Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 05:51

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

دوایین گوڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردن تاوتوێ كرا
کوردستان TV
#6 #7
100%


ڕۆژ سێشەممە 12ـی 6ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان كۆبیج نێردەی تایبەتی سكرتێری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا دوایین گوڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردن تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پێشهاتەكان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت و بڕیارەكانی پارلەمان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن تاوتوێ كرا و  نێردەی تایبەتی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقیش سەرۆك بارزانیی لەبارەی بۆچوونی كمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هاوكێشەكانی دوای هەڵبژاردن ئاگادار كردەوە و ڕوانگەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەبارەی نیگەرانییەكان لەسەر ئاییندەی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن شی كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە ڕێكخراوی نەتەوەی یەكگرتووەكان ئامادەی تەواوی هەیە بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەروەها چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە لەنێوان هەرێم و بەغدادا هەن و هەروەها ناوچەكانی ماددەی 140.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ڕابردوو جەختی لەوە كردەوە كە ئێستا هەڵبژاردن كراوە و دۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و ئەوەی بۆ گەلی كوردستان بایەخی سەرەكی هەیە ڕەچاوكردن و پابەندبوونە بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی لە هەموو بوارەكانی حوكمرانی  و دانانی میكانیزم و جێبەجێكردنی وردەكارییەكانی ئەو سێ پڕەنسیپەیە و لە ژێر ڕۆشنایی ئەو سێ پڕەنسیپەش پێویستە هاوپەیمانێتی نێوان لایەنەكان بكرێت و ڕێككەوتن لەسەر پۆست و سیمای حكوومەتی ئاییندەی عێراق بكرێت.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تێبینیەكانی خۆی لەسەر كاركردی كۆمیسیۆن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی و هەروەها بڕیارەكانی ئەم دواییەی پارلەمان خستەڕوو و هێمایشی بەوەدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ نوێنەرێكی لە كۆمیسیۆن نەبووە و بۆ ئەوەی پارتی نەبێتە حزبی یەكەم لە پارێزگای نەینەوا بە زوڵم دەنگی كەمپەكان و خوشك و برا ئێزیدییەكانیان سووتاند كە لە ڕاستیشدا پارتی حزبی یەكەم و براوەی پارێزگای نەینەوایە.

لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و ساختەكاریش ڕایگەیاند كە ئێمە بە هەموو جۆرە ڕێكارێك ڕازیین كە ئەنجام بدرێت بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش یان بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان لە هەر شوێنێك بێت بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە بێ هۆ و لەپێناو مەرامی سیاسی زوڵمێكی زۆر گەورەیە و بە هیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین. چونكە ئەوە ئاماژە و هێمای زۆر خەراپە و بە مانای كاركردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی پێشوازیشی لە ڕۆڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد بۆ یارمەتیدانی لایەنەكانی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان بە تایبەت لە بابەتی ماددەی 140 و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەوەیشی دووپاتكردەوە سەپاندنی ئەمری واقع و بەردەوامبوون لەو دۆخەی كە لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەر قابیلی قبوڵ نییە و پێویستە لە چوارچێوەی مادەی 140ـی دەستوور یەكلایی ببێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.