Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 13:18

نووری مالیکی هەڕەشەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ له‌ عێراق ده‌کات

مالیكی : شەڕی ناوخۆیی لە دوو باردا دروست دەبێت
کوردستان TV
100%

نووری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا له‌گه‌ل كه‌نالى "شه‌رقیه‌ نیوز" بەتوندی هەڕەشەی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی كردو وتى" ئەگەر یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكرێت و تانەی لێ بگیرێت، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت.

مالیكی ئاماژەی بەوەدا كە شەڕی ناوخۆیی لە دوو باردا دروست دەبێت، یەكێكیان ئەگەر سەرژمێری بكرێ و ئەنجامەكان جێی رەزامەندی دانیشتووان نەبێ، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێت، لە دوای هەڵبژاردنیش ئەگەر ئەنجامەكان ڕەخنەی لێ بگیرێ و قبووڵ نەكرێ، شەڕی ناوخۆیی دروست دەبێ، منیش نامەوێ شەڕی ناوخۆیی بەهۆی هەڵبژاردنەوە دروست بێت.

هەروەها گوتی" دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە گرەنتی سەد لەسەد بەئێمە بدرێ، دەسكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەكەن، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت".

ئەم هەڕەشەی مالیكی لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە رۆژی شەممەی داهاتوودا، هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی میلیشیا شیعیەكان و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ركابەری دەكەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و دواتریش وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئەو لێدوانەی نوری مالیکی لەکاتێک دایە، کە رۆژی 12/5/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

چاودێران باس لەوە دەکەن، مالیکی، كه‌ لە ساڵی 2006-2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی لە دەسەڵات نەماوە و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی ئێستای وڵاتەکەی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رکابەرییەکی سەختی دەکەن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.