ڕۆژی دووشەممە 17ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە برێت مەكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە داگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و باڵیۆز ویلیەم ڕێبوك ڕاوێژكاری تایبەتی نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش و ستیڤ ڤاگین كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سوریا و دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و هەروەها ستراتیژیی وڵاتەكەیان لەبارەی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا، بۆچوون و ئامۆژگاریی خۆی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كورد لە سووریا شی كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
دەرئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە نۆڤەمبەری ڕابردوو و هەروەها سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوون.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.