Erbil 38°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 06:27

کتێبی "کوردستان و کورد" له‌ تورکیا قه‌ده‌غه‌ کرا

كتێبێكی لێكۆڵینه‌وه‌یی ئابووری_سیاسییه‌
کوردستان TV
100%

ده‌زگای قه‌زاییی وڵاتی توركیه‌ حوكمی قه‌ده‌غه‌كردنی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی "كوردستان و كورد"، به‌رهه‌می ڕێبه‌ری كاریزمای كورد دوكتور قاسملوو و دوو به‌رهه‌می دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌ركرد.

 ده‌زگای قه‌زایی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ له‌ حوكمێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌ سێ به‌رهه‌می مێژوویی سه‌باره‌ت به‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌تایبه‌تی "كوردستان و كورد"، به‌رهه‌می دوكتور قاسملوو، ئیزنی چاپكردنی نییه‌.

ئه‌م حوكمه‌ دادگایه‌ك له‌ كوردستانی توركیه‌ ده‌ری كردووه‌ و كتێبه‌كانی "كوردستان و كورد" به‌رهه‌می دوكتور قاسملوو، "بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد" به‌رهه‌می كریس كوچێرا و "شۆڕشی كورده‌كان" سه‌باره‌ت به‌ ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌هری به‌رهه‌می جه‌لیل جه‌لیل، قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ئه‌م سێ به‌رهه‌مه‌ به‌ تۆمه‌تی "تێكدانی بێروڕای گشتی و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ توركیه‌"، له‌ لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی ئه‌و وڵاته‌وه‌، چاپكردنیان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ئه‌و سێ به‌رهه‌مه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای بڵاوڤۆكی "ئاوێستا" چاپ و بڵاو كراوه‌نه‌ته‌وه‌ و پێشتر ده‌زگای قه‌زاییی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ ٩ به‌رهه‌می دیكه‌ كه‌ له‌م ناوه‌نده‌ چاپ و بڵاو كرابووه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.

دوكتور قاسملوو نووسه‌ری "كوردستان و كورد"، ئه‌ركی ئه‌م كتێبه‌ به‌ ناساندنی دوو چه‌مكی كوردستان و كورد به‌ خوێنه‌ران پێناسه‌ ده‌كات و كوردستان و كورد به‌بێ ده‌سكاریكردن به‌ خوێنه‌رانی ده‌ناسێنێت.

ئه‌و كتێبه‌، كتێبێكی لێكۆڵینه‌وه‌یی ئابووری_سیاسییه‌، كه‌ نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا ئاماژه‌ی به‌ مێژوو و جوگرافیای كوردستان كردووه‌.

نووسيني ئه‌و كتێبه‌ له‌ ساڵی ١٩٥٧ ده‌ستی پێ كرد و له‌ ساڵی ١٩٦٢زایینی ئاماده‌ی چاپ كراوه‌ و له‌ ساڵی ١٩٦٣ی زایینی، ناوه‌نده‌ی بڵاوكراوه‌ی ئاكادمی زانستی چێكۆسولواكی له‌ شاری پراگ ئه‌و كتێبه‌ی به‌ زمانی چێكی چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها كتێبی كوردستان و كورد دوو جار وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی و له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی كێلتزی له‌نده‌نه‌وه‌ چاپ و بڵاو بووه‌ته‌وه‌. كتێبی كوردستان و كورد بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی ١٩٦٧زایینی له‌ سه‌ر چاپی ئینگلیزی وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و له‌ ساڵی ١٩٧٠ی زایینی، به‌بێ ئاگادار بوونی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه‌، بڵاوكراوه‌یه‌كی لوبنانی له‌ شاری به‌یروت چه‌ند پاژێكی له‌و كتێبه‌ بڵاو كردبووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ساڵی ١٩٦٩ی زایینی كتێب و زانستی وڵاتی له‌هستان له‌ شاری وه‌رشۆ كتێبی كوردستان و كوردی به‌پێی چاپی ئینگلیزییه‌كه‌ی به‌ زمانی له‌هستانی وه‌رگێڕاوه‌ و چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

پاش تێپه‌ڕینی ١٠ ساڵ به‌سه‌ر نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ به‌ چه‌ند زمانێكی بێگانه‌دا، سه‌رئه‌نجام ئه‌و كتێبه‌ له‌ لایه‌ن مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌ به‌ زمانی كوردی له‌ زاراوه‌ی سۆرانی و له‌ لایه‌ن عه‌لی شێر و سه‌لیم زه‌نجیری به‌ زاراوه‌ی كرمانجی وه‌رگێڕدراوه‌.

كتێبی كوردستان و كورد، له‌ لایه‌ن ته‌های عه‌تیقی له‌ زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی و چاپ وبڵاو بووه‌ته‌وه‌.        

 سه‌رچاوه‌/ئاژانسی كوردپا

كوردستان تیڤی/ كامران

 

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.