له دوێنێ شه‌ممه‌وه ده‌نگۆی بلاوبوونهوهى نه‌خۆشییه‌كی ترسناك له ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته مانشێتی سه‌ره‌كی ماڵپه‌ڕه‌كان و تۆره كۆمه‌لایه‌تیه‌كان، كه به‌م هۆیه‌وه ترس لاى خه‌لك دروست بووه.
له‌م باره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له سۆران، به ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاندوه، حاڵه‌تێك هه‌بووه له ده‌ڤه‌رى سۆران، به‌ڵام پشتڕاست نه‌كرابووه، بۆیه به‌مه‌به‌ستی پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر كراوه.
دكتۆر كاروان جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له سۆران به ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕایگه‌یاند" ئێواره‌ی دوێنێ شه‌ممه كه‌سێك بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌رى سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كه‌مانی كردووه و دوای پشكنینی سه‌ره‌تایی گومانكراوه كه كه‌سه‌كه تووش بووبێت به ڤایرۆسی "تای خوێن به‌ربوون"، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره و بۆ دڵنیا بوون نه‌خۆشه‌كه‌مان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر كردووه و دواتریش بۆ دڵنیابوونی سه‌لامه‌تی كارمه‌ندان و نه‌خۆشه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان داخست و به ده‌رمانێكی تایبه‌تی دژی ئه‌و ڤایرۆسه نه‌خۆشخانه‌كه‌مان ته‌عقیم كرد.
له لایه‌كى تره‌وه "فاخیر هه‌ركی" گوته‌بێژی ته‌ندروستی هه‌ولێر، له باره‌ی نه‌خۆشه‌كه‌وه به ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند" نه‌خۆشێك كه گومان ده‌كرێت هه‌ڵگری ڤایرۆسی "تای خوێن به‌ربوون" بێت له سۆرانه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر كراوه و ئێستاش ئه‌و نه‌خۆشه له ژێر چاودێری چڕی پزیشكی دایه له ژوورێكی تایبه‌تی نه‌خۆشخانه و پشكنینی ته‌واوی بۆ كراوه و ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كراون و ئێمه‌ش بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ی هه‌بوونی ئه‌و ڤایرۆسه چاوه‌رێی ئه‌نجامی پشكنینه‌كان ده‌كه‌ین و ناكرێت پێش ده‌رچوونی ئه‌نجامی پشكنینه‌كان بكه‌وین.
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" میدیاكان ئه‌و هه‌واڵه‌یان زیاتر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره كردووه، ئه‌و نه‌خۆشییه ڕاسته مه‌ترسیداره، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن گوازراوه نییه‌و ته‌نیا له ڕێگه‌ی شله و خوێنه‌وه ده‌گوازرێته‌وه و پێشتریش له نه‌خۆشخانه‌كه‌مان حاڵه‌تی له‌و جۆره هه‌بووه‌و چاره‌سه‌ری بۆ كراوه.
گوته‌بێژی ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕاشیگه‌یاند" ئه‌و نه‌خۆشه له نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری له هه‌ولێر له ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدایه و نه‌گوازراوه‌ته‌وه بۆ هیچ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تر و ئێمه سبه‌ی دوای ده‌رچوونی پشكنینه‌كان ڕاگهێنراوێك له‌و باره‌یه‌وه بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.
له لایه‌كى تره‌وه وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌والى بلاوبوونهوهى حاڵه‌تى نه‌خۆشى "تای خوێنبەربوون" له هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه.
به‌پێى راگه‌یاندراوێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه 1/7/2018 ستافى وه‌زاره‌ت به سه‌رپه‌رشتى وه‌زیری ته‌ندروستى كۆبوونه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بلاوبوونهوهى حاڵه‌تى نه‌خۆشیه‌كه سێ بڕیارى داوه:-
1- پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ وشیاركردنەوەی خەڵكی لەو نەخۆشییە و ڕێنوێنیكردن بۆ خۆپاراستنیان.
2- دابینكردنی بودجەیەك لەلایەن حكومەتەوە بۆ پرژاندنی دەرمان بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشیەكە و ئەو كارەش لە گوندەكانەوە دەستپێدەكات.
3- دروستكردنی ژووری كار لە سەرجەم پارێزگاكان تایبەت بە نەخۆشییەكە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات خۆیان بەدوور بگرن لە كڕینی گۆشت لە كوشتارگە لاوەكییەكان و ئەوانەی مەرجی تەندروستیان نییە، هەروەها دا‌واشیان لێ دەكات پاكوخاوێنی خۆیان بپارێزن تا دوور بن لە نەخۆشییەكە.
هه‌ر له‌م باره‌وه ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه 1/7/2018، حکوومەتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر بڵاوبونەوەی نەخۆشی "تای خوێنبەربوون" لە عێراقدا نییە .
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كردووه ، كه راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەوە دووپات دەکەنەوە کە 7 حاڵەتی ئەو نەخۆشییە لە عێراق تۆمارکراون ، کە پێنجیان بوونەتە هۆی مردن و یەکیان چاک بووەتەوە و ئەوەی دیکەشیان لەژێر چارەسەرى دایە.
راشیگه‌یاند" بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەم نەخۆشییە دەمێکە لەعێراق و دەوڵەتانی چواردەوری هەیە و یەکەم حاڵەت لەساڵی 1979 تۆمارکراوە و لەو مێژەشەوە چەندین تووشبوو لەعێراق تۆمارکراون، بەڵام سنورداربووە و لە وڵاتانی چواردەوریش چەندین حاڵەت هەبوون، بەڵام نەبووەتە پەتا".
ئەوەش باسکراوە کە راپۆرتەکان دڵنیایی دەدەن کە ئەم نەخۆشییە لە نەخۆشییە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵانه و لە کەسی توشبوو یان مێشوولەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەگەر گۆشت باش بکوڵێنرێت نەخۆشییەکە ناگوێزێتەوە.
تای خوێنبەربوون یاخۆد پەتای کۆنگۆ (CCHF)، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە سەرهەڵدەدات له رێگه‌ى ئاژه‌ل و مه‌ڕو مالات و په‌له‌وه‌ره‌وه، كه ئەم ڤایرۆسە لە شارەکانی ئەفریقا و بەلقان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ساڵانە زیاد دەکات و بڵاو ده‌بێته‌وه.
نەخۆشییەکە لە ڕێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە جەنگى جیهانی دووەمدا سەری هەڵداوەو 40%ى ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
"تای خوێن بەربوون" نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای مه‌یمۆن و ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ به‌هۆى به‌ركه‌وتنه‌وه، دواتر له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكى تر له رێگه‌ى شله‌و خوێنه‌وه ده‌گوازرێته‌وه.
*هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسیی "تای خوێن بەربوون" بۆ مرۆڤ:-
1- ئەگەر میشۆلهیهك یاخۆد گه‌نه‌یه‌ك هەڵگری ڤایرۆسەکە بە مرۆڤەوە بدات، ئەوا مرۆڤەکە تووشی تای خوێن بەربوون دەبێت، یان مرۆڤ مێشۆلهكه بگرێت و بیکوژێت و خوێنەکەی بەر مرۆڤ بکەوێت، تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.
2- ڤایرۆسه‌كه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه، لە رێگەی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبووەوە، کاتێک خوێنەکەی بەر مرۆڤ ده‌کەوێت، یاخۆد له رێگه‌ى خواردنى بەروبوومى ئاژه‌لى تووشبووه‌وه، بەڵام ئەگەرشیرى ئاژه‌ل باش بکوڵێنرێت، ئەوا هیچ ڤایرۆسێکی تێدا نامێنیت، هاوکات گۆشتی ئاژه‌ل بەهۆى کوڵاندنه‌وه ڤایرۆسەکەی تێدا نامێنێت.
* نیشانەکانی نەخۆشی "تای خوێن بەربوون":-
1- لە ماوه‌ى سێ بۆ حه‌وت رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون و نەخۆشییەکە تایەکی بەرزی دەبێت، هەموو جەستەی مرۆڤ ئازاری هەیە، بە تایبەت ئازار لە پشت و ملی دروست دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە تووشی سکچوون و ڕشانەوە ببێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.
2- دواتر نەخۆشەکە لە دەم و لووتییەوە خوێن بەردەبێت، پاشان لە پشتیشی پەڵەیەکی خوێن بەربوون دەردەکەوێت، لەوکاتەشدا دەبێت چارەسەر بکرێت.
* چارەسەری نەخۆشی "تای خوێن بەربوون":-
ده‌بێت هاولاتیان له‌وه ئاگادار بن، كه هەموو تایەک و خوێن بەربوونێک نەخۆشییەکە نییە، بەڵام بێگومان ئەگەر کەسەکە دەستکاری ئاژەڵی کردبێت، یان ئاژەڵی سەر بڕیبێت، یاخود تێکەڵی لەگەڵ ئاژەڵ هەبووبێت، یان لە جێگایەک بووبێت ئەو ڤایرۆسەی تێدابێت، گومان دەکرێت، بۆیە دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت، تاكو له ئه‌نجامه‌كه‌ى دلنیا بێته‌وه.
ئه‌گه‌ر له پشكنینه‌كان ده‌ركه‌وت كه نه‌خۆش تووشى ئه‌و ڤایرۆسه بووه، پێویستە لە نەخۆشخانە جیابکرێتەوە لەگەڵ نەخۆشەکانی دیکە، چونکە زۆرجار پاشەڕۆکەی دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی تر، هاوکات بەگوێرەی نیشانەکانی چارسەر دەکرێت، واته ئه‌گه‌ر نه‌خۆش تای هەبوو دەرمانی تای پێ دەدرێت، خوێنی کەم بوو ئه‌و كات خوێنی پێ ده‌درێت، یان سکچوون و ڕشانەوەی هەبوو، دەرمانی تایبەت بە سکچوونی پێدەدرێت، لەگەڵ دەرمانێکی دژە ڤایرۆسى تاكو رێگه له تهشنهكردنى بگیرێت و به یه‌كجارى بنبڕ بكرێت.
به گوێره‌ى راپۆرتێكى پزیشكى له رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى، نەخۆشەکە بە رێژەی 30-40%، ئەگەری مردنی هەیە ، به‌لام به رێژه‌ى 70% ئەگەری چاکبوونەوەشی هەیە، ئەگەر زوو دەستنیشانی حاله‌تى نەخۆشییەکە بکرێت و چارەسەرى بۆ بکرێت.
* ڕێگاکانی خۆپاراستن له نه‌خۆشى "تای خوێن بەربوون":-
1- دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لە سەر شەقامەکان بە رێگه‌ى نایاسایی.
2- ئەو کەسانەی گۆشت ده‌فرۆشن، دەبێت سەرجەم رێنماییە ته‌ندروستییه‌كان پەیڕەوبکەن، وەک بەکارهێنانی دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت، هاوکات بەکارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەوەی نزیک نەبنەوە لە ئاژەڵەکان، ئەو کەسانەش کە سەردانیان دەکەن بەمەبەستی کڕین دەبێت ئاگاداربن و زۆر نزیكى شوێنه پیسه‌كان نه‌كه‌ون و به ووشیارى مامه‌له له‌گه‌ل كۆشتدا بكه‌ن.
3- پێویسته مرۆڤ خۆى له‌و ئاژه‌لانه دوور بخاته‌وه، كه گەنەو مێشۆلهیان له سه‌ر لاشه‌ى نیشتووه‌و خوێنى ئاژه‌له‌كان ده‌مژن و دواتر به مرۆڤه‌وه ده‌ده‌ن و خوێنه‌كه بۆ مرۆڤ ده‌گوازنه‌وه.
له لایه‌كى تره‌وه رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى (WHO) له پرۆژه‌یه‌كدا كۆشش ده‌كات بۆ بلاو كردنه‌وه‌ى هۆشیارى ته‌ندروستى له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه له‌ناو هاولاتیانداو له لایه‌كى تره‌وه به هاوكارى ته‌ندروستى ولاتان به‌رنامه‌یه‌كى ئاماده كردووه به تایبه‌ت له ولاتانى ئه‌ورووپا و رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست و ئاسیا‌و ئه‌فریقیا، به مه‌به‌ستى بنبڕ‌كردنى ئه‌و هۆكارانه‌ى كه ده‌بنه هۆى بلاوكردنه‌وه‌ى ڤایرۆسى نه‌خۆشیه‌كه له رێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى ده‌رمانى دژه ڤایرۆسى و گرنگى دان به پاك و خاوێنى ئه‌و شوێنانه‌ى كه ئاژه‌ل و په‌له‌وه‌ریان تێیدا به‌خێو ده‌كرێت.
ئاماده‌كردن: رفعت م‌ح سمایل مزوری
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.