Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 14:40

تورکیا پلانێکی پێشوەختە دادەنێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی بوومەلەرزە لە داهاتوودا

پلانێكی پێشوەختەی داڕشتووە بۆ رووبەڕوونەوەی ئەگەرەكانی كارەساتە سروشتییەكان
کوردستان TV
100%


(بەرێوەبەرایەتی كارەسات و حاڵەتە لە ناكاوەكانی توركیا) پلانێكی پێشوەختەی داڕشتووە بۆ رووبەڕوونەوەی ئەگەرەكانی كارەساتە سروشتییەكان، بە تایبەتیش بۆ بوومەلەرزەیەك كە خوانەخواستە رەنگە ببێتە هۆی زیانلێكەوتنەوەیەكی گیانی و مادی یەگجار زۆر لە شارێكی گەورەی وەك (ئیستەنبول).

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (حوڕییەت) و لە زاری (موراد نۆرلۆ) سەرۆكی (بەشی بوومەلەرزە) ی تایبەت بە (بەرێوەبەرایەتی كارەسات و حاڵەتە لە ناكاوەكانی توركیا) بڵاویكردۆتەوە كەوا جۆرە سیناریۆیەكی پێشوەختەی پێشبینی بۆكراو هەیە دەربارەی روودانی بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7 تا 7.6 بە پێوەری (رێختەر) لەنێو ناوچەی ناسراو بە (درزی ئەنادۆڵی باكوور) كە دەكەوێتە ژێر بنكەی دەریای (مەڕمەڕە) و ئەگەر خوانەخواستە رووبدات ئەوا دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نێوان 26 تا 30 هەزار كەس، وە لە رووی زانستیشەوە، (توركیا) یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆر رووبەڕووی روودانی بوومەلەرزە دەبێتەوە، بە تایبەتیش شارێكی وەك (ئیستەنبوڵ) كە دەكەوێتە نزیك ئەو درزە ژێر زەمینییە گەورەیەدا.

لەمیانەی ئەنجامدانی وۆڕكشۆپێك كە (بەرێوەبەرایەتی كارەسات و حاڵەتە لە ناكاوەكانی توركیا) و (شارەوانی ئیستەنبوڵ) ئەنجامیان دابوو، (موراد نۆرلۆ) سەرۆكی (بەشی بوومەلەرزە) رایگەیاندبوو كەوا بەرێوەبەرایەتی ناوبراو پلانێكی حاڵەتی لەناكاوی تەواو بۆ روودانی بوومەلەرزەیەكی ئاوا بەهێز لە (ئیستەنبوڵ) دا داڕشتووەو بە پێویستیشی زانی كەوا لە ئامادەباشی بن بۆ روودانی حاڵەتی مەترسیدارتریش.

بەپێی ئەو (سیناریۆ تۆقێنەر) ەدا، ئەوا لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەك بەو گوڕە، ئەوا تەنها لە شارێكی وەك (ئیستەنبوڵ) دا دەبێتە هۆی رووخاندنی 44 هەزار باڵەخانە و زیانی گیانی تا سنووری 60 هەزار كەس و ئاوارەبوونی 2.4 ملیۆن كەس، ئەمە جگە لە خۆ ئامادەكردن لە ئەگەری روودانی (تسۆنامی) یش ئەگەر هاتوو خوانەخواستە بوومەلەرزەیەكی ئاوا لەو ناوچەیەدا رووبدات، بۆیە هەر لە ئێستاوە پلان داڕێژراوە بۆ دروستكردنی 150 هەزار شێڵتەر یان كەمپی كاتیی بۆ هاوڵاتیان.
لەلایەكی دیكەوە، (روانگەی بوومەلەرزەیی كاندیلی) سەر بە (زانكۆی بۆزیزی) لە (ئیستەنبوڵ) لەم ساڵەدا بڕی 5 هەزار بوومەلەرزەی جیاجیای تۆماركردووەو خودی ئەو روانگەیەش لە رێگەی تۆڕێك كە 240 وێستگەی تۆمارو روانگەكردنی بوومەلەرزەییدا، ساڵانە بەلایەنی كەم 10 هەزار بوومەلەرزە لەسەرتاسەری توركیادا تۆمار دەكەن.

جێگای ئاماژەیە لە 1999.8.17، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.5 بە پێوەری رێختەر لە ناوچەی (مەڕمەڕە) ی دا، كە چڕترین ناوچەی پیشەسازی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێ و لە دەرەنجامدا 17 هەزار كەس گیانیان لەدەستداو 285 هەزار باڵەخانەی جیاجیا زیانیان پێگەیشت و 600 هەزار كەسیش ئاوارەبوون و تەنانەت ماوەی بوومەلەرزەكە بۆ 45 چركە بەردەوامبوو!
سه‌رچاوه‌ - بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان

شوان عه‌زیز

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.