دامەزراوەی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی بەریتانیا پلانێکی دامەزراوەکەی ڕاگەیاند کە یارمەتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەدات گرنگی بە تەندروستی خۆیان بدەن بەجۆرێک 5 ساڵ زیاتر بژین .
دروشمی سەرەکی پلانەکەی بەریتانیا بریتیە لەوەی "خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن" و هانی هاوڵاتیان دەدەن خۆیان بپارێزن لە کێشانی جگەرە و خواردنەوەی کحول و خواردنی چەوری و شەکر.
مات هانکۆک، سکرتێری دامەزراوەکە بە CNN ی وتووە ، خاڵی گرنگی پلانەکەمان خۆپاراستنە، بەو ئامانجەی خەڵک بتوانن گرنگی بە پاراستنی تەندروستی خۆیان بدەن و خۆیان لە خواردن و خواردەمەنیە زیانبەخشەکان بپارێزن .
بەپێی ئامارەکان لەئێستادا حکومەتی بەریتانیا ١٢٦ ملیار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی خەرج دەکات و لەو بڕەش تەنها ٨ ملیار بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان دابین کراوە.
هانکوک ئاماژەی بەوەکردووە ، ئامانجی پلانەکەی ئێمە ئەوەیە بڕی بودجەی خۆپاراستن زیادبکرێت و بەشێوەیەکی خۆکاریش بودجەی چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان کەمدەبێتەوە". ڕاشیگەیاندووە، پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا خۆی دەبینێتەوە لە هاوکاریکردنی دەرونی ژنانی دوگیان، کەمکردنەوەی ڕێژەی قەڵەوی لەناو منداڵان، گۆڕینی پێکهاتەی شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون، کەمکردنەوەی ڕێژەی تەنیایی و دوورەپەرێزی، کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرە لەنێو گەنجان .
پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ساڵی ٢٠٢٥ میکانیزمەکانی خۆپاراستنی هاوڵاتیان لە نەخۆشیەکان جێبەجێدەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.