Erbil 38°C سێشەممە 19 تشرینی دووەم 05:26

هۆزە عەرەبییەکان: سەلیم جبووری دەیەوێت عێراق رادەستی داعش بکاتەوە

تا ئێستاش داعش لەبەردەم دەرگا وەستاوە
هۆزە عەرەبییەكان: سەلیم جبووری دەیەوێت عێراق رادەستی داعش بكاتەوە
کوردستان TV
100%

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە هەوڵی راكێشانی وڵات بۆ ناو جەنگێكی ناوخۆیی تۆمەتبار دەكات و رایگەیاند كە ئەو دەیەوێت عێراق رادەستی داعش بكاتەوە.

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز كرد و تیایدا نیسابی یاسایی تەواو بوو و پڕۆژە بڕیارێكی لەدژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەركرد كە لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات و دەنگدانی مەرجداری ئاوارەكان و بەدەست هەژماركردنەوەی 25%ی دەنگەكانی دا.

موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانی عێراق و سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە هەوڵ دەدات عێراق بگەڕێنێتەوە خانەی یەكەم و بیخاتە ناو جەنگی ناوخۆییەوە.
روونیشیكردەوە كە  جبووری لە رێگەی هەوڵەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یان دووبارە هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان دەیەوێت جارێكی دیكە پارێزگانی عێراق رادەستی داعش بكاتەوە و كاریگەری بۆ سەر بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە بەتایبەتی لە نێوان پێكهاتەكانی كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان دروست بكات.

گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان گوتی، تا ئێستایش داعش لەبەردەم دەرگە وەستاوە و جبووری و پەرلەمانتارە دۆڕاوەكان لە رێگەی هەوڵەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەوڵی رادەستكردنەوەی وڵات بۆ داعش دەدەن و ئەوساتیش دەچینەوە قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و خوێنڕشتنی زیاتر و وێرانبوونی زیاتری پارێزگاكانمان.

 


سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.