Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 19:17

ناوه‌ندی تاڤ کتێبی "خه‌ونه‌نمایشێک"بڵاوکرده‌وه‌

به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌موو ژیانه‌
کوردستان TV
100%

ناوه‌ندی تاڤ  كتێبی "خه‌ونه‌نمایشێك"ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی سوێدی (ئاگۆست ستریندبێرگ)ه‌ له‌وه‌رگێرانی نووسه‌ری به‌ توانا "دانا ره‌ئوف" بڵاوكرده‌وه‌.

نه‌م كتێبه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكارییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌قی (خه‌ونه‌نمایشێك)ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی سوێدی ئاگۆست ستریندبێرگ. خه‌ونه‌نمایشه‌كه‌ی ستریندبێرگ كاتی خۆیی و تا ئێستایش ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ ره‌وته‌ مۆدێرنه‌كانی شانۆی جیهانیدا و سه‌ده‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ و كتێبی به‌ زمانه‌ جیاوازه‌كان له‌سه‌ر نووسراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خودی ده‌قه‌كه‌یش بۆ هه‌موو زمانه‌كانی دنیا وه‌رگێڕاوه‌ و له‌سه‌ر زۆربه‌ی شانۆكان نه‌مایش كراوه‌. خۆشبه‌ختانه‌، ئه‌م ده‌قه‌ به‌ كوردیش هه‌یه‌ و دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی له‌ سوێدییه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ كوردی و له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا له‌ زنجیره‌ی شانۆی بیانی ژماره‌ ٢٢، له‌ ده‌زگای ئاراس بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 ئه‌م كتێبه‌ بریتییه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك و حه‌وت به‌ش؛ له‌م به‌شانه‌دا هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌قه‌كه‌، بۆ نموونه‌ ناوه‌ڕۆك، هێڵه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان، پاشخانه‌ میتۆلۆژییه‌كان، كاره‌كته‌ر، ته‌كنیك و دیده‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌قه‌كه‌، مه‌ودا و هزر و سمبۆله‌كانی خه‌ون، چۆنییه‌تی به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌ون له‌سه‌ر شانۆ، تێكه‌ڵاوكردنی مه‌سه‌له‌كانی خه‌ون و واقیع، خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشگر بۆ سمبۆله‌كانی ده‌قه‌كه‌ و زۆر مه‌سه‌له‌ی تر په‌یوه‌ست به‌ ده‌قه‌كه‌وه‌، باسیان لێكراوه‌.

 له‌م كتێبه‌دا ئاوڕێكی ته‌واو له‌ ره‌وش و ژیانی ستریندبێرگ-یش دراوه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ كات و ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌قه‌كه‌ی تیا نووسراوه‌ و ئه‌و هه‌ل و مه‌رج و پاشخانه‌ فكری و ده‌روونیانه‌ی ستریندبێرگ باسكراوه‌، كه‌ له‌ پشت نووسینی ده‌قه‌كه‌وه‌ن.

ئه‌م ده‌قه‌ بۆ ستریندبێرگ ته‌نها به‌رجه‌سته‌كردنی خه‌ونێك نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌موو ژیانه‌، كه‌ وه‌ك خه‌ونێك وێنا كراوه‌. ئه‌مه‌یش ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه‌، كه‌ له‌ پشت ده‌قی (خه‌ونه‌نمایشێك)ه‌وه‌یه‌ و هه‌موو ڕاڤه‌ و شیكارییه‌كیش بۆ ده‌قه‌كه‌ بكرێت ده‌چێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌ هزری و هونه‌رییه‌وه‌.

ئه‌م كتێبه‌ ڕێگا پیشانده‌ر و ده‌ستگرتنی هه‌موو كه‌سێكه‌: ده‌رهێنه‌ر، ئه‌كته‌ر و ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گره‌كانیش، كه‌ له‌ ئاینددا بیانه‌وێت له‌ شانۆنامه‌ی (خه‌ونه‌نمایشێك)دا كار بكه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌یه‌، ئه‌م كتێبه‌ یه‌كه‌م بڵاو كراوه‌ی ناوه‌ندی (تاڤ)ه‌ له‌ سلێمانی، كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ یه‌كی گۆڤاری تاڤ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 كوردستان تیڤی/ كامران

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.