Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 00:53

مەکگۆرک: ڕۆڵى پارتى زۆر گرنگە بۆ سەرخستن و کاراکردنى حکوومەت

فازڵ میرانى پێشوازی له‌ نوێنەرى تایبەتى سەرۆكى ئەمەریكا بۆ شەڕى داعش كرد
کوردستان TV
#7
100%

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە برێت مەکگۆرک کرد و لە دیداریدا مەکگۆرک هیواى خواست كە پارتى بەو سەنگەى هەیەتی بەشدارى لە حكوومەتى نوێی عێراقدا بكات، چونكە ڕۆڵى پارتى زۆر گرنگە بۆ سەرخستن و كاراكردنى حكوومەت و هیواى خواست كە قۆناغى داهاتووى عێراق قۆناغى سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى بێت.

ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسى، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسى پێشوازیى لە برێت مەکگورك نوێنەرى تایبەتى سەرۆكى ئەمەریكا بۆ شەڕى داعش و باڵیۆزى ئەمەریكا لە عێراق، دوگلاس سلێمان و ستیڤ ڤێگن، كونسووڵى گشتى ئەمەریكا لە هەرێمى كوردستان و شاندێكى یاوەرى كرد.

لە دیدارەكەدا كە هەریەكە لە هۆشیار زێبارى و دكتۆر ڕۆژ نوورى شاوەیس و زەعیم على و مەحموود محەمەد، ئەندامانى مەكتەبى سیاسى و ڕەمزى شەعبان، ئەندامى یەدەكى مەكتەبى سیاسى و فەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندییەكانى دەرەوەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان ئامادەى بوون، فازڵ میرانى بە ناوى مەكتەبى سیاسییەوە بەخێرهێنانى گەرمى شاندى میوانى كرد و باسیان لە دوایین پێشهاتەكان و دۆخى سیاسیى ئێستا و ئایندەى پرۆسەى سیاسیى عێراق و كوردستان كرد.

لە سەرەتادا مەکگۆرك بە ناوى شاندەكەوە پیرۆزبایی لە پارتى دیموكراتى كوردستان كرد بە بۆنەى كۆتاییهاتنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان و هیواى خواست كە پارتى بەو سەنگەى كە هەیەتی بەشدارى لە حكوومەتى نوێی عێراقدا بكات، چونكە ڕۆڵى پارتى زۆر گرنگە بۆ سەرخستن و كاراكردنى حكوومەت و هیواى خواست كە قۆناغى داهاتووى عێراق قۆناغى سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى بێت.

دواتر سكرتێرى مەكتەبى سیاسى تەئكیدى كرد: "زۆر گرنگە پێش بەشداریكردنمان لە حكوومەتى نوێى عێراقدا بەرنامەى حكوومەت و میكانیزمى جێبەجێكردنى مافە دەستوورییەكانمان دیار بن کە بە هاوسەنگى و تەوافق و بەشدارى و ڕەنگدانەوەى هەموو پێكهاتەكانى عێراق بێت و هەنگاوى كردەیى بۆ چارەسەركردنى كێشەكان بنرێ. چونكە عێراق بە هەوڵى هەموو لایەنەكان بنیات نراوە لەسەر پرنسیپە گرنگەكان لە تەوافق و تەوازن و بەشداریى هەموو لایەنەكان لە بڕیاردان لەسەر بنەماى دەستوور كە عێراقییەكان دەنگیان بۆ داوە."

لە كۆتاییدا مەکگۆرك سوپاسى مەكتەبى سیاسى كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕەخساندنى ئەم دیدارە و تەئكیدى كرد كە یارمەتیى ئەمەریكا بۆ عێراق و هەرێمى كوردستان لە دژى تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.