكەوتن لە دەردەسەرییەكانی دەسەڵاتی تاكڕەوی و رژێمی سەركوتكەر لەژێر هەر پاساوێك و هەر ناونیشانێك تێپەڕێندرێت.
ئاشكرایە رێڕەوی هەڵبژاردنەكانیش بەبێ دابینكردنی چەند مەرجێك ئەنجامەكەی جێگەی رەزامەندی نابێت لەوانە:-
ـ دەبێ یاسای هەڵبژاردنەكان دادپەروەر بێت و رەچاوی دەنگی دەنگدەران بكات و رێگەنەدات فێڵی تێدابكرێت.
ـ دەبێ لیستەكانی هەڵبژاردن ململانێ لەسەر پڕۆگرامی ئابووری، فێركاری و خزمەتگوزاری وابكەن بتواندرێت جێبەجێبكرێت و دووربێت لە بەكەسی كردن و دیاردەی نەتەوەیی و تایفی و موزایەدەی راگەیاندن.
ـ دەبێ دەستوەردانی دەرەكی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان قەدەخەبكرێت، بە هاوكاری دارایی بێت یان بە هەر رێگەیەكی دیكەو سزاكەشی زۆر تووندبێت.
ـ پێویستە دەنگدەر لە بەهای دەنگ و رۆڵی گرنگی خۆی لە نەخشەی ئایندەی وڵات هۆشیاربكرێتەوە، دەنگ نەدەنە كەسانی نەشیاو لەبەرامبەر نرخێكی كەم، یان لەبەر سۆز یان رەچاوكردنی بەرژەوەندی كەسی یان ناكۆكی هۆزگەری.
بەدڵنیاییەوە شكستەكانی هەڵبژاردنەكانی پێشوو لەڕووی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن زۆربەی ئەوانەی هەڵبژێردران و پۆستی باڵایان لە حكومەت وەرگرت، هاوكاری گەندەڵیان كرد، ماڵی گشتیان بەهەدەردا، مووچە و دەرماڵەی زۆریشیان بۆخۆیان دانا، لە ئەدای ئەركەكانیشیان لە خزمەتكردنی گەل و دابینكردنی ژیانێكی خۆش شكستیان هێنا، لە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی ژمارەیەك مەرجی پێویست بوو ئەگەر بە پلەیەكی كەمیش بووبێت لەكاتی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە، بەشێوەیەك لە شێوەكان لە هەڵبژاردنی ئێستاش تێبینی دەكرێت، بەڵام ئومێد ماوە بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی دەسەڵات و چاكسازیكردن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت لە رێگەی هەوڵی رۆڵەكانی عێراق و بەكارهێنانی سەرجەم رێگە یاساییەكانی بەردەست بۆ ئەم پرسە.
2 ـ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان مافی هەموو هاووڵاتییەكە كە مەرجە یاساییەكانی تێداهەبێت، هیچ شتێكیش نییە هاووڵاتیان پابەند بكات بە كردن و نەكردنی ئەو مافە جگە لە قەناعەتی خۆی بۆ بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵاتەكەی، بەڵێ پێویستە بزانێت وازهێنان لە مومارەسەكردنی ئەو مافەی هەڵبژاردن رێگە لەبەردەم كەسانی دیكە خۆشدەكات بۆ سەرخستنی بەربژێرەكانیان و بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان و رەنگە زۆریش دووربێ لە بیروبۆچوونی ئەو و نیشتمانەكەی، بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاری بەشداریكردن و نەكردن بەدەست خۆیەتی و خۆی بەرپرسیارە لە هەموو خەمڵاندنێك، بۆیە پێویستە هۆشیاربێت و سوور بێت لەسەر بەرژەوەندی و ئاییندەی وڵات و هاونیشتمانیانی".
3 ـ مەرجەعیەتی باڵای ئایینی جەختدەكاتەوە بەیەك ئاست لە سەرجەم بەربژێران و لیستەكانی هەڵبژاردن دوورەو پشتگیری هیچ كەس و لایەن و لیستێك ناكات، پرسەكە هەمووی بۆ قەناعەت و رای دەنگدەران جێهێڵدراوە.
نابێ رێگە بەهیچ كەس و لایەنێك بدرێت ناونیشانی مەرجەعیەتی ئاینی یان هەر ناونیشانێكی دیكە كە پێگەی تایبەت لە لایەن عێراقییەكان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بقۆزێتەوە، پێویستە پشت بە تواناكاری، دەستپاكی، پابەندبوون بە بەهاو پرەنسیپەكان، دووركەوتنەوە لە ئەجێندای بیانی و رێزگرتنی دەسەڵاتی یاسا و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان لە پێناو رزگاركردنی نیشتمان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، هەروەها توانای جێبەجێكردنی پڕۆگرامێكی واقیعی هەبێت بۆ چارەسەركردنی قەیران و كێشە كەڵەكەبووەكانی چەند ساڵی رابردوو.
تاكە رێگەش بۆ دڵنیابوون لەوە ئاگاداربوونە لە رێڕەوی پڕۆسەی سیاسی بەربژێران و سەرۆك لیستەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لە خولەكانی پێشوو بەرپرسیاریەتییان هەبووە لە پێناو رێگریكردن لە كەوتنە نێو داوی كەسانی شكستخواردوو و گەندەڵكاران ئەوانەی تاقیكراونەتەوە.
لە خودا دەپاڕێینەوە دەستی هەموومان بەرەو باشتركردنی وڵات و چاكسازی بەندەكان ببات، هەر خۆی خاوەن دەسەڵاتە
نووسینگەی سیستانی ـ نەجەف
17ی شەعبان 1439ی كۆچی 4/5/2018ی میلادی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.