Erbil 38°C سێشەممە 19 تشرینی دووەم 03:51

ئه‌و شه‌وه‌ی به‌لاى منه‌وه‌ مۆندیال ده‌ستی پێکرد!

زاگرۆس نانه‌كه‌لی
کوردستان TV
100%


ستوون و ره‌خنه‌و نووسینه‌كانم بڕای بڕای دژی هیچ بۆچوون و كه‌سێك نه‌بووه‌، ماستاو و پیاهه‌ڵدانیش به‌هه‌مان شێوه‌، چونكه‌ ره‌خنه‌ی وه‌رزشی بۆ بنیادنان و نوێ بوونه‌وه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌، نه‌ك رق و كینه‌ و دڵ ره‌شی، له‌هه‌مانكاتدا به‌ندی گۆرانیش نییه‌ به‌سه‌ر كه‌سدا بیڵێیت!.

ئه‌و باوه‌ڕه‌ كلاسیكه‌شم نییه‌،پێشووتر هه‌رچی ره‌خنه‌ی هه‌بوو ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، (كورد زیندوو كوژی مردوو په‌رسته‌)!، چونكه‌ ئه‌وه‌ى باسی ده‌كه‌م ئێستا له‌ ژیانه‌ و پاڵه‌وانیشه‌، نایناسم، به‌س خوێنمان یه‌كه‌، دڵ و هه‌ستمان یه‌كه‌، ئه‌و وه‌كو من و تۆ كورده‌، ئه‌و بۆ بوونی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌(12) ساڵی دێیه‌كه‌ی جێدێڵێت و روو له‌پیشه‌گه‌ریی ده‌كات،له‌به‌رده‌م پارك و مزگه‌وت و یانه‌كان له‌بێ شوێنی ده‌خه‌وێ، شه‌قام و ئۆتۆمبیل پاك ده‌كاته‌وه‌، پیتزا ئاماده‌ ده‌كات،مه‌رگه‌سات و ناخۆشترین ژیان ده‌گوزه‌رێنێ، شوێنی خه‌وتن و كاركردن و حه‌وانه‌ی نه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ی هه‌موو قبوڵ بوو له‌پێناو ئه‌وه‌ى بڵێ من كوردم و وه‌رزش ده‌كه‌م و به‌ره‌و لووتكه‌ هه‌ڵده‌كشێم،ئه‌و له‌دێیه‌كه‌ی خۆیان شوانكاره‌ بوو،یاری كێله‌ به‌ردانێی ده‌كرد،به‌ره‌و مۆندیال سه‌ركه‌وت.

هه‌واداران و لایه‌نگرانی هه‌ڵبژارده‌كانی مۆندیال، هه‌رچی یه‌كه‌م رۆژ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی یاری هه‌بوایه‌، له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ینووسی (ئه‌مڕۆ مۆندیال ده‌ست پێده‌كات)، له‌لای من شه‌وی 25 له‌سه‌ر 26-6-2018 مۆندیال ده‌ستی پێكرد، چونكه‌ئه‌مشه‌وه‌ رۆشنای چاوه‌كانم به‌ كوردێكی پڵنگ و دلێر و كۆڵنه‌ده‌ر و چووست و چالاك و زرینگ و ژیر و روح سووك و مه‌رد كه‌وت،له‌م یارییه‌دا هه‌موو بیر و هه‌ست و سۆز و گیانی وه‌رزشی و بڕوا و توانام له‌پێناو بینینی شوانكاره‌یه‌ك بوو كه‌ بۆمن و نه‌ته‌وه‌كه‌م جێگای شانازى و سه‌رسوڕمان بوو، توانی جه‌ربه‌زه‌ و زه‌به‌لاحی و خۆ به‌زلزانی ئه‌ستێره‌كی گه‌وره‌ی مۆندیال له‌گۆڵ تۆماركردن به‌لێدانی سزا بوه‌ستێنێ!، ئه‌م قاره‌مانه‌ عه‌لیڕه‌زا بیرانوند-ى گۆڵچى هه‌ڵبژارده‌ى ئێران بوو، دڵنیام گه‌ر به‌خه‌ونیش بێت هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی كوردستان له‌مۆندیال یاری هه‌بوایه‌ ئه‌وتاكه‌ گۆڵچی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بوو، چونكه‌ هه‌رزه‌كارێكی شوانكاره‌ له‌ دێیه‌كه‌ی خۆیان به‌رپه‌رچی خانه‌واده‌ و ژیان ده‌داته‌وه‌ له‌كێله‌ به‌ردانێ به‌ره‌و مۆندیال هه‌ڵده‌كشێ،بۆیه‌ لای من ئه‌مشه‌وه‌ مۆندیال ده‌ستی پێكرد.

 

zagros

 

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.