Erbil 38°C سێشەممە 19 تشرینی دووەم 11:22

یه‌کێتى تۆپی پێی کوردستان چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌کى نوێی ده‌رکرد

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌
کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2018/7/7 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك و سه‌رجه‌م ئه‌نداماكانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى به‌ست و چه‌ند بڕیار و راسپارده‌یه‌كى نوێی ده‌ركرد، كه‌ ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ن:

1- سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌كه‌مان سزادراون، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك لێبوردن نایانگرێته‌وه‌.

2- ستافى راهێنه‌رانى تیپه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى پارێزگاكانى كوردستان، پێویسته‌ بڕوانامه‌ى باوه‌ڕپێكراویان هه‌بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناتوانێ راهێنه‌رایه‌تى بكەن.

3- له‌ كاتى ئه‌نجامدانى یارییه‌كانى چالاكى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، ته‌نیا راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌رى راهێنه‌ر ده‌توانن له‌ ناوچه‌ى هونه‌رى رێنمایی به‌ یاریزانه‌كانیان بده‌ن، پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیارى یارى و ناوبژیوانان ئه‌مه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

4- له‌ یارى نێوان سیروانى نوێ و سیروانى شاره‌زوور له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ كۆنترۆڵكردنى ناوچه‌ى هونه‌رى به‌ تایبه‌ت له‌ لایه‌ن راهێنه‌رى سیروانى شاره‌زوور بریاردرا، به‌ راگرتنى سه‌رپه‌رشتیارى یارى (حوسێن محه‌ممه‌د) و ناوبژیوانى یاری (په‌یوه‌ند یوسف) بۆ دوو یارى.

5- به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ به‌رێوه‌بردنى قۆناخى كۆتایی خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، وه‌ك نه‌بوونى ئه‌مبولانس له‌ كاتى یارییه‌كان و خراپى شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى یانه‌كان و كۆنترۆڵ نه‌كردنى یاریگه‌ و نانه‌وه‌ى گرفت و ئاژاوه‌ له‌ لایه‌ن هانده‌رانى یانه‌ى زاخۆ، بریاردرا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پاڵه‌وانیه‌تى به‌ شێوه‌ی كۆبوه‌وه‌ له‌ شارى زاخۆ ئه‌نجام نەدرێت.

6- له‌ وه‌رزى 2018/2019 ته‌واوى یارییه‌كانى تیپى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ى زاخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاریگه‌ى خۆى به‌ بێ ئاماده‌بوونى هانده‌ر ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان یاریگه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات.

7- ئاگادارى كارگێرانى یانه‌ى زاخۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ چالاكییه‌كانى داهاتووى یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌ جوانترین شێوه‌ یاریگه‌ ئاماده‌ بكه‌ن و كۆنترۆڵى جه‌ماوه‌رى خۆیان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر كارێكى دوور له‌ گیانى وه‌رزشى ئه‌نجام بده‌ن، سزاكان توندتر ده‌بن.

8- غه‌رامه‌كردنى یانه‌ى زاخۆ به‌ بڕى 3,000,000 سێ ملیۆن دینار.

9- به‌ هۆى ره‌وشتى دوور له‌ گیانى وه‌رزشى و نانه‌وه‌ى كێشه‌ و گرفت له‌ یارى كۆتایی خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ى زاخۆ و هه‌ولێر، بریاردرا به‌ دوورخستنه‌وه‌ و راگرتنى گۆڵپارێزى یانه‌ى زاخۆ (هۆگر حوسێن) ژماره‌ (32) و یاریزانى یانه‌ى زاخۆ (یوسف ئه‌حمه‌د) ژماره‌ (25)، بۆ یه‌ك وه‌رز 2018/2019.

10- دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆكى یانه‌ى زاخۆ (بارزان مسته‌فا) بۆ پێنج یارى له‌ خولى نایابى كوردستان بۆ وه‌رزى 2018/2019، كه‌ ناتوانێ له‌ یارییه‌كانى یانه‌كه‌ى ئاماده‌بێت و، پێویسته‌ به‌ فه‌رمى داواى لێبوردن له‌ یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بكات.

11- به‌ هۆى نانه‌وه‌ى ئاژاوه‌ و دروستكردنى كێشه‌ و گرفت و هه‌ڵسوكه‌وتى دوور له‌ گیانى وه‌رزشى له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ى هانده‌رانى یانه‌ى زاخۆ، له‌ یارى كۆتایی خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ى زاخۆ و هه‌ولێر، پێویسته‌ یانه‌ى زاخۆ به‌ فه‌رمى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ هه‌ڵبوشێنێته‌وه‌.

12- سوپاس و پێزانین ئاراسته‌ى سكرتێرى یانه‌ى زاخۆ (ئیدریس كۆچه‌ر) و سه‌رپه‌رشتیارى تیپ و راهێنه‌رى تیپى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ى زاخۆ (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د و ره‌زوان نازى) ده‌كه‌ین.

13- سوپاس و پێزانین ئاراسته‌ى پیاوانى پۆلیسى شارى زاخۆ ده‌كه‌ین، كه‌ رۆڵێكى شارستانى و جوامێرانه‌یان هه‌بوو له‌ كۆنترۆڵكردنى كێشه‌ و ئاژاوه‌كانى یارى نێوان زاخۆ و هه‌ولێر له‌ یارى كۆتایی خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ تایبه‌ت مقده‌م (نزار سلێمان) زۆر سوپاسى ده‌كه‌ین.

14ـ غه‌رامه‌كردنى یانه‌ى برایه‌تى به‌ بڕى 2,000,000 دوو ملیۆن دینار، پێویسته‌ به‌ فه‌رمى داواى لێبوردن له‌ یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناتوانن له‌ هیچ چالاكییه‌كى یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌شدارى بكه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى ئاماده‌نه‌بوونیان له‌ مه‌راسیمى كۆتایی خولى نایابى كوردستان وه‌رزى 2017/2018 له‌ شارى دهۆك.

15- هه‌ر سه‌رپه‌رشتیارێك و ناوبژیوانێكى به‌شدار له‌ چالاكییه‌كانى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیارى و ناوبژیوانى یارییه‌ دۆستانه‌كانى یانه‌ى برایه‌تى بكه‌ن، تووشى سزاى توند ده‌بنه‌وه‌.

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.