ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تشرینی یهکهمی 2018 لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای ههرێم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتن بەڕێوەچو، له کۆبونهوهکهشدا رهزامهندی لهسهر چهند خاڵێک درا.
خەتاب ئەحمەد شێخانی، سەرۆكی لێژنەی باڵای وەرگرتن لە وتەیەكدا باسی لە ئامادەكارییەكانی وەزارەت و شیكردنەوەی بڕیارەكانی وەزارەت كرد بۆ كردنەوەی دەرگای سكاڵا تۆماركردن بۆ سەرجەم دەرچوانی خولی دوەم (وەرگیراو و وەرنەگیراو) كە لە سەعات (10)ی سەرلەبەیانی ڕێكەوتی (25/10/2018) كارا بكرێ و، تا ڕێكەوتی (30/10/2018) دەرچوانی خولی دوەم دەتوانن بەهەمان وشەی تێپەڕ و وشەی نهێنی (پاسوۆرد و یوزەرنەیم) سكاڵاكانیان لە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بەشێوەی ئۆنلاین تۆمار بكەن.
وتیشی "جیاوازی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن لە نێوان خولی یەكەم و خولی دووەم بەشێوەیەك دەبێت لە (3) نمرە زیاتر تێپەڕ نەكات و ئەو (٥٠) شوێنەی دەرچوانی خولی دووەمی دوانزەی ئامادەیی پێشتر داواكارییان بەهۆیەوە پێشكەش كردوە، بەپێی كەمترین كۆنمرەی وەرگرتن دەبێتە بنەما بۆ وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان".
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا چەند بابەتێكی پەیوەست بەوەرگرتنی دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی تاوتوێكران، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەزامەندی درا لەسەر:
1- پێدانی دەرفەتی شوێن گۆڕین بە خوێندكارانی قۆناغی یەكەم، بەپێی كۆنمرەی خوێندكار/قوتابی، نەك بەپێی كەمترین كۆنمرەی بەش، ئەوەش بەڕەزامەندی هەردوو بەش جێبەجێ دەكرێت.
2- گۆڕینی شوێن لەسەرجەم سیستمەكان (زانكۆلاین، ڕاستەوخۆ بەكریدیت، پارالێل و ئێواران) ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەڕەچاوكردنی كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو و پلانی بەش، بەڵام شوێن گۆڕین لە ئێواران بۆ بەیانیانی (زانكۆلاین – كریدیت – پارالێل) ئەنجام نادرێت.
3- پڕكردنەوەی كورسیە بەتاڵەكانی پارالێل و ئێواران بەمەرجی كۆنمرە و تەمەن دەبێت، ئەوەش لە ڕێگەی دابەشكردنی فۆڕمی تایبەت لە تۆماری گشتی زانكۆكان بەڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی پارالێل و ئێواران.
4- جێبەجێكردنی بڕیاری شوێن گۆڕین لە دەسەڵاتی زانكۆكان دەبێت، هەروەك وێنەیەك لە فرمانی زانكۆیی بۆ شوێن گۆڕین بۆ وەزارەت بەرزدەكرێتەوە.
5- ئەنجامدانی ڕێككارەكانی شوێن گۆڕین بۆ خوێندكارانی قۆناغی یەكەم لە ڕێكەوتی (25/10/2018) دەستپێدەكات و تا ڕێكەوتی (8/11/2018) بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.