ههردوو وڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا روونکردنەوەی لەبارەی گرتنەوەی ئاو لەسەر عێراق و بهشێكی هەرێمی کوردستان دەدەن.
ئهمرۆ دووشهممه سەعدوڵڵا مەسعودیان، سهر کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رایگەیاند، لە ساڵی 2007هوه وڵاتەکەی داوای لە عێراق کردووە لێژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو دروست بکات بۆ رێککەوتنی هەردوو وڵات.
سەعدوڵڵا مەسعودیان بە ئاماژەکردن بەوەی عێراق گوێی بەو داوایەی ئێران نەداوە و لێژنەکەی دروست نەکردووە، رایگەیاند، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم داوا لە حکوومەتی عێراق بکات وەلامی داواکەی ئێران بداتە بۆ رێک کەوتن لەسەر کێشەی ئاو.
هەر سەبارەت بەو پرسە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا له شاری ئامهد رایگەیاند، لە ساڵی دوو ههزارو ههشتهوه داوایان لە عێراق کردووە بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی رووباری دیجلە دروست بکات، تاوەکو ئەو ئاوە بەفیڕۆ نەچێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق گوێیان پێ نەدا، گوتیشی، كه ئەوان گوێ ناگرن، ئێمە چی بکەین؟.
چەند رۆژێکە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا ئاوی رووباری دیجلە و ئەو رووبارانەیان گرتووەتەوە، کە دەڕژێنە ناو دیجلە، بەمەش بەشێک لە رووبارەکانی باشووری عێراق وشک بوون و مەترسیی لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی و ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.