Erbil 38°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 20:02

هۆڵه‌ندا پێشبڕکێی کاریکاتێری په‌یامبه‌ری ئیسلامی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

ئه‌م كێبڕكێیه‌ بڕیاربوو له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا به‌ڕێوه‌بچێت
هۆڵه‌ندا پێشبڕكێی كاریكاتێری په‌یامبه‌ری ئیسلامی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌
کوردستان TV
100%

یاساناسێكی راستڕه‌وی هۆڵه‌ندیی كه‌ به‌هۆی هه‌ڵوێستی توندی به‌رامبه‌ر به‌ ئایینی ئیسلام چه‌ندین ساڵه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پارێزگاریی لێده‌كرێت، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو كێبڕكێی كاریكاتێری په‌یامبه‌ری ئیسلامی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

خێرت وێڵدرێس له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا رایگه‌یاندووه‌: به‌ مه‌به‌ستی پێشگیریی له‌ درووستبوونی مه‌ترسیی بۆسه‌ر هاوڵاتییانی هۆڵه‌ندا له‌لایه‌ن كه‌سانی توندڕه‌وی توندوتیژه‌وه‌، من بڕیارمدا كێبڕكێی كاریكاتێره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنمه‌وه‌.

ئه‌م كێبڕكێیه‌ بڕیاربوو له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا و له‌ ئۆفیسی حزبه‌كه‌ی وێڵدرێس به‌ناوی حزبی " له‌ پێناو ئازادیی " له‌ په‌ڕله‌مانی هۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌بچێت.

وێڵدرێس كه‌ مێژووی درێژی له‌سه‌ر لێدوان و هه‌ڵوێستی جه‌نجاڵیی سه‌باره‌ت به‌ ئایینی ئیسلام هه‌یه‌، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م كێبڕكێیه‌ ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌ كه‌: بابه‌تی نیگه‌رانییه‌كه‌ له‌ ئاست هه‌ڵوێستی توندی ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان ته‌نیا هه‌ر من نیم، به‌ڵكو به‌رهه‌ڵستكارانی سه‌رسه‌ختی ئه‌م كێبڕكێیه‌ نه‌ك ته‌نیا من، به‌ڵكو سه‌رجه‌م هۆڵه‌ندا ده‌كه‌ن به‌ ئامانج.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی هۆڵه‌ندا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كێبڕكێیه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ حكومه‌تی ئه‌م وڵاته‌وه‌ نییه‌. هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا هه‌فته‌ی رابردوو ئامانجی خێرت وێڵدرێسی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كێبڕكێیه‌ برده‌ ژێر پرسیار و وتی: ئامانجی ناوبراو مشتومڕ له‌سه‌ر ئایینی ئیسلام نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و ته‌نیا خوازیاری نانه‌وه‌ی جه‌نجاڵیی و ئاژاوه‌یه‌.

به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ هاوڵاتییانی هۆڵه‌ندا مافی ئازادیی راده‌ربڕینیان هه‌یه‌ و خودی حكومه‌ت نیازی نییه‌ ئه‌م كێبڕكێیه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ت بۆ هه‌ڵوێست پیشاندان به‌ به‌ڕێوه‌چوونی كێبڕكێكه‌ پیاوێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵانی پاكستانیی له‌ شاری لاهای به‌ تۆمه‌تی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ له‌سه‌ر خێرت وێڵدرێس ده‌ستگیركراوه‌.

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا
مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.