لەمیانی یارییەكانی گەڕی كۆتایی خولی نایابی كوردستاندا، رۆژى سێشەممە 29ـی ئایاری 2018 یانەی ئارارات لەسەر یاریگەی خۆیدا پێشوازی لەیانەی هەولێر كرد، یارییەكەش بەیەكسانبوونی هەردوولا بەبێ گۆڵ بەكۆتاهات.
بەفیكەی ناوبژیوان (محەمەد حەسەن) یارییەكە دەستپێكرد و بەهۆی مانگی رەمەزانەوە یاریزانانی هەردوولا بەشێوەیەكی گوڕوتین لەنێو یاریگانەدەبیندران، لەخولەكی 3ـی سەرەتای گێمی یەكەمدا یاریزان (عەلی عەزیز )لەلێدانی فاولێكدا تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی ناو گۆڵ كرد و دیدار حامیدی گۆڵپارێزی هەولێر توانی تۆپەكە لەگۆڵ دووربخاتەوە، هەر لەدرێژەی یارییەكەدا ئەمجارەیان لەخولەكی 14دا یاریزانی ئارارات (هێمن فوئاد) لەدووری هێڵی سزا شوتێكی بەهێزی لێدا بۆ نێو گۆڵی تیپی بەرانبەر،بەڵام تۆپەكە بەتەنیشت ستوون چووە دەرەوە، پێنج خولەك دوای ئەمە یاریزانی ئارارات (جێگیر عەزیز) لەدووری سزا لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ كرد و تۆپەكە بەتەنیشت ستوون چووە دەرەوە، یارییەكە تاخولەكی كۆتایی گێمی یەكەم یاریزانانی ئارارات لەناوەراستی یاریگا گۆنترۆڵی یاریگایان كردبوو، بەڵام سەرجەم هێرشەكانیان بێ سوود بوون, بەمشێوەیە گێمی یەكەمی یارییەكە بەبێ گۆڵ تۆمار كردن بەكۆتاهات.
لەنیوەی دووەمدا هەردوو راهێنەر بەمەبەستی كۆنترۆڵ كردنی یارییەكە و بەدەست هێنانی 3 خاڵی یارییەكە چەند گۆڕانكارییەكیان لەپێكهاتەكەدا ئەنجام دا ،ئەگەرچی لەگەڵ دەستپێكی گێمی دووەمدا ماندووبوون و بێ تاقەتی لەرووی جەستەییەوە بەیاریزانانی هەردوو یانەكە بەروونی دەبیندرا، بەتایبەتی یاریزانانی یانەی هەولێر لەگێمی یەكەمدا ئاستیان وەك پێویست نەبوو كەشایەنی باسكردن بێت، بەڵام بەپێی یاری و پڵانەكان یانەی هەولێر تەنها متمانەی لەسەر هێرشی پێچەوانە دەكرد و زۆر بەپڵانی بەڕگری یارییان دەكرد ، ئەمجارەیان لەخولەكی 59دا یاریزانی یانەی هەولێر (هۆگر حوسێن) لەدووری هێلی سزا دەرفەتێكی ئاسانی بۆ ڕەخسا و شوتێكی بەهێزی ئاراستەی ناو گۆڵی ئارارات كرد، بەڵام تۆپەكە بەتەنیشت ستوون چووە دەرەوە، ئەگەرچی سەرجەم یاریزانەكان چاوەڕێی ئەوەبوون كەتۆپەكە بچێتە ناو گۆڵ، بەڵام بەخت یاوەریان نەبوو، لەیارییەكەدا مەترسیەكانی یانەی ئارارات بۆ سەر گۆڵی تیپی میوان زیاتر دەبیندران، بەڵام هەموو هێرشەكانیان بێ سوود بوون، تا كۆتایی گێمی دووەم ئەنجامی یارییەكە هەر وەك خۆی مایەوە بەیەكسانبوونی هەردوولا بەبێ گۆڵ بەكۆتاهات، بەمجۆرە هەردوو یانەكە بەخاڵێكی یارییەكە رازی بوون، بەم ئەنجامەیش یانەی ئارارات بەكۆكردنەوەی 21 خاڵ هەر لەپلەی چوارەم مایەوە، یانەی هەولێریش بەكۆكردنەوەی 20 خاڵ لەپلەی پێنجەم جێگیر بوو.
ڕاپۆرت: سەرهەنگ نەجمەدین
راگهیاندنى یهكێتى ناوهندى تۆپى پێی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.