بەڕێوەبەری گشتیی داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی گوتی، بەپێی سیستمێكی نوێی ئەلیكترۆنی، دوای كۆتاییھاتنی پرۆسەی دەنگدان لە ماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا دەتوانن ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن ئاشكرا بكەن، بۆ ئەوەی ھیچ لایەنێك گومان نەكات لەوەی ساختەكاری ئەنجام دەدرێت.
كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند" سیستمێكی نوێی ئەلكترۆنیمان داناوە بۆ ئەوەی بتوانین لە دوای كۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان بە چوار سەعات، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیێنین، بۆ ئەمەیش سوودمان لە ئەپڵیكەیشنی واتس ئاپ وەرگرتووە، تا كەس گومانی لەوە نەبێت ساختاكاری دەكرێت".
جەلال گوتیشی" ئەمە ئەنجامی بەرایی دەبێت و دواتر ئەنجامی كۆتایی لە رێگەی پڕكردنەوەی فۆڕمەكانی ٥٠ و٥١و٥٢ دەبێت، كە ئەمەیش ھەندێك كاتی دەوێت، چونكە لە ھەر شوێنێك گرفتێك ھەبێت، لەو شوێنە دەنگەكان دووبارە ھەژمار دەكرێنەوە".
سەبارەت بە ئامادەكارییەكانیش گوتی" تەواوی ئامادەكارییەكان ئەنجام دراون و ئەو فۆڕمانەی بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتییش پێویستن، ھەموویان چاپ كراون و ئامادەن و رەوانەی بنكەكانیش كراون.
لەبارەی ژمارەی دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری داتاكان لە كۆمسیۆن ئاشكرای كرد، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی لە ھەرێمی كوردستان دووملیۆن و ٩١٤ههزار و٩٩٢ كەسە و دەنگدانی تایبەتیش ١٧٠ھەزار و٤٢٩كەسە، كە ئەمانە مافی دەنگدانیان ھەیە و رۆژی ھەینییش سەعات ھەشتی بەیانی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەست پێدەكات.
بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی ئەم مانگەدا كە دەكەوێتە رۆژی یەكشەممەی حەفتەی دابێ، بەڕێوە بچێت و رۆژی ھەینییش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەو مەبەستەیش كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.