Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 17:47

نووسه‌ر (نامۆ سامان) دوو به‌رهه‌می بڵاوکلاده‌وه‌

له‌ژێر ناوه‌كانی (خۆشه‌ویست و پانۆرامای پیاوه‌كان)
کوردستان TV
100%

نامۆ سامان، كه‌ شاعیرێكی تاراوگه‌نشینه‌و له‌وڵاتی سوید ده‌ژی، دوو به‌رهه‌می له‌ژێر ناوه‌كانی “خۆشه‌ویست”‌و “پانۆرامای پیاوه‌كان” بڵاوكرده‌وه‌، یه‌كه‌میان په‌خشانه‌ شیعرو دووه‌میان شانۆگه‌رییه‌ك‌و چه‌ند بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی جیاوازه‌.

نامۆ سامان، له‌م دو به‌رهه‌مه‌دا به‌نه‌فه‌سێكی توڕه‌وه‌ ده‌دوێت، ئه‌و ته‌واو ته‌واو بێزارو دڵشكاوه‌ له‌و هه‌مو ته‌نهایی‌و ئازار‌و خه‌مه‌ نه‌بڕاوانه‌ی ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی پیا تێپه‌ڕی، توڕه‌یه‌ له‌و هه‌مو نایه‌كسانی‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه‌ پاش ئه‌نفال‌و كوشتار‌و تۆقاندن‌و جه‌نگ‌و ماڵوێرانیه‌كی درێژخایه‌ن به‌ده‌ستی داگیركه‌ران ئێستا به‌ده‌ستی حزبه‌ تاڵانچیه‌كان كوردستانی تیا نغرۆ بوه‌، توڕه‌یه‌ له‌و هه‌مو پیاوه‌ درۆزنه‌ ده‌مامكدارو بازرگانه‌ بێعاره‌ سیاسیانه‌ی ئاماده‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا خاك‌و وڵات به‌نرخێكی زۆر هه‌رزان‌و خۆڕایی به‌داگیركه‌رانی كوردستان بفرۆشن.

له‌م دو كتێبه‌دا هه‌ست ده‌كه‌یت نامۆ سامان چه‌ند غه‌ریبی‌و دوره‌ وڵاتیی نامۆیی پێبه‌خشیوه‌، نیشتمانیش هێنده‌ روحی نامۆی داتاشیوه‌و كردوه‌ به‌سوتماك. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ی زیاتر له‌بیست ساڵیشه‌ له‌غوربه‌تدا ته‌مه‌نی به‌ڕێده‌كات، هێشتا هۆش‌و خه‌یاڵی هه‌ر لای نیشتمانه‌‌و پێیوایه‌ له‌و ساتانه‌وه‌ی كه‌ خرایه‌ كه‌مپه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ ساردو ته‌زیوه‌ی باكوری ئه‌وروپادا، ئیتر ته‌نهایی ده‌ستی گرت‌و بۆ هه‌تاهه‌تایی به‌ره‌و نامۆیی برد، هه‌ستده‌كات له‌وكاته‌وه‌ به‌دوای خۆیدا ده‌گه‌ڕێ‌‌و خۆی بۆ نادۆزرێته‌وه‌.

نامۆ سامان له‌م دو به‌رهه‌مه‌دا به‌جۆرێك باسی نیشتمان‌و بێ‌ وڵاتی ده‌كات، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕوی كات‌و شوێنه‌وه‌ له‌كوردستان دورتركه‌وێته‌وه‌، هێشتا هه‌ر دڵ‌و خه‌یاڵی لای نیشتمانه‌و پێیوایه‌ نیشتمان وه‌ك ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ وایه‌و مرۆڤ ناتوانێت هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری بێت، بۆیه‌ ده‌ڵێت “له‌هه‌ر كوێ‌ بم نیشتمان وه‌ك جانتا وا به‌كۆڵمه‌وه‌”.

نامۆ سامان له‌زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا هێشتا هه‌ر بیری لای كۆڵانه‌ خۆڵاوییه‌كانی گه‌ڕه‌كی كانێسكانی سه‌رده‌می منداڵی‌و كچه‌ به‌نازو عه‌یاره‌كانی ده‌وروبه‌ری مزگه‌وتی قامیشان‌و مناڵه‌ بێنازه‌كانی شاره‌. ئه‌و ده‌ڵێت:

هاوڕێ‌

پیر بوین‌و

كۆڵانه‌كانی مناڵی نامانناسێته‌وه‌

هاوڕێ‌ ئاوێنه‌ی ته‌مه‌نمان چ زوو هاڕه‌ی كرد؟

له‌م دو به‌رهه‌مه‌ی نامۆ ساماندا ته‌نها تروسكاییه‌ك به‌دی بكرێت بریتییه‌ له‌میهره‌بانی‌و خۆشه‌ویستی “هه‌وار”، ئه‌وه‌ی له‌م تاراوگه‌نشینی‌و تاریكستانه‌ی ژیاندا كه‌مێك سوكنایی به‌دڵی پڕ له‌خۆزگه‌ی نه‌دیوی ئه‌و ده‌به‌خشێت، ته‌نهاو ته‌نها هاوسه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی كه‌ “هه‌وار”ه‌.

سه‌رچاوه‌/ ئاوێنه‌

كوردستان تیڤی/ كامران

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.