Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 17:31

نووسه‌رانی هه‌ولێر هاوخه‌من بۆ کۆچی دوایی بیرمه‌ندی کورد (د.جه‌مال نه‌به‌ز)

له‌ ته‌مه‌نی 85 ساڵیدا له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد
کوردستان TV
100%

له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌هدی خۆشناو له‌ ماڵی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد ـ لقی هه‌ولێر پرسه‌ بۆ زانا و بیرمه‌ندی كورد دوكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز ساز كرد.

د. جه‌مال نه‌به‌ز یه‌كێكه‌ له‌و ڕووناكبیرانه‌ی هه‌موو ژیانی خۆی بۆ نووسین و خزمه‌تكردنی دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی ته‌رخان كردبوو ؛ له‌ دوای خۆی كۆمه‌ڵێك كتێبی گرنگی له‌ بواری زمان و مێژوو و وه‌رگێڕان و هزری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی به‌جێهێشت ؛ دڵسۆزی و پاكی و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ ئێستا و داهاتوو له‌ یاده‌وه‌ری نه‌وه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌ بیر ناكرێ.

كۆچی دوایی ئه‌م زانایه‌ زیانێكی گه‌وره‌ بوو بۆ زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی .. سڵاو له‌ ڕێبوارانی ڕێبازه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ پاكه‌كه‌ی.

پڕۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز، نووسه‌ر و بیرمه‌ندی كورد رۆژی 8/12/2018 له‌ ته‌مه‌نی 85 ساڵیدا له‌ ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد.

- پرۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز له‌ ساڵی 1933 له‌ شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای خوێندنیدا جگه‌ له‌ خوێندنی ئیسلامی، فه‌لسه‌فه‌ و ده‌روونزانی و فیزیا و ماتماتكی خوێندووه‌.

- له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له‌ زانكۆی به‌غدا، فیزیا و ماتماتیكی خوێندووه‌. پاشان له‌ شاره‌كانی كه‌ركووك، هه‌ولێر، به‌غدا و به‌سره‌ وانه‌ی گوتووه‌ته‌وه‌.

- دوای 28 ساڵ ژیان چووه‌ته‌ ئه‌ورووپا بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و پاشان له‌ زانكۆكانی مینوخ و ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی خوێندووه‌.

- له‌ ساڵی 1967-1970 له‌ زانكۆی هامبۆرگ خوێندوویه‌تی و هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی، یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندكارانی كوردیان دامه‌زراندووه‌.

- له‌ ساڵی 1970-1979 له‌ زانكۆی به‌رلینی ئازاد زانسته‌ سیاسییه‌كان و رۆژنامه‌نووسی و یاسای خوێندووه‌. هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كاژیك.

- خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می نووسین و وه‌رگێرانه‌ و له‌ بواری زمانی كوردیدا خزمه‌تێكی زۆری كردووه‌ و له‌م بواره‌دا خاوه‌ن ڕوانگه‌ و بۆچوونی تایبه‌ت به‌ خۆی بووه‌.

- یه‌كێكه‌  بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كاژیك.

- له‌ ساڵی 1962 كه‌ كوردستانی جێ هێشتووه‌ به‌ هیچ جۆرێك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

هه‌ندێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی بریتین له‌:

- چیرۆكی گه‌رداوه‌كه‌ (به‌ ئینگلیزی: "The Tempest") هی نووسه‌ری ئینگلیز ویلیام  شێكسپیر، وه‌رگێڕدراوی جه‌مال نه‌به‌ز ساڵی ١٩٥٥

- لالۆ كه‌ریم؛ ڕۆمانێكی كوردییه‌ له‌ساڵی ١٩٨٦ له‌ هه‌ولێر

- خوێنده‌واری به‌ زمانی كوردی له‌ساڵی ١٩٨٧

- نووسینی كوردی به‌ لاتینی

- وه‌رگێران ھونه‌ره‌، چاپخانه‌ی ژین

- پالتۆ (به‌ ئینگلیزی: "The Coat") له‌ساڵی ١٩٥٨ هی نووسه‌ری به‌ناوبانگ نیكۆڵای گۆگۆل

- سه‌ره‌تای میكانیك و خۆماله‌كانی مادده‌

- زمانی یه‌كگرتووی كوردی، ساڵی ١٩٧٩

- ھه‌ندێك له‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی قوتابخانه‌ی كوردی سۆسیالزم له‌ساڵی ٢٠٠١

- ڕۆژانی ئاواره‌ییم، له‌ سویسرا

پرۆفیسۆر دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز، له‌ته‌مه‌نی 84 ساڵیدا دوایین به‌رهه‌می  كتێبێكی 640 لاپه‌ڕه‌ییه‌، به‌ ‌ناونیشانی (بیره‌وه‌ریینامه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی جاره‌كی دیی ناگه‌ڕێنه‌وه‌) له‌ ‌سلێمانی بڵاوكرایه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ په‌یجی ئازاد عبدلواحید

كوردستان تیڤی/ كامران

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.