Erbil 38°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 21:04

جۆره‌ شیرنه‌مه‌نییه‌کی نوێ به‌ناوی "قه‌دلاوه‌" دروست ده‌کرێ

بووه‌ جێگه‌ی بایه‌خی كڕیاره‌كانی ئه‌و شاره‌
کوردستان TV
100%

وه‌ستایه‌كی شیرنه‌مه‌نی به‌ تێكه‌ڵكردنی پاقڵاوه‌ و قه‌دایف جۆره‌ شیرنه‌مه‌نییه‌تی به‌ناوی "قه‌دلاوه‌" دروستكردووه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ جێگه‌ی بایه‌خی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌.

له‌ شاری ئورفا كه‌ به‌ ھه‌مه‌چه‌شنی كولتووری خواردن به‌ناوبانگه‌، چه‌ندین جۆری شیرنه‌مه‌نی به‌تام و به‌له‌زه‌ت له‌و شاره‌ به‌رھه‌م ده‌ھێنرێت و پێشكه‌شی سفره‌ی خوانه‌كان ده‌كرێ.

له‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما كاریگه‌ری نه‌رێنی كرده‌ سه‌ر بازاڕی شیرنه‌مه‌نی، وه‌ستایه‌كی دروستكردنی شیرنه‌مه‌نی له‌ شاری ئورفا به‌ ناوی "سادق بادیلی" ھه‌ستا به‌ داھێنانی جۆره‌ بیرۆكه‌یه‌كی نوێ.

بادیلی ھه‌ڵسا به‌ تێكه‌ڵكردنی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی پاقڵاوه‌ و به‌شی خوارووی قه‌دایف و ئه‌مه‌ش بووه‌ جێگه‌ی بایه‌خی كڕیاره‌كانی ئه‌و شاره‌.

ئه‌م جۆره‌ شیرنه‌مه‌نییه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زاره‌ی تۆماركردنی ماركه‌ی توركی به‌ ناوی "قه‌دلاوه‌" چووه‌ نێو لیستی جۆره‌ شیرنه‌مه‌نییه‌كی نوێ.

ئه‌و شیرنه‌مه‌نییه‌ به‌له‌زه‌ته‌ له‌ شوێنێكی نزیك چه‌می مێژووی بالیكلی گۆل له‌ شاری ئورفا پێشكه‌ش به‌ گه‌شتیارانی ناوخۆیی و بیانی ده‌كرێت و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بووه‌ته‌ جێگه‌ی بایه‌خی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. ھاوكات نرخی یه‌ك كیلۆی ئه‌و شیرنه‌مه‌نییه‌ نزیكه‌ی ٣٥ لیره‌ی توركییه‌.

سادق بادیلی به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند: كه‌ ئه‌و نزیكه‌ی ٣٥ ساڵه‌ كار له‌ بواری شیرنه‌مه‌نی ده‌كات و ئێستاش له‌زه‌تێكی نوێیان پێشكه‌ش به‌ شاری ئورفا كردووه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌و شیرنه‌مه‌نییه‌ نوێیه‌ گوتیشی: ئه‌م به‌رھه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رھه‌مه‌ خوازراوه‌كانی وه‌رزی ھاوین. ھه‌ردوو شیرنه‌مه‌نی پاقڵاوه‌ و قه‌دایفمان تێكه‌ڵ به‌ یه‌ك كردووه‌ و له‌زه‌تێكی نوێمان به‌ناوی قه‌دڵاوه‌ دروستكرد.

قه‌دایف، جۆره‌ شیرینییه‌كه‌ له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی توركیا دروست ده‌كرێت، كه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش پێی ده‌گوترێت پاقلاوه‌ی شه‌عرییه‌.

سه‌رچاوه‌/ ئانادۆڵۆ

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.