Erbil 38°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 10:05

 شه‌هره‌زاد، له‌ نێوان سیاسه‌ت و رۆمانسیه‌تدا

سیاسه‌تێكی دكتاتۆرانه‌ی خۆ سه‌پێنه‌ر دژ به‌ ئازادی بیرورا بوو
کوردستان TV
100%

ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

سه‌رده‌می شه‌هره‌زاد

شه‌هره‌زاد ئه‌و زنجیره‌ ئێرانیه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی محه‌مه‌د ئیمانی و ده‌رهێنانی حه‌سه‌ن فه‌تحییه‌، به‌ به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی بواری شانۆو سینه‌ما: ترانه‌ عه‌لی دۆستی ـ شه‌هره‌زاد) (شه‌هاب حوسه‌ینی ـ قوباد) (مسته‌فا زه‌مانی ـ فه‌رهاد) (مه‌هدی سوڵتانی ـ هاشم) (په‌ریناز ئیزیدیارـ شیرین) (عه‌لی نه‌سیریان ـ بزورگ ئاغا) (گیلاری عه‌باسی ـ عائیشه‌) (مه‌حموود باك نیت ـ جمشید) و چه‌ندین ئه‌كته‌ری ناوداری بواری سینه‌ماو شانۆی ئێرانی.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ كه‌ناڵی كورد سات له‌ سێ به‌شی دۆبلاژكراودا بۆ بینه‌رانی كوردستانی نمایش كرا، بۆته‌ پڕ بینه‌رترین زنجیره‌ی درامی، به‌ تایبه‌ت بۆ بینه‌ری ئێرانی،كه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ سه‌رده‌می پڕ له‌ مه‌رگه‌ ساتی ساڵانی كۆتایی په‌نجاكانی ئێران به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، له‌ رووه‌ ناشیرینه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ململانێی مافیاكان و جیاوازی چینایه‌تی و زه‌وتكردنی ئازادی و راوه‌دوونانی رۆژنامه‌نووسان، له‌ توێ ی به‌رجه‌سته‌كردنی سه‌ربورده‌یه‌كی خۆشه‌ویستی دوو قوتابی گه‌نج كه‌ یه‌كێكییان له‌ كولێژی پزیشكی (شه‌هره‌زاد)ه‌، ئه‌وی تریان له‌ بواری رۆژنامه‌وانیدا (فه‌رهاد) كار ده‌كه‌ن، له‌و زه‌مه‌ندا كه‌ بازرگانه‌كانی تریاك و و ده‌ره‌به‌گ و مافیاكان هه‌ر یه‌كه‌وله‌ شێوه‌ی ئیمپراتۆریه‌تێكی بچووك كار بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌ گه‌ڵ كاربه‌ ده‌سته‌ هه‌ره‌ باڵاكانی ده‌وڵه‌ت، به‌ ئاره‌زووی خۆیان گاڵته‌ به‌ چاره‌نووس و ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌وان هه‌ر ته‌نها ململانێكانییان له‌ گه‌ڵ یاسا و عه‌داله‌ت و مافی مرۆیی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ پێناو تێركردنی چاوچنۆكییه‌ بێ سنووره‌كانی خۆیان، ململانێ له‌ گه‌ڵ هاوكوفه‌كانی خۆشییان ده‌كه‌ن و له‌و پێناوه‌دا یه‌كتر له‌ ناو ده‌به‌ن.

ئه‌و فه‌رهادو شه‌هره‌زاده‌ كه‌نموونه‌ی نه‌وه‌یه‌كی نوێ ی ئازادیخوازی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن، له‌ ناو ئه‌و كه‌شو هه‌وا خنكێنه‌ره‌ی ئازادی دا یه‌كتریان خۆش ده‌وێ و به‌ڵێنی بۆ یه‌كبوون به‌ یه‌كتر ده‌ده‌ن، له‌ ئان وساتێكا رۆژانه‌ لایه‌نگرانی دكتۆر موسه‌دق دژی ده‌سه‌ڵات ده‌پرژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و رژێمیش به‌ ئاگرو ئاسن هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر باره‌گای گۆڤارو رۆژنامه‌كان و رۆژنامه‌نووسه‌كانیان ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و له‌ سێداره‌یان ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌تا فه‌رهاد یه‌كێ له‌و رۆژنامه‌ نووسانه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو هه‌ڵمه‌تی راوه‌ دوونانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و فرمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت.

 راسته‌ ده‌رهێنه‌ر رووداوه‌كان بۆ ساڵانی كۆتایی په‌نجاكان ده‌گێڕێته‌وه‌ و له‌ ژێر ئه‌و په‌رده‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ ژێر سانسۆر تێده‌په‌ڕێنێ، به‌ڵام هه‌موو بینه‌رێك ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ ئه‌و واقیعه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌ و له‌ گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی ئیسللامی له‌ ئێران و تا ئێستاكه‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ فاكته‌ره‌ هه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كانی راكێشانی سه‌رنجی بینه‌رو له‌ باوه‌ش گرتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌و قه‌واره‌و جۆش و خرۆشه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ تێنوویه‌تی بینه‌ر له‌ نمایشكردنی ئه‌و واقیعه‌ ده‌شكێنێ.

تێپه‌ڕاندنی هێڵی سوور له‌ لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌، ره‌خنه‌یه‌كی زۆری لای موحافیزه‌كانه‌وه‌ دروست كرد، به‌ڵام زۆرێكیش هه‌بوون پێیان وابوو زنجیره‌كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی دروستدا تێده‌په‌ڕێ، به‌ هۆی تێكشاندنی ئه‌و ته‌وقه‌ی له‌ ئه‌ستۆی دراماو سینه‌مای ئێرانیدا كراوه‌ و به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ شه‌هره‌زاد هه‌وڵێكه‌ بۆ دروستكردنی فۆرمێكی نوێ له‌ درامای ئێرانیدا، كه‌ تێیدا خواستی زۆرێك له‌ بینه‌ران به‌ تایبه‌تیش گه‌نجه‌كان به‌دی بێنێ.

ئه‌م فۆرمه‌ نوێیه‌ وای كرد كه‌ شه‌هره‌زاد هه‌ر ته‌نها نه‌بێته‌ خاوه‌نی زۆرترین بینه‌ر له‌ ئێراندا، به‌ڵكو سنووری ئیقلیمی خۆشی تێپه‌ڕێنی به‌ره‌و به‌ جیهانیبوون، وه‌ك ده‌رهێنه‌ری زنجیره‌كه‌(حه‌سه‌ن فه‌تحی) له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: شه‌هره‌زاد هه‌ر ته‌نها به‌رهه‌مێكی نێو خۆییی تلفازی ئێران نابێت، به‌ڵكو ده‌بێته‌ به‌رهه‌مێكی نێو ده‌وڵه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی (نیت فلیكس) گرێ به‌ستێكی له‌ گه‌ڵ په‌خش كاره‌ جیهانیه‌كاندا مۆر كرد، بۆ كڕین و په‌خشكردنی زنجیره‌كه‌ به‌ چه‌ندین زمانی تر.

ئاراسته‌كانی شه‌هره‌زاد

زنجیره‌ی شه‌هره‌زاد به‌ دوو ئاراسته‌ی (سیاسی) و (رۆمانسی)دا ده‌ڕوات، له‌ یه‌كه‌میاندا به‌رجه‌سته‌ی سیاسه‌تێكی دكتاتۆرانه‌ی خۆ سه‌پێنه‌ر دژ به‌ ئازادی بیرو راو دیموكراسیه‌ت ده‌كات، له‌ دووه‌میاندا ئه‌و مافیاو ده‌سه‌ڵات دار و بازرگانانه‌ به‌ هه‌مان پێوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی،ده‌یانه‌وێت بازرگانی به‌ مرۆڤیشه‌وه‌ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بۆ ده‌سته‌به‌سه‌رداگرتنیكردنی خۆشه‌ویستیش به‌كاربێنن، وه‌ك هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی بازاڕی سه‌ودا به‌ خۆشه‌ویستی بكه‌ن.

ئه‌وه‌تا ئیمپراتۆرێكی مافیایی وه‌ك بوزورگ ئاغا به‌ زۆر شیرینی كچی له‌ قوبادی برازای ماره‌ ده‌كا بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و قوباده‌ ئه‌و شیرینه‌ی ناسیبێ، یاخۆشی ویستبێ، ئه‌و خۆش نه‌ویستنه‌ تا كۆتاییهاتنی ژیانی ئازاری ده‌داو ده‌بێته‌ هۆی هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌ سه‌ری دێ، ئه‌وه‌تا كاتێ بوزورگ ئاغا ده‌یه‌وێت به‌ سزا دان و لێدان قوباد ناچار بكات به‌ خۆشویستنی كچه‌كه‌ی، به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتی جه‌به‌ڕووتی خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ناچێته‌ سه‌ر.

كاتێكیش ئاره‌زوو ده‌كات دڵی شه‌هره‌زاد داگیر بكات و ناچاری به‌ زه‌ماوه‌ندی بكات له‌ گه‌ڵ زاواكه‌ی به‌ هۆی نه‌زۆكی كچه‌كه‌ی و ره‌چه‌ڵه‌كنه‌نانه‌وه‌ بۆ دیوانسالاری، به‌رامبه‌ر به‌ رزگاركردنی رۆحی فه‌رهاد له‌ سه‌ر په‌تی سێداره‌، شه‌هره‌زاد ناچار ده‌كات له‌ نێوان دوو بژارده‌دا یه‌كێكییان هه‌ڵبژێرێ، یا شووكردن به‌ قوباد، یاخود له‌ سێداره‌ دانی فه‌رهادی خۆشه‌ویستی، شه‌هره‌زاد بۆ پاراستنی رۆحی فه‌رهاد ناچار ده‌بێت هاوسه‌رگیری له‌ گه‌ڵ قوباد دا بكات، به‌ڵام بزورگ ئاغا ناتوانێت به‌ زۆر خۆشه‌ویستی قوباد له‌ دڵی شه‌هره‌زاددا بچێنێ.

حه‌سه‌ن فه‌تحی له‌ دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا گوتی: دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ی زنجیره‌كه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا به‌ ده‌ستی هێنا، بینه‌ران هانیان داین بیر له‌به‌رهه‌مهێنانی هه‌ردوو به‌شی دووه‌م و سێیه‌میش بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دوای نمایشكردنی 26 ئه‌لقه‌ی به‌شی یه‌كه‌م كه‌ رووداوه‌كانی ساڵانی كۆتایی په‌نجاكان، له‌ به‌شی دووه‌مدا باس له‌ سه‌رده‌می پێش سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئیسلامی بكه‌ین له‌ ئێراندا، له‌ هه‌مان كاتدا چاره‌نووسی دوایی ئه‌و چیرۆكه‌ رۆمانسیه‌ی شه‌هره‌زادو فه‌رهاد بگه‌ینینه‌ ئه‌نجام.

له‌ به‌شی یه‌كه‌مداكه‌ 26 ئه‌لقه‌یه‌و دۆبلاژه‌كه‌ی بۆته‌ 33 ئه‌لقه‌، ده‌رهێنه‌ر زێتر له‌ سه‌ر پرۆسه‌ سیاسیه‌كان وه‌ستاوه‌ و وێنه‌یه‌كی جوانی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ سیاسیه‌ خنكێنه‌ره‌ی ئه‌و كاته‌ی نیشان داوه‌، له‌ به‌رگێكی كلاسیكی، له‌ جلوبه‌رگ و ئیكسسوارات و بیناسازی و باڵه‌خانه‌و ئۆتۆمبیل و هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی تر، كه‌ بینه‌ر بتوانێت وێنه‌یه‌كی ده‌قاو ده‌قی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ببینێ، له‌ قومار خانه‌و مه‌یخانه‌و سینه‌ماو شانۆ و بازاڕو هه‌موو رواڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی ژیان،ره‌نگه‌ نیشاندانی زۆر له‌و رۆاڵه‌تانه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ تی ڤی و سینه‌مای ئێرانی دا قه‌ده‌غه‌ كراون.

مسته‌فا زه‌مانی ـ وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی زنجیره‌كه‌ ده‌رباره‌ی به‌شی دووه‌م و سێیه‌می زنجیره‌كه‌ ده‌ڵێت: من پێم وایه‌ ئه‌و دوو به‌شه‌ له‌ به‌شی یه‌كه‌م تێرتره‌، چونكه‌ دوای سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌رهێنه‌ر گۆڕانكاری زۆری له‌ فۆرمی زنجیره‌كه‌دا كرد، هه‌روه‌ها گوتی: مه‌عنه‌ویاتی تیمی زنجیره‌كه‌ له‌و دوو به‌شه‌دا زۆر به‌رز تر بوو له‌ یه‌كه‌م به‌شدا، رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی12 كاژێر زێتر له‌ به‌رده‌م كامێرادا ده‌وه‌ستان، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بێزاربوون بكه‌ن.

له‌ به‌شی سێیه‌می زنجیره‌كه‌ چه‌ند كاراكته‌رێك زێده‌كراون،ئه‌وه‌تا ئه‌كته‌ری ناسراوی ئێرانی (ئه‌میر جه‌عفه‌ری) رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌و دوو به‌شه‌دا وه‌ك نه‌قیب ده‌بینێت، هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ری ناسراو رویال نونهالی و ره‌زا كیانیان، ئاتنه‌ فه‌قیه‌ نه‌سیری،مه‌هدی سوڵتانی،په‌ریناز ئیزدیار، عه‌لی نه‌سریان،مه‌حمود پاك نیت،حه‌مید ره‌زا،ره‌زا به‌هبودی، ره‌زا كیانیان، ئه‌میر حسێن رۆسته‌می، لیندا كیانی،كلاره‌ عه‌باسی،فریبا مته‌خه‌سس، سوهه‌یلا ره‌زه‌وی،غه‌زه‌ل شاكری، ناهد موسلمی،فرخ نیعمه‌تی و چه‌ند ئه‌كته‌رێكی تر. هاتنه‌ ریز ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تر   

یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ به‌شداریبوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌كته‌ره‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌كانی بواری سینه‌ماو شانۆی ئێرانه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش توانیوویانه‌ به‌رجه‌سته‌ی كاراكته‌ره‌كانی خۆیان بكه‌ن له‌وانه‌

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.