Erbil 38°C یەکشەممە 05 کانوونی دووەم 04:53

چۆن خۆمان له‌ گڕه‌بردوویی رزگار بکه‌ین

رێكاره‌كانی رزگاركردن به‌مشێوه‌یه‌ن
چۆن خۆمان له‌ گڕه‌بردوویی رزگار بكه‌ین
کوردستان TV
100%

له‌ وه‌رزه‌ گه‌رمه‌كانی هاویندا یه‌كێك له‌و كێشه‌ مه‌ترسیدارانه‌ی كه‌ تووشی دانیشتووانی ناوچه‌ گه‌رمه‌سێره‌كان ده‌بێته‌وه‌ گڕه‌بردوویی یان گه‌رمابردووییه‌. گڕه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ ئه‌گه‌ر فریای كه‌سی گڕه‌بردوو نه‌كه‌وین ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ جه‌سته‌ی ته‌واو وشك ببێته‌وه‌ و بمرێت. ئێستاش رێگه‌ چاره‌كانی رزگار كردنی كه‌سی گڕه‌بردوو ده‌خه‌ینه‌ڕوو تا ئه‌گه‌ر كه‌سێك تووشی ئه‌و دۆخه‌ هات بزانین چۆن رزگاری بكه‌ین.

سه‌ره‌تا نیشانه‌كانی كه‌سی گه‌رمابرده‌ بزانن: زیادبوونی گه‌رمایی جه‌سته‌، سه‌ره‌گێژه‌ و وڕبوون، دۆخی جه‌سته‌یی بێهێز و نه‌بوونی مه‌یلی خواردن، تونیه‌تیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، ترپه‌ی خێرای دڵ، ئاره‌قه‌ی زۆر، گۆڕانی ره‌نگ و نمدار بوونی پێست، گرژبوونی ئازارده‌ری ماسولكه‌كانی جه‌سته‌.

رێكاره‌كانی رزگاركردن به‌مشێوه‌یه‌ن:

 1_ كه‌سی گه‌ڕه‌بردوو به‌ره‌ن بۆ شوێنێكی فێنك و جله‌ زیاده‌كانی له‌به‌ر داكه‌نن و بڕێكی باش ئاوی پێبده‌ن تا بیخواته‌وه‌ و ئینجا به‌ ئیسفه‌نج یان به‌شێوه‌ی سپڕای ئاوێكی فێنك به‌سه‌ر جه‌سته‌یدا بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

2_ ماوه‌یه‌ك له‌لای كه‌سه‌كه‌ بمێننه‌وه‌ تا باری جه‌سته‌یی جێگیر ده‌بێت، ئینجا هه‌ر چه‌ند خوله‌ك جارێك خێرایی هه‌ناسه‌ و ترپه‌ی دڵی چێك بكه‌ن تا بزانن به‌ره‌و دۆخی نۆڕماڵ رۆیشتووه‌ یان نا، به‌شێوه‌ی ئاسایی به‌م رێكارانه‌ دوای نیو كاتژمێر ده‌بێ بارودۆخی كه‌سه‌كه‌ باشتر بووبێت.

بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌یانهه‌وێ رێگه‌ له‌ تووشبوون به‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بگرن، باشتره‌ كه‌ ئه‌م خاڵانه‌یان له‌به‌رچاو بێت:

- بۆ پێشگیری له‌ تووشبوون به‌ گه‌رمابرده‌یی  ئاوی فێنك به‌ رێژه‌ی پێویست بخۆنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیی ئه‌گه‌ر له‌ گه‌رمادا وه‌رزش ده‌كه‌ن.

- له‌ رۆژه‌ و كاتژمێره‌ زۆر گه‌رمه‌كاندا تا ئه‌وكاته‌ی ناچار نه‌بن له‌ ماڵه‌وه‌ مه‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و تا بتوانن له‌به‌ر تیشكی خۆر رامه‌وه‌ستن.

- پێستی خۆتان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆری دڵخوازتان فێنك بكه‌نه‌وه‌ و جلی تۆزێك به‌رین و به‌ ره‌نگی كراوه‌ بكه‌نه‌به‌رتان.

به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ فێنك كردنه‌وه‌ی جه‌سته‌تان ئاو مه‌كه‌ن به‌سه‌رتاندا، چونكه‌ تووشی ژانه‌سه‌ر ده‌بن، له‌بری ئه‌وه‌ پێیه‌كان یان مه‌چه‌كی ده‌ستتان فێنك بكه‌نه‌وه‌ تا هه‌موو جه‌سته‌تان فێنك ببێته‌وه‌.

- چاویلكه‌ و كرێمی دژه‌ خۆریش له‌بیر مه‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌مانه‌ش پارێزه‌ری باشی چاوتان و پێستی ده‌موچاوتانن. 

سه‌رچاوه‌ / سپۆتنیك
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.