Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 18:58

کتێبی (ئه‌فسه‌رانی کورد له‌ سوپای عێراقدا)  بڵاو کراییه‌وه‌

تا خوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌ب ئه‌م راستییانه‌ بزانن
کوردستان TV
100%

لیوای مافپه‌روه‌ر فاروق ئیبراهیم شه‌ریف له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌شی دووه‌م و سیهه‌می كتێبه‌ مێژوویه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی ( ئه‌فسه‌رانی كورد له‌ سوپای عێراقدا) به‌ چاپ گه‌یاند، كه‌ به‌شی یه‌كه‌می له‌ ساڵی 2012دا چاپ كردبوو.

ئه‌م زنجیره‌ كتێبه‌ یه‌كه‌مین نوسینن له‌و بواره‌دا و نوسه‌ر به‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌كی زۆر و گه‌ڕان و ساغكردنه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ كۆی ناوچه‌كانی كوردستان و له‌ نێو ئه‌رشیفی كۆنی ده‌وڵه‌تی عێراق و قۆناغه‌ جیاجیاكانی مێژووی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، توانیویه‌تی ئه‌و بابه‌ته‌ بخاته‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی نوسراوه‌ی كوردستان.

به‌ پێی ئه‌م زنجیره‌ كتێبه‌ به‌ نرخه‌ له‌ مێژووی سوپای عێراقدا تا به‌ ئێستا ده‌گات زیاتر له‌ هه‌زار ئه‌فسه‌ری كورد به‌ پله‌ی جیاجیا له‌ سوپای عێراقدا هه‌ر له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی تا كۆماری خزمه‌تیان كردووه‌.

به‌ گه‌ڕانێك به‌ نێو لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت زۆربه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی سوپای عێراق ئه‌فسه‌رانی كورد بوون له‌وانه‌ی كه‌ له‌ كۆلیژی جه‌نگیی ئه‌ستانه‌ ( ئه‌سته‌نبوڵ)یان ته‌واو كردووه‌ و له‌ سوپای عوسمانیی ئه‌وسه‌رده‌مه‌دا كاریان كردووه‌ و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كوردستان و رۆڵی سه‌ره‌كی و به‌رچاویان هه‌بوه‌ له‌ دامه‌زراندنی ته‌شكیلاتی سه‌ره‌تایی سوپای ده‌وڵه‌تی عێراقدا و ده‌وڵه‌ت پشتی پێ به‌ستوون بۆ دامه‌زراندنی سوپا.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ئه‌م زنجیره‌ كتێبه‌ یه‌كه‌م وه‌زیری به‌رگری له‌ عێراقدا كورد بووه‌ كه‌ ئه‌ویش ( فه‌ریق جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری) بووه‌، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م سوپا سالار( سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا) كورد بووه‌ كه‌ ئه‌ویش ( فه‌ریق روكن به‌كر سدقی) بووه‌، یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانیی عێراق كوردبووه‌ به‌ ناوی عه‌مید روكنی فرۆكه‌وان( سامی فه‌تاح)، یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی فه‌وج له‌ لیوای موسا كازم ئه‌فسه‌رێكی كورد بووه‌ به‌ ناوی ( شیخ ئه‌مین شیخ عه‌بدولغه‌فور). یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی پاشایه‌تی كوردێك بووه‌ به‌ ناوی ( حاجی ره‌مه‌زان ئیبراهیم). هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌ری ناودار و نوسه‌ر و روناكبیری ناسراوی كورد ( محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ) یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی كۆلێژی سه‌ربازیی عێراق بووه‌. به‌ گشتی له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی عێراقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ دامه‌زراندنی جمهوریه‌تی عێراق نۆ ئه‌فسه‌ری كورد له‌ قۆناغی جیاجیادا پۆستی وه‌زیری به‌رگرییان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ. هه‌ر له‌و مێژووه‌دا شه‌ش ئه‌فسه‌ری كورد گه‌یشتونه‌ته‌ پله‌ی سه‌رۆكی ئه‌ركان واتا سوپاسالاری عێراق.

مێچووی ئه‌م ئه‌فسه‌رانه‌ كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌فسه‌ر بوون پڕیه‌تی له‌ هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و پشتیوانی له‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی و كوردایه‌تی به‌رزیان هه‌بووه‌ و خوێنده‌وار و روناكبیری سه‌رده‌می خۆیان بوون و له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی شۆڕشه‌كانی كوردستاندا پشتیوانییان له‌ شۆڕش كردووه‌ هه‌ر له‌ شۆڕشی شێخ مه‌حمودی نه‌مر و جمهوریه‌تی كوردستان به‌ رابه‌رایه‌تی شه‌هید قازی محه‌مه‌دی نه‌مرله‌ مه‌هاباد و شۆڕشه‌كانی بارزان و دواتر شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول به‌ رابه‌رایه‌تی مسته‌فا بارزانی نه‌مر. زۆر له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ به‌شداری به‌رچاویان له‌و شۆڕشانه‌دا هه‌بووه‌ و ژماره‌یه‌كیشیان شه‌هید بوون و له‌ شسێداره‌ دراون و وه‌ك ئه‌ستسره‌ی گه‌ش چوونه‌ته‌ مێژووی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌.

نوسه‌ری ئه‌م كتێبه‌ به‌نرخه‌ كه‌ لیوای مافپه‌روه‌ر فاروق ئیبراهیم شه‌ریفه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێ به‌ مه‌به‌ست كتیبه‌كانی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نوسیوه‌ تا خوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ و به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌ب ئه‌م راستییانه‌ بزانن و رۆڵی ئه‌فسه‌رانی كورد و سیاسه‌توان و روناكبیرانی كورد به‌ گشتی له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و سوپا و له‌ مێژووی عێراقدا بزانن و له‌و راستییه‌ تێیبگه‌ن كه‌ هه‌میشه‌ كورد رۆڵه‌ی به‌ توانا و پڕ زانست و سه‌ركه‌وتووی به‌رهه‌م هێناوه‌ و زۆر له‌ دامه‌زراوه‌كانی عێراق به‌ سوپاشه‌وه‌ گه‌ر پشتی به‌ تواناكانی كورد نه‌به‌ستایه‌ دانه‌ده‌مه‌زران وه‌ك چۆن دوای روخانی رژێمی به‌عس و له‌ دامه‌زراندنی سوپای نوێی عێراقیشدا گه‌ر ئه‌فسه‌ران و ده‌ره‌جه‌دارانی له‌شكری پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌بوایه‌ سوپای نوێ دانه‌ده‌مه‌زرا. نوسه‌ر داواكاری له‌ وه‌رگێڕانی كورد ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كتێبه‌ بكه‌ن به‌ كوردی تا خوێنه‌رانی كوردیش باشتر سوودی لێ وه‌رگرن به‌ تایبه‌تی نه‌وه‌ی نوێ.

نوسه‌ر بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه‌ وساغكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان پشتی به‌ تۆژینه‌وه‌ی مه‌یدانیی به‌ستووه‌ و هه‌موو شار و ناوچه‌كانی كوردستان به‌ دوای زیانیاریدا گه‌ڕاوه‌ و سه‌ردانی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كردووه‌ و به‌ ماندوویه‌كی زۆر ئه‌م كتێبه‌ی به‌ ئه‌نجام گه‌یاندووه‌.

نوسه‌ر پێشتریش هه‌وڵێكی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتووی له‌ بواری به‌ ئه‌رشیف كردنی راستییه‌ مێژوویه‌كاندا هه‌بووه‌ و سێ كتێبی دیكه‌ی له‌سه‌ر مێژووی پۆلیسی عێراق و به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر پۆلیسی هه‌ولێر به‌ ناونیشانی ( دامه‌زراندن و په‌ره‌سه‌ندن و پیاوه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی مێژووی پۆلیسی هه‌ولێر) هه‌ر به‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ چاپ گه‌یاندووه‌

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران

 

 

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.