Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:40

مەکتەبی سیاسی پارتی و مه‌کته‌بی راگه‌یاند ساڵیادی رادیۆی دەنگی کوردستان پیرۆز دەکات

بەبۆنەی (55)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی
کوردستان TV
#7
100%


له‌ دوو په‌یامدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مه‌كته‌بی راگه‌یاند بە بۆنەی پەنجاوپێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دەنگی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەکردن کە ئەمەش دەقەکەیەتی:


بەڕێزان بەڕێوەبەرو كادیر و كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..

 

بەبۆنەی (55)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی(ئێزگەی دەنگی كوردستان) گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو بیسەرانتان دەكەین، ئومێدەوارین بەردەوام بن لە خزمەتی زیاترو بەرچاوتر بە بواری میدیایی و كوولتوری تەبایی و برایەتی و  رەوتی تێكۆشان و خەباتی گەلەكەمان و  هەردەم بەیداغی ئاشتیخوازی و ئازادیخوازی  و پێشكەوتنخوازی بەرز رابگرن.

دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیار و رێنمایی (بارزانی نەمر)وسەركردایەتی شۆڕش بەر لە (55)ساڵ شانبەشانی تێكۆشانی سیاسی و چەكداری بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان بۆ داكۆكیكردن لە هەبوون و واقیعی نەتەوەییمان و جۆشدانی گیانی بەرخودان و شۆڕشگێریی بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان، هەنگاوێكی گرنگ و دەسكەوتێكی دیكەی شۆڕش بوو.

دەنگی كوردستان بەوپەڕی شانازیەوە بەدرێژایی تەمەنی كار و بەخششی، جێدەستی لە بزاڤی نەتەوەیی و  كوولتوری و میدیاییدا دیارە و هەمیشە دەنگی هەقخوازانەی گەلەكەمان بووە بە هەموو پێكهاتە جیاجیاكانیەوە و توانیویەتی هەردەم پێشەنگ بێت لە گوزارشكردن و گەیاندنی خواست و ویستی گەلەكەمان بە دەرەوەوجیهان، ئێستاش بە هەمان رێباز و پەیامی كوردایەتی و پارتایەتی و نیشتیمانپەروەرێتی بەردەوامە و وەك هەمیشە مینبەرێكی راستبێژی و سەنگەرێكە بۆ خستنەرووی راستی و ئاوات و ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان.

ئەمڕۆش لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو رەوشە هەستیارەدا ئەركی سەرشانی هەموومانە بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردووییەوە بەدەنگ پەیامی سەرۆك بارزانی و پارتیمانەوە بچین لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و تۆماركردنی دەسكەوتێكی دیكەی مێژوویی بۆ پارتیمان و گەلەكەمان.

خوازیارین لەو بۆنەیەدا زیاتر و لە گشت روویەكەوە بەرەو پێش بچن و شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی رۆڵی ئیجابیانەی خۆتان بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان  ببینن و فاكتەرێكی ئەكتیڤی ئەو ئەرك و پەیامە پیرۆزە بن.

بەو بۆنەیەوە هەمدیسان پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ رادیۆی دەنگی كوردستان دووپات دەكەینەوەو بە هیوای پێشكەوتن  و سەركەوتنی زیاتر لە كارەكانتان..

سڵاوودروود لە گیانی پاكی ئەو جوامێرانەی لەرێی سەروەری ئەو كاروانە پیرۆزەدا سەریان نایەوە...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

 


پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (55)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان

بەڕێزان بەڕێوەبەر و كادیر و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..

بەبۆنەی (55ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی(ئێزگەی دەنگی كوردستان) پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێزو گوێگرانی رادیۆ ئازیز و حەقبێژەکەتان دەكەین، دەستی هەوڵ و ماندووبوونتان دەگوشین، هیوادارین وەك هەمیشە بەوپەڕی بەرپرسێتی و پیشەوارانە لەكارەكانتان بەردەوام بن لەبەرەوپێشبردنی رادیۆی دەنگی كوردستان.
 
ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیارورێنمایی (بارزانی نەمر)وسەركردایەتی شۆڕش لە هەلومەرجێكی ئاوادا دامەزرا، كە بایەخ و گرنگیی خۆی هەبوو لە هۆشیاركردنەوەو داكۆكیكردن لە هەستونەست و  گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریی، هەروەها رۆڵی دیاروبەرچاوی هەبوو لە پتەوكردن و بەرزراگرتنی رۆحی خۆراگری وبەرخودان و شۆڕشگێڕیی.

ئەمڕۆش بەهەمان رۆحیەتی پارتایەتی و كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی رۆڵی خۆتان دەبینن بەتایبەتی لە ئاست ئەو هەلومەرجە هەنووكەیەدا بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەركەوتنی پارتیمان.

لەو بۆنەیەدا وێرای دووپاتكردنەوەی تەواوی پشتیوانیمان بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان ئومێدەواین زیاتروباشتر لە هەموو روویەكەوە هەنگاو بنێن و بەرەوپێش بچن و لەئاست ئەو ئەركە پیرۆزەی خۆتان بن لە خزمەتی بیسەرانتان و هاووڵاتیان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای بەردەوامیی و هەمیشە سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.

دەزگای  رۆشنبیریی و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.