دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پارتی زۆرترین کۆرسی بەدەست ھێناوە و بە پێی یاسا وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی مافی پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی ھەیە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیش دەڵێ، شاندێک بۆ سەردانی لایەنە سیاسییەکان پێک دێت.
عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "پارتی وەک لیستی براوەی یەکەم شاندێکی دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێک دێنێت و سەردانی ھەموو لایەنەکان دەکەین، ھێڵی سووریش لەسەر ھیچ کەس و لایەنێک نییە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، ھەر لایەنێک بە پێی ڕێژەی کورسییەکانی ئەگەر بییەوێت بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەت دەکات، واتە بە پێی پێگەی ھەرلایەنێک بەشداری لە حکوومەتدا دەبێت، بەڵام وادەی سەردانەکە دیار نییە."
لەبارەی ئەو لایەنانەی لە ئێستاوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان داوە، ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت: "ھیچ لایەنێک بەزۆر بەشداریی پێ لە حکوومەتدا ناکرێت و ھەر لایەنێک ئازادە لەوەی بەشدار دەبێت، یان دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی حکوومەت."
عەلی عەونی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ئەزموونی ڕابردوو سەلماندی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات وەک ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو بووە ھۆی دروستکردنی بشێوی و تێکدانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ھەتا بووە ھۆی نزمکردنی زمانی سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان، بەداخەوە لە ئۆپۆزسیۆنەوە بووە بێڕێزی، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێکی تەندروست لە ھەرێمی کوردستان دروست ببێت، ئەوە وەک پارتی پێمان وایە بۆ حکوومەتیش باشە، تا ببێتە ئاوێنەیەک بۆ حکوومەت، بەڵام وەک پێشتر سووتان و تێکدان و ئاڵۆزی بنێتەوە ئۆپۆزسیۆنبوون ھیچ خزمەتێک بە وڵاتەکەمان ناکات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.