نووسینی سۆران حه‌مه‌ڕه‌ش
وه‌ك مێژوونووسوسێك، هه‌ندێك بابه‌ت له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و خه‌ڵكی تر به‌زۆر بۆ كورد، ده‌بنه مایه‌ی بێزاری بۆم و پێم وایه زۆرینه‌ی ئه‌و بابه‌تانه هیچ خزمه‌تێك به مێژووی كورد و كوردستان ناگه‌یه‌نن. به‌ڵام له حاڵه‌تی كرواتدا، ئه‌وه كورد نیه ده‌ڵێت ئه‌وان بنه‌چه‌یه‌كی كوردی یان به ناو ئێرانیان هه‌یه، به‌ڵكو كرواته‌كانن كه سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته‌ن. ته‌نانه‌ت چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كۆمه‌ڵێك له ئه‌ندامانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ڕوویان كردبووه كرواتیا، له‌وێ هه‌ندێك له كرواتیه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌و وڵاته پێیان گوتبوون كه ئه‌وان بنه‌چه‌یان كوردیه و له كوردستانه‌وه ڕوویان كردۆته ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌و بابه‌ته ئه‌و كاته بۆ ماوه‌یه‌ك له میدیای كوردیدا باسكرا و زیاتر وه‌ك قسه و قسه‌ڵۆك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا. له‌و ساته‌وه چه‌ند جارێك ئه‌و پرسیاره‌م ئاڕاسته كراوه كه ئایا ئه‌و بۆچوونه‌ی كرواتیه‌كان تا چ ڕاده‌یه‌ك ڕاستیه‌كی مێژووییی له پشته‌وه هه‌یه؟
بۆ ئه‌وه‌ی كه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه ده‌بێت بزانین كرواته‌كان كێن و چۆن ئه‌و بۆچوونه‌یان له‌لا گه‌ڵاڵه بووه.
كرواتیه‌كان خه‌ڵكانێكن به زمانی كرواتی قسه ده‌كه‌ن. ئه‌و زمانه سه‌ر به لقی سلاڤیه كه له خێزانی هیندۆئه‌وروپیه. ئه‌م لقه زمانی ڕوسی، بولگاری، پۆڵه‌ندی، سربی، سلۆڤاكی و چه‌ند زمانێكی تر ده‌گرێته‌وه. وڵاتی كرواته‌كان به درێژایی مێژووی ئاینی كریستیانی، كه‌وتۆته نێوان كێشمه‌كێشی مه‌زهه‌بی كاسۆلیكی و ئه‌رزۆزۆكسه‌وه، به‌ڵام له ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه‌دا ئه‌وان په‌یڕه‌وی مه‌زهه‌بی كاسۆلیكی كریستیانی ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه زۆرێك له نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ریان ئه‌رسۆزۆكسن به‌تایبه‌ت نه‌یاره‌كانیان كه سربه‌كانن.
له سه‌ده‌ی نۆیه‌می زایینیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی كرواته‌كان له وڵاتی كرواتیا ده‌ركه‌وتووه و هه‌ندێك جار كاریگه‌ری هه‌نگاریای دێرین و نه‌مسا و دواتر له سه‌ده‌ی پانزه‌یه‌می زایینه‌وه كه‌وتوونه‌ته به‌ر هێرشی عوسمانیه‌كانه‌وه. به تایبه‌ت له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه كرواتیا بووه‌ته به‌شێك له یۆگۆسلاڤیا كه نه‌ته‌وه‌ی سرب تێیدا ده‌سه‌ڵاتدار بووه كه‌ززمانه‌كه‌یان سه‌ر به لقی سلاڤه‌كانه. پێشتر له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زاینیه‌وه سلاڤه‌كان ڕوویان كردۆته ناوچه‌ی به‌ڵكان و كرواتیاش وه‌ك به‌شێك له به‌ڵكان، كه‌وتۆته به‌ر كۆچی مه‌زنی سلاڤه‌كان كه ئه‌مڕۆ خه‌ڵكانی وه‌ك سرب، بولگاری، سلۆڤینی، ماسیدۆنی… پێكهێناوه. وه‌ك هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر، كرواته‌كان ده‌خوازن له ڕێگای مێژووه‌وه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن. له‌و ده‌ستنیشان كردنه‌دا زۆر جار له ژێر كاریگه‌ری هه‌وڵی خۆجوداكردنه‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی ده‌روبه‌ر، به تایبه‌ت سربیه‌كان كه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه باڵاده‌ست بوون له ناوچه‌كه‌دا، بۆچوونه‌كانیان داده‌ڕێژن. هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره كرواته‌كان پێیان وایه كه ئه‌وان هه‌رچه‌نده زمانه‌كه‌یان ئه‌مڕۆ سلاڤیه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا سلاڤی نه‌بووه و وورده وورده زمانه‌كه‌ی خۆیان له‌یاد كردووه و ئه‌مڕۆ به سلاڤی قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان له ناوچه‌كانی به‌ناو ئێران و كوردستانه‌وه هاتوونه‌ته‌وه ناوچه‌كه و زمانه‌كه‌یان له بنه‌چه‌دا نزیك بووه له زمانی ناوچه‌كانی كوردستان و ئێران.
ئه‌م بابه‌ته له ناو كرواته‌كاندا بابه‌تێكی دێرینه و پێشینه‌ی هه‌یه. تیۆریه‌كه سه‌ره‌تا له ساڵی ١٧٩٧ ز دا له دكتۆرانامه‌ی لێكۆله‌رێكی كرواتیدا ده‌ركه‌وتووه به ناوی جۆزیپ میكۆسزی بلومێنساڵ. ئه‌و تێزه له ژێر ناونیشانی ” كرواتیه‌كان كه سه‌ر به گروپی سلاڤین ئه‌وان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رمه‌تیه‌كان كه له بنه‌چه‌دا میدی بوون”. ئه‌و لێكۆڵه‌ره ده‌یه‌وێت بڵێت كه كرواته‌كان هه‌رچه‌نده سه‌ر به گروپی سلاڤین به‌ڵام له بنه‌چه‌دا له سه‌رمه‌تیه‌كانه‌وه هاتوون كه ئه‌وانیش بنه‌چه‌یان میدی بووه. ئه‌وه‌ی كه مایه‌ی سه‌رنجه له ساڵی ١٩١٨ وه و دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی یۆگۆسلاڤیا، ئه‌و دكتۆرانامه‌یه له‌ناوبراوه. ئه‌مڕۆ زۆر له كرواتیه‌كان پێیان وایه كه ناسیۆناڵیسته سلاڤیه‌كان كه له یۆگۆسلاڤیادا باڵاده‌ست بوون، ئه‌وه‌یان كردووه بۆ بزركردنی ئه‌و ڕابردووه مێژووییه‌ی كرواتیه‌كان. له حه‌فتا ساڵی ده‌وڵه‌تی یۆگۆسلاڤیادا به هیچ شێوه‌یك ڕێ به نووسین سه‌باره‌ت تیۆری بنه‌چه كورد/ئێرانی/ئیندۆئێرانی كرواته‌كان نه‌دراوه و خه‌ڵك له‌سه‌ر نووسین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته زیندان كراون. كه ئه‌وه له ناوبردنی دكتۆراكه ده‌خاته جێی گومانه‌وه و پێده‌چێت هه‌ر كاری ده‌وڵه‌تی یۆگۆسلاڤیا بووبێت.
به‌و جۆره له‌و ساته‌وه ئه‌م تیۆریه له ناو كرواته‌كاندا باسكراوه و زۆر به جدی وه‌رده‌گیراوه، به‌ڵام له دوای ساڵی ١٩٩١ و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌وه، ئه‌و تیۆریه ده‌رفه‌تی بۆ كراوه‌ته‌وه و دیسانه‌وه بوژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه و زیاتر كه‌وتۆته ناو ناوه‌نده زانستیه‌كانه‌وه. له ئه‌نجامدا هه‌ندێك له لێكۆڵه‌ره كرواتیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی نوێیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه. لێكۆڵه‌ره كرواتیه‌كان چه‌ندین نموونه‌ی زمانه‌وانی ده‌هێننه‌وه كه زمانی ڕه‌سه‌نی كرواتی سلاڤی نه‌بووه و زیاتر له زمانه به ناو ئێرانیه‌كانه‌وه نزیك بووه. هێنده ئه‌و بابه‌ته له‌و وڵاته‌دا گه‌رم بووه، به جۆرێك ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی كرواتی داناوه و خه‌ڵكی ئاسایی زۆر جار ده‌ڵێن كه ئێمه له كوردستانه‌وه هاتووین وكوردستان به شێوه‌ی جیاواز باس ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت یه‌كێك له گۆرانی بێژه هه‌ره به‌ناوبانگه كرواتیه‌كان به ناوی داركۆ ڕۆندێك، گۆرانیه‌كی بۆ كوردستان و كورده ئاواره‌كان گوتووه كه وڵات به‌جێده‌هێڵن. ئه‌مه‌ی خواره‌وه ته‌رجومه‌ی شیعری گۆرانیه‌كه و لینكی ڤیدیۆیی گۆرانیه‌كه‌یه:
له كاتێكدا كه ئه‌ستێره‌كان ده‌دره‌وشانه‌وه
ئێمه له‌سه‌ر سه‌هۆڵێكی ته‌نك ده‌ڕۆیشتین
هه‌ریه‌كه‌مان هیوا له چاوه‌كانماندا بوو
به‌ڵام تاریكیمان هه‌ر وه‌ك خۆی بوو
یاره‌كه‌م دووره لێم له ناو چیاكاندا
ئه‌و ڕێگایه‌ی كه ده‌چێته به‌رده‌رگه‌كه‌ی به مین چێنراوه
دوای هه‌ر بازگه‌یه‌كی سنوور لۆریه‌كانمان ده‌گۆڕی
پیاوه خراپه‌كان كه ڕێنمامان بوون
سه‌رقاڵی ژماردنی پاره‌كانیان بوون
ئێمه سه‌یرمان ده‌كردن كه ئه‌وان نانیان ده‌خوارد
ئێمه‌ش پاشماوه‌كانمان بۆ جێده‌هێڵرا
ئه‌و شتانه‌ی كه له‌وێدان پێم قبوڵ ناكرێن
ئه‌و ڕۆژه دێت كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه كوردستان
ملوانكه‌ی مرواری بۆ گه‌ردنه سپیه‌كه‌ت دێنمه‌وه
دوو ده‌نكه مرواری ناوه‌ڕاستی ملوانكه‌كه
ئه‌و دوانه‌یان من و تۆین.
سه‌یری ڤیدیۆی گۆرانیه‌كه بكه‌ن
ته‌نانه‌ت گروپێكی مۆسیقایی كرواتی گۆرانیه‌كی كوردی “خۆشه هه‌ورامان” یان به ته‌واوی وه‌ك خۆی به زمانی كوردی گوتۆته‌وه. هه‌ر وه‌ك له‌م لینكه‌دا ده‌بینرێت
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه‌كه ئایا به‌ڵگه‌ی زانستی تر هه‌یه كه پشتگیری له‌و تیۆریه بكات؟
گروپێكی مۆسیقایی كرواتی گۆرانیه‌كی “خۆشه هه‌ورامان” ده‌ڵێنه‌وه
له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر سه‌یری ناوه‌كانی كورد و كروات بكرێت، هیچ گومانێل له‌وه‌دا نیه كه پیته‌كانی پێكهاته‌ی ناوه‌كانی kurd/kurt و Kruat هه‌ر هه‌مان ناون. جگه له‌وه له هه‌ندێك له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا كه له‌سه‌ر دی ئێن ئه‌ی كرواتی كراون، ده‌ركه‌وتووه كه كرواته‌كان ٧٥% هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ كورد و ئه‌رمه‌ن هه‌یه وه‌ك له نه‌ته‌وه سلاڤیه‌كانی تر. واته له ڕووی جینه‌وه كرواته‌كان زۆر نزیكیان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه. به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر ئه‌و بۆچوونه به‌درۆ ده‌خاته‌وه و ئه‌و ئه‌نجامه ده‌خاته ژێر گومانه‌وه.
جگه له‌وه سه‌رچاوه مێژوویه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن پێش هاتنی سلاڤیه‌كان كه له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زاینه‌وه ڕوویان كردۆته به‌ڵكان و وڵاتی كرواتیا، سراس/سره‌یسیه‌كان له نزیك وڵاتی كرواته‌كان ژیاون. سراسیه‌كان ژماره‌یه‌كی كه‌م له وشه‌ی زمانه‌كه‌یان دۆزراوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه زۆربه‌ی وشه‌كانیان كوردی ئه‌مڕۆ یان كوردی دێرین/میدین. سراسیه‌كان له وڵاتی به‌ڵكان هه‌تاوه‌كو وڵاتی به ناو توركیای ئه‌مڕۆ ژیاون و دراوسێی یۆنانیه‌كان بوون. هه‌ندێك جار ناوی لێكدراوی زۆر ئاڵۆزی سراسه‌كان زمانی كوردی نوێ یان میدیه. یه‌كێك له هۆزه‌كانیان دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به “سه‌ره‌په‌ڕه‌یی” تۆماركراوه و هه‌ر ئه‌و كات له سه‌رچاوه‌كاندا ناوه‌كه لێكدانه‌وه‌ی بۆ كراوه هه‌ر به هه‌مان مانای “سه‌رپه‌ڕێن” ی كوردی ئه‌مڕۆ. به ڕه‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی كه زۆر جار سراسیه‌كان وه‌ك یۆنانه‌كان پیتی “س” ده‌خه‌نه سه‌ر ووشه‌كان، زۆر گۆڕانكاری ئه‌وتۆ له نێوان وشه‌ی كوردی نوێ و هه‌ندێك وشه‌ی سراسیدا ڕووی نه‌داوه. هه‌ر وه‌ك له وشه‌كانی خواروه‌دا به شێوه‌ی كوردی/سراسی ده‌بینرێت:
بۆر/بره‌س
به‌ند/به‌ند
بزن،بزه/بزه‌س
داڵه‌دان، داڵه/دێڵێ
زانتو/دێنتو (وشه‌ی “زانتو” له زمانی میدیدا مانای “هۆز” ی داوه، كه له وشه‌ی “زان/زایین” وه دروستكراوه، ده‌بینرێت له زمانی سراسیدا به نزیكی وه‌ك یه‌ك بووه)
ئه‌سپ/ئه‌سڤه ( له سه‌رده‌می هوریه‌كاندا له كوردستاندا پێی گوتراوه “ئه‌سو” و دوای میده‌كان كردوویانه‌ته “ئه‌سپه”)
م/مه (ڕاناوی خاوه‌ندارێتی)
پس، پ‌ز/پێز (به مانای “كوڕ”)
سوێر/سوره‌س
تیشك/تیشه
زان/زێنس (به مانای “زایین”)
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند نموونه‌یه‌كی هاوبه‌شیی زمانه‌وانی نێوان خه‌ڵكی دێرینی نزیك كرواتیا و كوردی/میدیه، پێش ئه‌وه‌ی كه زمانه‌كایان ببێته سلاڤی. له ڕاستیدا په‌یوه‌ندیه‌كه هه‌ر زمان نیه، سه‌رچاوه‌كانی دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، مۆسیقای سراسیه‌كان به به مۆسیقای ڕۆژهه‌ڵات (شرق) ی جودا له ئه‌وروپی داده‌نێت. كه ئه‌مه ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێت سراسیه‌كان خه‌ڵكانێكی ڕۆژهه‌ڵاتی بوون كه زمانه‌كه‌یان له كوردی ئه‌مڕۆ و میدیه‌وه نزیك بووه ، پێش ئه‌وه‌ی كه سلاڤیه‌كان ڕوو بكه‌نه ئه‌و وڵاته.
ئه‌نجام ئه‌وه‌ی كه ڕوونه كرواتیه‌كان وه‌ك هه‌وڵێك بۆ خۆجوداكردنه‌وه له نه‌ته‌وه‌كانی دوروبه‌ریان، حه‌ز ده‌كه‌ن له ڕووی مێژووییه‌وه تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بێت و كاریگه‌ری ناسیۆناڵیستی له‌سه‌ر ئه‌و تیۆریه هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك له سه‌ره‌وه ڕوونكرایه‌وه ئه‌م بۆچوونه بێ بنه‌ما نیه. ناوی كرواته‌كان له‌گه‌ڵ كورد دا هاوشێوه‌یه و هه‌روه‌ها زمانی خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی نزیك كرواتیای دێرین له زمانی كوردی/میدی نزیك بووه و ئه‌وان له سه‌رچاوه‌كاندا به ڕۆژهه‌ڵاتی دانراون وه‌ك له ئه‌وروپی. هه‌روه‌ها هه‌ندێك سه‌رچاوه ئاماژه به بوونی په‌یوه‌ندی دی ئێن ئه‌ی (خوێن) له‌گه‌ڵ كورد دا ده‌كه‌ن هه‌رچه‌ندیشه بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و ئه‌و زانیاریه مشتومڕی له‌سه‌ره. واته بۆچوونی كرواته‌كان بنه‌مای زانستیشی هه‌یه و ده‌گونجێت له ڕابردوودا كرواته‌كان له كوردستانه‌وه كۆچیان كردبێته ئه‌و وڵاته و مانه‌وه‌ی ناوی ئه‌و خه‌ڵكه وه‌ك خۆی و بوونی هاوبه‌شیی زمانه‌وانی و فه‌رهه‌نگی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كرواتیای دێریندا، به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونن كه ده‌شێت ده‌رئه‌نجامه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی دكتۆراكه‌ی ساڵی ١٧٩٧ ی جۆزیپ میكۆسزی بلومێنساڵ، دروست بێت و خه‌ڵكی دێرینی كرواتیا كورد/میدی كۆچكردوو بن بۆ ئه‌و وڵاته. كێ ده‌ڵێت گه‌ر ئه‌و دكتۆرانامه سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن سلاڤیه‌كانه‌وه نه‌فه‌وتێنرایه، ئێستاكه به‌ڵگه‌ی زۆر ڕوونتر چنگ نه‌كه‌وتایه.
تێبینی:
– شیعری گۆرانی ناو بابه‌ته‌كه له لایه‌ن كه‌سێكی سربیه‌وه به تایبه‌ت له سه‌ر داواكاری من ئه‌ركی كێشاوه و له زمانی كرواتیه‌وه ته‌رجومه‌ی كردۆته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و جارێكی تر خۆم كردوومه‌ته‌وه به كوردی، بۆیه ته‌رجومه‌ی شیعره‌كه ته‌رجومه‌ی ده‌ستی دووه له زمانی كرواتیه‌وه.
– چه‌ند تیۆریه‌كی تر له ناو كرواتیه‌كاندا هه‌ن سه‌باره‌ت به بنه‌چه‌یان به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی كورتكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه لێره‌دا زیاتر بایه‌خ به به‌شی په‌یوه‌ندی به كورده‌وه درا.
– وێنه‌كه‌ی لای ڕاست پیاوێكی كرواتیه كه له ساڵی ١٨٧٠ دا كێشراوه. وێنه‌كه‌ی لای چه‌پ وێنه‌ی دوو پیاوی كوردن كه له ساڵی ١٨٨٠ دا كێشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
– حه‌مه‌ڕه‌ش، سۆران (٢٠١٣) كورد كێیه؟، له‌نده‌ن.
– “Are Croatians European or Iranian?” Croatian Genealogy Newsletter 9 (12 Jan. 2004): 2. Print.
– “Identity of Croatians in Ancient Iran” Iranian Chamber of Society (11 Jan. 2017)
– Tomicic, Z and Lovrik, A (1998) Identity of Croatians in Ancient Iran, Zagreb and Zlatko Tominic Publisher, Zagrib-Tehran.
– Vukcevich, I (2004) Croatia: Ludwig von Gaj and the Croats are Herrenvolk Goths Syndrome, Xilibris Corporation, USA.
historyofkurd.com
كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.