لە چوارچێوەی یارییەکانی جەولەی دووەمی خولی پلە یەکی عێراق بۆ تۆپی پێی کۆمەڵەی یەکەم.
لە گێمی یەکەمی یەکەمی یارییەکەدا یانەی ھەولێر ئاستێکی پەرزی پێشکەش کرد و چەندین ھەلی ئاسانی گۆڵکردنی لە دەستدا تا لە خولەکی ٣٥ یاریزانی بەرازیلی تیاگۆ گۆلی یەکەمی بە لێدانی سزا تۆمارکرد.
دوای ئەم گۆلە ھەولێر لە توانای دابوو گۆڵی زیاتر تۆماربکات، بەڵام بەھۆی پەلەکردنی یاریزانان ئەنجامەکە ھەر بەگۆلێکی خاوێن ماوە تا لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوەی گێمی یەکەم لە ھەڵەیەکی ھێڵی بەرگری ھەولێر یاریزان عومەر سەعد گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد و گێمی بە ئەنجامی گۆلێک بۆ ھەردوو یانە تەواو بوو.
لە گێمی دووەمی یارییەکە ھەولێر ھەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی زیاتری دەدا، بەڵام بەھۆی پتەوەی ھێڵی بەرگری موسڵ ھۆکارێک بوو لە تۆمارنەکردنی گۆڵ.
لە بەرانبەردا یانەی موسڵ پشتی بەھێرشی پێچەوانە بەست تا لە خولەکی (٧٨) یاریزانی یانەی موسڵ قوسەی عاید گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
دوای دوو خولەک بەھۆی ھەڵەیەکی کوشندەی گۆڵپارێزی موسڵ یاریزان ئیڤان خالید گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
یارییەکە بەشێوەیە بەردەوام بوو تا ناوبژیوان سەلام جومعە فیکەی تەواوبوونی لێدا بەیەکسانبوونی ھەردوو یانە بەئەنجامی دوو گۆڵ.
بەم ئەنجامە یانەی ھەولێر کۆی خاڵەکانی بۆ چوار خاڵ بەرزکردووە و لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە دێت و یانەی موسڵ کۆی خاڵەکانی بۆ دوو خاڵ بەرزکردووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا محەمەد فەتحی راھێنەری موسڵ خۆشحاڵی خۆی بەئەنجامەکە دەربری و گوتی: یانەکەمان ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، بەڵام بەھۆی ھەڵەیەکی کوشندەی گۆڵپارێز دوو خاڵی گرنگمان لە دەستدا ئەوەش لە یاد نەکەین شاری موسڵ سێ ساڵە بەھۆی داعش لە وەرزش بەگشتی و تۆپی پێی دابرایە بۆیە ئەم ئەنجامە لەگەڵ یانەیەکی گەورەی وەک ھەولێر گونجاوە.
دواتر یاریزانی یانەی موسڵ حوسێن سفیان گوتی: خۆشحاڵین بۆ ئەم ئاست بەرزی پێشکەشمان کرد و لە لای ھەموو ئاشکرایە ئاستی تیپەکان لە یاری دۆستانە لەگەڵ یاری فەرمییەکان جیاوازە بۆیە سوودمان لەم یارییانە وەرگرت بەتایبەتی دوای دوو یارییە دۆستانەکان لەگەڵ یانەی ھەولێر، کە بەئەنجامی گەورە دۆراین، بەڵام توانیمان لەم یارییە دۆستانەدا خاڵی بەھێز و لاواز و شێوازی یاریکردنی ھەولێر دەستنیشان بکەین.
د.تەھا قادر یاریدەدەری راھێنەری ھەولێر گوتی: بەئاستی یانەکەمان زۆر باشتر لە یاری رابردوو یاری کرد، بەڵام ئەنجامەکە وەکو پێویست نەبوو یاریزانان چەندین ھەلی ئاسانی گۆڵ تۆمارکردنیان لە دەستدا دەکرا لە گێمی یەکەم یارییەکە کۆتایی بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا لە گۆرانکارییەکان سەرکەوتوو نەبووین و ھەوڵ دەدین لە یارییەکانی داھاتوو ئاست و ئەنجامان باشتر بێت.
یونس شکور یاریزانی یانەی ھەولێر دڵتەنگی خۆی نیشاندا و گوتی: ئەنجامی یارییەکە وەکو پێویست نەبوو دەکرا بەئەنجامێکی باشتر یاریگا جێبھێڵین.
ھەوڵ دەدین لە یارییەکانی داھاتوو ئەنجامان باشتر بێت.
ڕاگهیاندنى یانهى وهرزشى ههولێر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.