ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر نه‌بوونی ئاو، كاره‌با و نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار له ژماره‌یه‌ك له پارێزگاكانی باشووری عێراق به‌رده‌وامه و تاكو ئێستاش له میانی خۆپیشاندانه‌كاندا، چوار خۆپیشانده‌ر كوژراون و 128خۆپیشانده‌ر و كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون.
له‌مباره‌یه‌وه ملازم محه‌مه‌د خه‌ڵه‌ف، ئه‌فسه‌ر له سوپای عێراق، رایگه‌یاندووه: دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران له به‌سره هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان خۆپیشانده‌ران و ھێزه ئه‌منییه‌كاندا روویداو دوو خۆپیشانده‌ر كوژراون و هه‌روه‌ها 19خۆپیشانده‌ر و 16 كارمه‌ندی ھێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون.
ھاوكات له پارێزگای موسه‌ننا دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران ھه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی دیوانی پارێزگا، دوو خۆپیشانده‌ر كوژران و 50 كارمه‌ندی ھێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون.
له پارێزگای میسان-یش له میانی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه‌كان له‌و شاره 24 خۆپیشانده‌ر برینداربوون.
له پارێزگای زیقار-یش رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان خۆپیشانده‌ران و ھێزه ئه‌منییه‌كان روویداوه و به ھۆیه‌وه 12 خۆپیشانده‌ر له‌گه‌ڵ 7 كارمه‌ندی ھێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.