Erbil 38°C چوارشەممە 12 ئاب 19:05

١٥ قوتابخانە لە شارى هەولێر و دهۆک نۆژەن کرانەوە

لە ماوەى ئەم چوار ساڵە قەیراناوییەى هەرێم زیاتر لە ٢٠٠٠ قوتابخانە دروست و نۆژەن کراونەتەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢/١١/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرى پەروەردەى ناوەندى هەولێر و نوینەرى دەزگاى روانگە و ریکخراوى جى.ئاى.زیدى ئەلمان، مەراسیمى کردنەوەى ١٥ قوتابخانە لە قوتابخانەی بابان ـی بنەڕەتی لە شاری هەولێر بەریوە چوو.

پرۆژەى نۆژەنکردنەوەى ئەم ١٥ قوتابخانەیە کە دە قوتابخانەیان لە پاریزگاى هەولێر  و پێنجیان لە پاریزگاى دهۆک بوون، بە گوژمەى ملیۆن و نیو یۆرۆ جیبەجی کرا کە تیایدا ٩٨٥ کەس کاریان بۆ فەراهەم بوو و زیاتر لە هەشت هەزار کەس تیایدا سوودمەند بوون.

وەزیرى پەروەردە لە مەراسیمەکەدا باسى لەوە کرد کە "لە هەر شوێنیکى کوردستان رێکخراو یا کەسیک قوتابخانەیەک نۆژەن بکاتەوە، ئامادەم تیایدا بەشدار بم، تا هانى خەلکانى دیکە بدەین بەشدار بن لە نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان و پاراستنى پرۆسەى پەروەردە و فیرکردن".

دکتۆر پشتیوان سادق گوتى: ئەم قوتابخانەیە و قوتابخانەى کوردستان و جمهورى یەکیکن لە قوتابخانە کۆنەکانى هەرێمى کوردستان و گرنگە بە بەردەوامى نۆژەن بکرینەوە و ئەوە جێگەى بەختەوەرییە کە ڕێکخراوى جى.ئاى.زێدى ئاڵمانى و کویکاى کۆرى دوون لەو ڕێکخراوە بیانیانەى کە دەستیان لە زۆرترین قوتابخانە هەبووە چ لە رووى دروستکردن و نۆژەنکردنەوەوە".

وەزیرى پەروەردە باسى لەوە کرد کە حکومەتى هەرێم پلانى هەیە لە نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان و هەر لە ئێستاوە بریارى داوە کە مانگانە ملیارێک و نیو بۆ تەواوکردنى پڕۆژە پەروەردەییەکان دابین بکرێت و وەزارەتیش بە کردەیی دەستى پێ کردووە و لە ماوەى ئەم چوار ساڵە قەیراناوییەى هەرێم زیاتر لە ٢٠٠٠ قوتابخانە دروست و نۆژەن کراونەتەوە و ئەمەیش یەکێکە لە ئەرکە نیشتمانى و ئایینى و ئینسانییەکان کە پێویستە بەردەوام بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.