Erbil 38°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 23:18

بزانه‌ زیانەکانی نێرگەلەکێشان زیاترە یاخوود جگەرە کێشان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ؟

له‌راگه‌یاندراوی ته‌ندروستى
کوردستان TV
100%


بەشێوەیەكی گشتی نێرگەلەكێشان زیانی زۆر زیاتری هەیە بەبەراورد بە جگەرەكێشان، بەجۆرێك هەندێك لە توێژینەوەكان ئاماژە بەو ڕاستییە دەكەن كە نێرگەلە ئەگەر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر بكێشرێت ئەوا كەسەكە ۱۰۰ بۆ۲۰۰ هێندەی جگەرەكێشان لە دوكەڵ وەردەگریت لەگەڵ ۷۰ ئەوەندەی جگەرەیەك لە نیكۆتین كە ماددەیەكی (هۆشبەر - ئالودەكەر)ە دەچێتە لەشیەوە، لێرەشەوە ئەوە دەسەلمێت كە نێرگەلە زیانەكەی زۆر زیاترە لە جگەرە، ئەمەیش پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی هاوڵاتیانە كەهەڵە تێگەیشتنێك لەبیرو بۆچونیاندا هەیە.


زیانەكانی نێرگەلەكێشان چین؟

1. زیانەكان بە هۆی توتنەوە: 
توتن هەزارەها ماددەی ژەهراوی تێدایە لەكاتی سوتاندنیدا بەجۆرێك بەهۆكارێكی سەرەكی ئەژمار دەكرێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە وەك شێرپەنجەی (پوك، لێو، سورێنچك، سییەكان، میزەڵدان)، نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن (سنگەكوژێ و جەڵتە) و كۆئەندامی هەناسە و نەخۆشییەكانی پوك و ددان.

هەروەها هۆكارێكە بۆ ئالودەبوون لەبەربوونی ماددەی نیكۆتین، بوونی دوكەڵەكەشی لەكاتی سكپڕیدا دەبێتە هۆكاری منداڵی نەبەكام و كەم كێش ئەمە جگە لە زیانەكانی بۆ سەر دایكی دووگیان.

توتنـی نێرگەلـە لـەبەرئـەوەی تـەرە مەترسیدارترە بە گەشەكردنی كەڕوویەك كە توانای دەردانی ژەهری كوشندەی هەیە كەدەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر، لەگەڵ بوونی تام و ڕەنگی جۆربەجۆر كە زۆربەیان دەستكردن و گرفتی جۆربەجۆر بۆمرۆڤ دروست دەكەن لەوانە شێرپەنجەكان.

2. زیانەكان بەهۆی ماوەی كێشانی نێرگەلەكەوە: 
وەك دەزانین ماوەی نێرگەلە كێشان زۆرە و هەندێك جار دەگاتە زیاتر لە كاتژمێرێك و ئەمەیش ماوەی بەركەوتن بە ژەهرەكان زیاتر دەكات.
لە (٤۰) خولەكی نێرگەلە كێشاندا بڕی ٥۰-۲۰۰ مژ لێدەدرێت و هەر مژێكیش بریتییە لەنیو لیتر لە دوكەڵ بۆ ناو سییەكان، هەر لەبەر ئەوەیشە بری قەتران كەماددەیەكی ژەهرە لەیەك نێرگەلەدا ۳٦ هێندە بڕەكەیەتی كە لەیەك جگەرەدا هەیە.

3. زیانەكانی بەهۆی  بەكارهێنانی خەڵوزەوە:
ئەم ماددەیە لەنێرگەلەدا بەكاردەهێنرێت و لەكاتی گەشاندنەوەیدا بەتایبەتی لەكاتی كەمی ئۆكسجیندا گازی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن دەردەدات كە ژەهرە و كوشندەیە و بێ بۆن و بێ ڕەنگە و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئۆكسجین لە شانەكانی لەشدا، لێرەیشەوە ئەو كەسانە خوێنیان زۆرتر و خەستر دەبێت و چانسی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی بۆری خوێن و دڵ و جاڵتەی دەماغ زیاتر دەكات.

4. زیانەكانی بەهۆی بەكارهێنانی ئاوی ناو شوشەی نێرگەلەكەوە: 
ئاو وەك سەرچاوەیەك بۆ ساردكردنەوەی دوكەڵ لە نێرگەلەدا بەكاردەهێنرێت، لەبەر تێپەڕبوونی بڕێكی زۆر لە دوكەڵ بەناویدا ژەهراوی دەكات و كاریگەری خراپ لەسەر باری تەندروستی كەسەكە بەجێدەهێڵێت، ئەم مەترسیە زیاتر دەبێت ئەگەر لەجیاتی ئاو ماددە كحولییەكان بخرێتە ناو شوشەكەوە.

5. زیانەكانی بەهۆی  نەخۆشییە گواستراوەكانەوە: 
زۆر جار چەند كەسێك لەكاتی كێشانی نێرگەلەدا هاوبەش دەبن و یەك ئامێر بەكاردەهێنن بەبێ گۆڕینی دەمەوانەی سۆندەكە، ئەمەیش دەبێتە هۆی گواستنەوەی هەندێك لە نەخۆشییە گواستراوەكانی وەك تامێسك و دەردە باریكە (سیل) و هەڵامەت و ...هتد، ئەگەرهاتوو یەكێك لەوانە ئەو نەخۆشییانەی هەبێت.

سه‌رچاوه‌ -  تەندروستی سلێمانی

شوان عه‌زیز

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.