هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك) گۆرانیبێژی ناوداری كورد، ھونه‌رمه‌ند و مۆسیقازانی سروشتی (له‌دایك‌بووی ١٩٢١ - كۆچی دوایی ١٩٧٢) له شاری بۆكان ھاتۆته دنیاوه، زیره‌ك یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین ھونه‌رمه‌ندانی كورد. به‌رچاوترین كاری ئه‌و كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجینیه‌یه‌ك له ھونه‌ری ئاواز و گۆرانی كوردییه كه به ده‌نگی ئه‌و وتراوه‌ته‌وه. زیره‌ك به ھۆی گۆرانییه‌كانی له ناو كورده‌كانی ئێران و عێراق ناسراوه. له ساڵی ١٩٧٢ له شاری بۆكان له پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوای ئێران كۆچی دوایی كردووه و به خاك سپێردراوه.
سه‌ره‌تای ژیانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك
حه‌سه‌ن زیره‌كی له مه‌ڵبه‌ندی موكریان له دایك بووه. له‌رۆژی ٢٩ی تشرینی دووه‌می ساڵی ١٩٢١ی زایینی (ساڵی ١٣٠٠ی ھه‌تاوی). شوێنی له دایكبوونی زۆر ڕوون نییه، به گوێره‌ی قسه‌ی خه‌ڵكی شاری بۆكان زیره‌ك له گه‌ریكی قه‌ڵای سرداری ئه‌م شاره له دایك بووه و زۆر كه‌سیش له‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌یناناسن، گوندی "ھه‌رمێله" كه له نێوان شاری سه‌قز و بۆكان ھه‌ڵكه‌وتووه به شوێنی له دایكبوونی ده‌زانن.
باوكی ناوی عه‌بدوڵڵایه و دایكی ئامینی ناو بووه. باوكی له لای خانانی ئاغای گوندی ھه‌رمێله كاری كردووه، له به‌ر لێھاتوویی به زیره‌ك ناوی ده‌ركردووه. ناوبراو جگه له حه‌سه‌ن دوو كوڕی دیكه‌ی به ناوه‌كانی حوسێن و مینه ھه‌بووه. له ته‌مه‌نی ژێر ده ساڵیدا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له ده‌نگ‌خۆشانی بۆكان له شاییه‌كانی ناو شار و گونده‌كانی بۆكان گۆرانی وتووه‌توه. له حه‌وت و ھه‌شت ساڵیدا به‌رده‌ستی مسگه‌ری و قاوه‌چییه‌تی ده‌كاو ھه‌روه‌ھا خزمه‌تی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی بۆكانی كردووه. زیره‌ك منداڵ ده‌بێ كه باوكی ده‌مرێ (ته‌مه‌نی ١١ ساڵان ده‌بێ كه باوكی كۆچی دوایی ده‌كات). به دوای مردنی باوكی‌دا بنه‌ماڵه‌كه‌یان له دێ بار ده‌كا و ده‌چنه شاری سه‌قز. پاشان دایكی زیره‌ك شوو ده‌كاته‌وه و ئه‌مه ده‌بێته ھۆی دژواری زیاتر له ژیانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ زیره‌ك و خوشك و براكانی. له ته‌مه‌نی ١٢ ساڵی دا ده‌گه‌ڕێته‌وه ھه‌رمێله و له لای خانان ئاغای ئه‌و دێیه به كاركه‌ر داده‌مه‌زرێته‌وه و بۆ درێژه‌ی ژیانی ده‌ست ده‌كا به قاوه‌چییه‌تی و چاوساخی و به‌رده‌ستی ئاغاوات.
ساڵانی ھه‌رمێله و سه‌قز:
ھه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی ئه‌و دێیه بۆ لای خۆی راده‌كێشێ و ھه‌موو ھه‌وڵی ئه‌ویان ده‌بێ زیره‌ك له ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی بێ به‌شیان نه‌كا. كه خانان ده‌بینێ زیره‌ك ده‌نگی ئاوا خۆشه، ئه‌مجار زیاتر بایه‌خ به ئه‌و ده‌دا و ڕێگا ده‌دا زیره‌ك بێته دیوه‌خان و به گۆرانییه‌كانی كۆڕی میوانانی خان بڕازێنێته‌وه. له‌و لاشه‌وه زیره‌ك مێرمنداڵ و ده‌نگ خۆش بۆ شه‌و داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌كی كوڕان و كچانی دێ، خۆ ده‌كوتێ و به‌زمی شه‌وانه‌یان خۆش ده‌كا.
دوای ساڵێك ھه‌رمێله و لای ئاغه‌وات به جێ دێڵێ و ڕوو ده‌كاته شار، به شاگرد كه‌بابچی و ورده كاری دیكه ژیان ده‌باته سه‌رێ. ساڵی ١٣٢٠ دێته‌وه ھه‌رمێله و وه‌ك تفه‌نگچی له ماڵی ئاغه‌وات داده‌مه‌رزێ، پاشان به‌ینی له گه‌ڵ ئاغا و تێكده‌چێ و واز له تفه‌نگچیه‌تی و ئازار و ئه‌زیه‌تی خه‌ڵك له پێناو ئاغادا دێنێ، ده‌چێته سه‌قز و ده‌بێته شاگرد شۆفێری "مینه خانی ئه‌رده‌ڵان" و له نێوان سه‌قز و بانه‌دا ده‌ست به كار ده‌كا.
ئاواره‌یی و به‌غدا:
ڕۆژێك له ڕۆژان كوڕه جه‌حێڵه‌یه‌كی گوندی قوڕه‌ده‌رێ به ناوی مه‌حموود نارنج، ده‌كه‌وێته به‌ر ماشێنه‌كه‌ی و ده‌كوژرێ. له‌ترسان سه‌ری خۆی ھه‌ڵده‌گرێ و ئاواره ده‌بێت تا له كوردستانی عێراق ده‌گرسێته‌وه. دواتر زیره‌ك ده‌گاته شاری به‌غدا و له‌وێ به ھۆی چه‌ند كه‌سێك له میوانخانه‌ی "شومال ئه‌لكه‌بیر" داده‌مه‌زرێ. له‌وێش ده‌ست ده‌كات به گورانی وتن و له ماوه‌یه‌كی كه‌م دا به‌م هۆیه‌وه ناو داده‌خات. چه‌ند كه‌س له ناودارانی مۆسیقای كوردی وه‌ك عه‌لی مه‌ردان له ساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیره‌ك له‌وێ ده‌بینن و ئه ده‌به‌نه به‌شی كوردی "رادیۆ به‌غدا" بۆ یه‌كه‌م جار ده‌نگی له رادیۆی كوردی به‌غداد ده‌بیسترێ و به‌م جۆره مه‌یدانێكی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی زیره‌ك په‌یدا ده‌بێ.
حه‌سه‌ن زیره‌ك له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌یان گۆرانی تۆمار ده‌كا، ئه‌م گۆرانییانه ناو و ئاوازه‌ی زیره‌ك به كوردستاندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. زیره‌كی گۆرانیبێژ له ماوه‌ی نزیك به ده‌ساڵ مانه‌وه له عێراقدا ده‌بێته دۆست و ئاشنای زۆر ھونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی كورد، له ئه‌زموون و ڕێنوێنییه‌كانیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ و سرنجیان بۆ لای مایه به‌ھره ھونه‌رییه كه‌م وێنه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌كێشێ.
گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران:
له ١٤ی گه‌لاوێژی ١٩٥٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ئێران، له‌وێ چووه بۆ ڕادیۆی تاران، كرماشان و ته‌ورێز و له‌وێوه گۆرانی خوێندوه. ھه‌ر له‌و ساڵه‌دا له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ میدیا زه‌ندی ئاشنا ده‌بێت و پێكه‌وه ژیانی ھاوبه‌ش پێك دێنن كه ئاكامی ئه‌و ژیانه دوو منداڵ به ناوه‌كانی "مه‌هتاب" و "ئاره‌زوو" ده‌بێ. ساڵی ١٣٤٧ی ھه‌تاوی حه‌سه‌ن زیره‌ك ماڵه‌كه‌ی ده‌باته شاری بانه و له‌وێ له "كانی مه‌لا ئه‌حمه‌د" چایخانه‌یه‌ك داده‌مه‌زرێنێ، دیاره شان به شانی ئه‌و كاره‌ش له گۆرانی كوتن و كاری ھونه‌ری ناوه‌ستێ و له به‌زم و شادی خه‌ڵكدا به‌شداری ده‌كا و به بۆنه‌ی جۆراوجۆره‌وه گۆرانی تۆمار ده‌كا. پاشان ده‌چێته شاری مه‌ھاباد و له دواكاته‌كانی ژیانیشیدا ده‌چێته شاری شنۆ. له شاری شنۆ به كار و كاسبی ژیان تێپه‌ڕ ده‌كا. له ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ له شاری سلێمانی له تیپی "شانۆی ھونه‌ره‌جوانه‌كان" له‌گه‌ڵ "سێوه‌خان" و "ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا" له شانۆكای «بووكی ژێر ده‌واری ڕه‌ش» و «خه‌سوو یان ئه‌ژدیھا» و «ته‌ڕپیر» به‌شداری كردووه. له نێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ له شاری سه‌قز ھۆتێلی سێ ئه‌ستێره‌ی ھه‌بووه كه بۆخۆی له‌وێ گۆرانی گوتووه.
گۆرانییه‌كان:
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك، پشت به‌ستنی ئه‌و به گۆرانی فۆلكلۆرییه. ئه‌و چاوی به زۆر ناوچه و مه‌ڵبه‌ندی كوردستان كه‌وتووه، لێیان ماوه‌ته‌وه، له خه‌ڵكه‌كه‌ی میوان بووه و ھه‌ڵسان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیان بووه و له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ژیانیان و جلوبه‌رگ و ھه‌ڵس و كه‌تیان ئاشنا بووه. ئه‌و گۆرانییانه‌ی له خه‌ڵكه‌وه بیستوویه، فیر بووه. هه‌رچه‌ند زیره‌ك زۆر گۆرانیشی هه‌یه كه ھه‌م ھه‌ڵبه‌سته‌كه‌ی و ھه‌م ئاھه‌نگه‌كه‌ی ھی خۆیه‌تی. زیره‌ك له شێعری كوردیش كه‌ڵك وه‌رگرتووه. له ئه‌و شاعرانه: نالی، وه‌فایی، سه‌ید كامیل ئیمامی، كوردی، ھه‌ردی، پیره‌مێرد و هێمن. زیره‌ك بۆ وێنه شیعری "شه‌و"ی سه‌ید كامیل ئیمامی كردووه به گۆرانی.
حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی فارسی و ئازه‌ریی ھه‌یه، له‌و جۆره گۆرانییانه‌دا زیره‌ك ھه‌ڵبه‌ستی كوردی تێكه‌ڵاو كردوون. "گویلدر" یه‌كێكه له‌و گۆرانییانه كه به زمانی ئازه‌ری گوتوویه‌تی .
به‌شێك له‌گۆرانییه‌كانی:
دیسان شه‌و هات
وه‌ك قومری
لۆركێ
كه‌تانه
هه‌ی نار
كابوكێ
له‌یلا
كرماشان شاری شیرین
ئه‌مان دۆكتۆر
بۆ چ منت ناوێت
هۆ له‌یلی
ماڵی بابم نه‌سرین
كه‌ویار
ئه‌سمه‌ر
حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌گه‌ڵ زۆر گۆرانیبێژی كورد گۆرانی گوتووه، بۆ نموونه "محه‌ممه‌د ماملێ" ، "مه‌لا حسێنی عه‌بدوڵڵازاده"، "عوسمان بۆكانی" و "ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ". گۆرانی "ماڵی بابم بێ وه‌فا" یه‌كێك له‌و گۆرانییانه‌یه كه حه‌سه‌ن زیره‌ك، محه‌ممه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێنی عه‌بدولازاده، ساڵی ١٣٣٨ی ھه‌تاوی پێكه‌وه به یارمه‌تی تیپی موسیقای كرماشان تۆماریان كردووه. "به‌رھه‌ڵبێنه" و "ھه‌واره، گوڵم ھه‌واره" دوو گۆرانی دیكه‌ن كه زیره‌ك و محه‌ممه‌دی ماملێ پێكه‌ویان كوتوون.
ژیانی ھونه‌ری
له ماوه‌ی ژیانی ھونه‌ری، زیره‌ك ده‌ربه‌ده‌ری زۆری چێشت. ماوه‌یه‌ك له شاره‌كانی ئێران و ماوه‌یه‌ك له عێراق. له ڕۆژانی ده‌سپێكی ژیانی له باشووری كوردستان له شاری سلێمانی كاری ده‌كرد. ڕۆژێك به‌ده‌م كاره‌وه له ژێر لێودا گۆرانی ده‌خوێنێت، ئه‌و گۆرانیه و ده‌نگی زیره‌ك ھه‌ستی ڕێبوارێك ده‌بزوێنێ و ئه‌و ڕێبواره ده‌بێته ھۆی گۆڕانكاری له ژیانی زیره‌ك‌دا و ڕێگه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه بڕواته ڕادیۆی به‌غداد. بۆ ماوه‌یه‌ك له ڕادیۆ به‌غداد كار ده‌كات و كاتێ له ساڵی ١٩٥٦ به‌شی كوردی ڕادیۆ تاران ده‌ست به‌كار ده‌كات حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆ تاران بار ده‌كات و له‌وێ درێژه به كار ده‌دات. زۆربه‌ی به‌رھه‌ماكانی حه‌سه‌ن زیره‌ك له ڕادیۆ تاران له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی مووسیقای ئێرانی وه‌ك: حسه‌ین یاحه‌قی، حه‌سه‌ن كه‌سایی، جه‌لیل شه‌ھناز، جه‌ھانگیر مه‌له‌ك و ئه‌حمه‌د عیبادی بووه.
حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌گه‌رچی له‌به‌ر بارودۆخی ئه‌سته‌می ژیان له خوێندن بێ‌به‌ش ماوبوو، به‌ڵام توانای بێ‌وێنه‌ی له ھۆنینی شێعری كوردی و دانانی مۆسیقای كوردی ھه‌بوو. ئه‌و توانایه له‌گه‌ڵ ده‌نگی بێ‌وێنه‌ی بووه ھۆی ئه‌وه‌ی كه گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك له سه‌رانسه‌ری كوردستان ببێته خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. ئێستاكه‌ش له شار و گونده‌كانی كوردستان و له ماڵی كورده‌كان گوێ له گۆرانییه‌كانی ده‌گیرێت. حه‌سه‌ن كاتێ له تاران بوو، له‌گه‌ڵ وێژه‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆ تاران، خاتوون "میدیا زه‌ندی" یه‌كیان ناسی و دوای ماوه‌یه‌ك ژیانی ھاوسه‌ریان پێك‌ھێنا. به‌رھه‌می ئه‌و ژیانه دوو كچ به ناوه‌كانی «ئاره‌زوو» و «مه‌ھتاب» بوو، كه زیره‌ك چه‌ن گۆرانییه‌كی به كچه‌كانی‌دا وتووته‌وه.
حسه‌ن زیره‌ك نه له ئێران و نه له عێراق ڕووی خۆشیی نه‌دی. ھه‌ڵسووكه‌وتی حكوومه‌تی ئێران كێشه‌ی زۆری بۆ درووست‌كرد. بۆ نموونه دوای ماوه‌یه‌ك ئیتر ڕێگه‌یان نه‌دا به ڕادیۆ تاران. ئه‌وه دڵی ناسكی زیره‌كی ڕه‌نجاند و بڕیاری‌دا چی‌تر نه‌گه‌ڕێته‌وه تاران. باری كرد بۆ عێراق به‌ڵام له به‌غداد ده‌ست‌به‌سه‌ر كرا و له به‌ندیخانه ئه‌شكه‌نجه درا. خۆی ده‌گێڕێته‌وه كه له بن‌میچ ھه‌ڵواسراوه و لێی‌دراوه. بۆیه دوای ڕزگاری ڕه‌وانه‌ی ئێران ده‌بێته‌وه به‌ڵام بۆ چاره‌ڕه‌شی، له ئێرانیش ساواك ده‌یگرێ و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری ده‌كه‌ن، زیره‌ك له شوێنێك چۆنییه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌كان ده‌گێڕێته‌وه و ئه‌و گێڕانه‌وه وه‌ك یادگاری ماوه‌ته‌وه لێی. حه‌سه‌ن زیره‌ك له نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ له ڕادیۆ كرماشان كاری كردووه. له‌و ماوه‌دا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كانی مۆسیقای ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ك موجته‌با میرزاده، محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مدی، ئه‌كبه‌ر ئیزه‌دی و به‌ھمه‌ن پووله‌كی كاری كردووه و ئه‌و ھاوكارییه بووه ھۆی خولقاندنی به‌رھه‌می وا كه وه‌ك شاكاره‌كانی مۆسیقای ئه‌و سه‌رده‌مه یادگار ماون.
كۆچی دوایی:
ساڵی ١٣٥١ی ھه‌تاوی نه‌خۆشییه‌ك كه له مێژ بوو حه‌سه‌ن زیره‌كی ئازار ده‌دا، لێی تووند كرد، چه‌ند جار له نه‌خۆشخانه‌كانی ورمێ و بۆكان خه‌واندیان، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه‌ی كه شێرپه‌نجه بوو، ده‌ست به‌رداری نه‌بوو، لێره‌شدا حه‌سه‌ن زیره‌ك واز له گۆرانی گوتن نه‌ھێنا:
له پڕدا پیریم لێ وه‌ده‌ركه‌وت به‌ختیش وه‌كوو خۆم ھات و لێی خه‌وت
فتیله‌ی عومرم ھاتووه‌ته گزی ھه‌ر بینا ئه‌ویش له سووتان كه‌وت
ئه‌سپی ته‌بیعه‌ت ھه‌روا خۆش ڕۆیه به‌بێ ئاوزه‌نگی له ڕه‌وت نه‌كه‌وت
سه‌رئه‌نجام ڕۆژی ٥ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٩٧١ی زایینی نه‌خۆشی ھێرشی بۆ دێنێ و شێرپه‌نجه‌ی جه‌رگ له عه‌ردی ده‌دا و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له جێگادا كه‌وتن له ١٩٧٢ی زایینی دا له نه‌خۆشخانه‌ی شاری بۆكان ماڵئاوایی له زێد و نێشتمانه‌كه‌ی ده‌كا و چرای ته‌مه‌نی له سووتان ده‌كه‌وێت و په‌پووله‌ی گیانی قه‌فه‌سه‌ی سینگی پڕ له ماته‌می به‌جێ ھێشت. له سه‌ر ویستی خۆی له داوێنی كێوی ناڵه‌شكێنه، كه ده‌ڕوانێته بۆكان ئه‌سپارده‌ی دایكی نیشتمان ده‌كرێت.
مه‌رگی حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك بۆمبێك له نێو كوردستاندا ته‌قییه‌وه‌و شه‌پۆله‌كانی خه‌م و ماته‌می له ده‌ستچوونی له سنووره‌كانی كوردستان تێپه‌ڕی. له سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له داوێنی كێوی "ناڵه‌شكێنه"ی بۆكان به خاك سپێردرا. گۆڕه‌كه‌ی بوو به زیاره‌تگای لایه‌نگران و ئه‌ویندارانی.
ئه‌م شیعرانه‌ش بوونته ڕازێنه‌ره‌وه‌ی كێله‌كه‌ی:
بڕوانه كتێبه‌كه‌ی، زیاره‌تیكه كێله‌كه‌ی كوردی زیندوو كرده‌وه زیره‌ك به ھونه‌ره‌كه‌ی
زیره‌ك زۆرت كرد خزمه‌تی ھونه‌ر ژینت له پێناو ھونه‌ر برده سه‌ر
رۆژگارت ساتێ به بێ خه‌م نه‌بوو به‌ڵام له ھونه‌ر ھیچت كه‌م نه‌بوو
ژیان و به‌رھه‌مه‌كانی له كتێبدا:
چریكه‌ی كوردستان
ژیان و ھونه‌ری
گه‌وھه‌رێ
سه‌رچاوه/ جام كوردی
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.