بازاڕی قه‌یسه‌ری شاری كه‌ركوك كه هه‌فته‌ی ڕابردوو سووتا، مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌و به وته‌ی مێژوونووسێك، جووله‌كه‌كان پێش (133) ساڵ ئه‌و بازاڕه‌یان دروستكردووه.
كه‌ركوك وێڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی به سامانی نه‌وت، به یه‌كێك له كۆنترین شاره‌كانی ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت، بازاڕی قه‌یسه‌ریش له شوێنه‌واره دێرینه‌كانی شاره‌كه‌یه، به پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی یونیسكۆ كه له ساڵی (2016) بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌و بازاڕه یه‌كێكه له چوارده شوێنه‌واره هه‌ره دێرینه‌كانی جیهان.
به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك له ساڵی (1885) دروستكراوه، نه‌خشه‌سازی بازاڕه‌كه به‌پێی هه‌فته‌و مانگ و وه‌رزو ساڵ و كاتژمێره‌كانی ڕۆژ دروستكراوه، پێكهاته‌كه‌شی بریتییه له قایه‌و به‌ردی به‌هێزو گه‌چ.
(عه‌بدولستار جه‌باری) شاره‌زای بواری مێژووی كه‌ركوك، له باره‌ی ئه‌و بازاڕه‌وه بۆ ڕۆژنیوز باسی له‌وه كردووه، بازاڕه‌كه له‌لایه‌ن جووله‌كه‌كانی شاری كه‌ركوك به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا دروستكراوه، وتیشی: له ڕابردوودا پێنج هه‌زار جوله‌كه له شاری كه‌ركوك هه‌بوون، هه‌موویان كاری بازرگانییان ده‌كرد له‌گه‌ڵ به‌شێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئه‌م شاره، بازاڕه‌كه ئه‌و كات نووسینگه‌ی كڕین و فرۆشتنی بازرگانی بووه، كه‌لوپه‌ل له قه‌یسه‌ری نه‌فرۆشراوه، به‌ڵكو جوله‌كه‌كان له كۆگاكان و خانه‌كان كه‌لوپه‌لیان فرۆشتووه.
ئه‌و مێژوونووسه باس له‌وه‌ش ده‌كات دوای دروستكردنی قه‌یسه‌ری، جوله‌كه‌كان به چوارده‌وری بازاڕه‌كه‌دا به‌شێوه‌ی بازنه‌یی خانویان دروستكردووه، هه‌روه‌ها كۆڵانێكیان هێشتۆته‌وه كه پێی ده‌ڵێن تاق، تا ئێستاش ئه‌و تاقانه ماون، كه وه‌ك بازگه‌یه‌كی پشكنین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی خراپ نه‌توانێت دزه بكاته ئه‌و ناوچه‌یه، به‌كارهاتووه.
له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه ده‌كات كه بازاڕی قه‌یسه‌ری له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه دروستكرابێت، عه‌بدولستار جه‌باری، جه‌ختده‌كاته‌وه بازاڕه‌كه له‌لایه‌ن جوله‌كه‌كانه‌وه دروستكراوه، ده‌شڵێت: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك عوسمانییه‌كان دروستیان نه‌كردووه، به‌ڵام توركمان هه‌بووه له شاره‌كه‌دا، عوسمانیه‌كان هه‌ر كات شوێنێكیان داگیردووه، ناوێكی توركیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا سه‌پاندووه، ئه‌مه گوزارشت له عوسمانی بوون ناكات، ئه‌م ڕاستییه به‌به‌ڵگه‌وه سه‌لـمێندراوه، چونكه كۆنترین گۆڕستانی شاری كه‌ركوك، كه ناوی (شێخ محێدین)ه، ته‌نانه‌ت گۆڕی یه‌ك تورك یاخود عوسمانی تێدا نییه.
بازاڕه‌كه، كه (365) دووكان له خۆده‌گرێت، له چاڵیدا دروست كراوه، به‌شێوه‌یه‌ك پێنج مه‌تر له ئاستی زه‌وی چاڵتره، له ڕابردوودا بۆ كاری زه‌ڕه‌نگه‌ری به‌كارهاتووه.
ئه‌و بازاڕه مێژووییه، له دره‌نگانێكی شه‌وی (28) ی مانگی ڕابردوودا، گڕی گرت و به‌و هۆیه‌وه زیاد له (300) دووكان سوتا، تا ئێستا ڕوون نییه هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه چی بووه، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا باس له‌وه‌كرا به هۆی شۆرتی كاره‌باوه بووبێت، به‌ڵام دواتر ئه‌وه ڕه‌تكرایه‌وه، بۆ به دواداچوونی ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ش، لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراقه‌وه پێكهێندراوه.
سه‌رچاوه/ رۆژ نیوز
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.